هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازی لە مەساکی وەتەنەبی کرد

هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازی لە مەساکی وەتەنەبی کرد

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ٤-٤-٢٠١٦ هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی لە شاری هەولێر پێشوازیکرد لە (مەساکی وەتەنەبی)  لێپرسراوی نوسینگەی هەرێمایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر بەوەکالەت

 

لە دیدارێکی نێوان هەردوولادا باس لە رەوشی سیاسی و ئابوری و دواین گۆڕانکارییەکانی عیراق و ناوچەکە کرا بەتایبەتیش دەرەنجامی دوا سەردانی بان کی مۆن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بەتایبەتی .

 

هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە تەئکیدی کردەوە کە پێویستە ئەو گۆڕانکارییانەی حکومەتی ناوەند کە بڕیارە ئەنجامی بدادت بەڕاوێژ و هەماهەنگی هێز و لایەنە سیاسییەکانی عیراق و کوردستان بێت چونکە بێ بەشداری و ڕای پارتە سیاسییەکان محاڵە حکومەتێکی یەکگرتوو و سەرکەوتوو پێکبهێنرێت ، بەپێچەوانەوە یەکپارچەیی و تەبایی و یەکڕیزی عیراق دەکەوێتە ژێر پرسیار و مەترسییەوە، هاوکات یەکڕیزی و تەبایی و هاوهەڵوێستی لایەنە کوردستانییەکانیشی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان و پتەوکردنی دیموکراسی بە پێویست زانی بۆ پاراستنی ئەو دەستکەوتانەی کە بەدەستهاتوون .

لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە باسی لە دوایین بەرەوپێشچوونەکانی شەڕی دژ بە داعش کرد بەتایبەتی لەپرۆسەی ئازادکردنی نەینەوا . ووتیشی وا پێویست دەکات سەرەتا چەند ناوچەیەکی دەورووبەری نەینەوا ئازادبکرێت بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە ، هەر لەو دیدارەدا قەیرانی دارایی و ئابوری هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا .

مەساکی وەتەنەبی لێپرسراوی نوسینگەی هەرێمایەتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر بەوەکالەت رایگەیاند  نەتەوەیەکگرتووەکان خوازیاری پاراستنی دیموکراسی و کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانە بەشێوەیەک ببێتە چەتری کۆبوونەوەی هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان لەچوارچێوەی رێزگرتن لە دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئیرادەی خەلک هاوکات تەئکیدی کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەولەتی پالپشتی هەموو هەنگاوێکی ئاشتیانە و دیموکراسیانە دەکات هەروەک لەدواین سەردانی بان کی مۆن سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هەرێمی کوردستان تەئکیدی لەسەرکرایەوە و بە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان راگەیاندرا ئەگەر دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوەژیانی سیاسییانەی لایەنەکان پارێزراوبێت ئەوکات دەتوانین هەولەکانمان بۆ چارەسەری قەیرانی ئابوری و دارایی هەرێم لە رێگەی بانکی دراوی  نێودەوڵەتی و بانکی گەشەپێدانی ئابوری ئیسلامی وەک بەشێک لە کەمکردنەوەی کێشەکان بەکار بێنین هەروەک نوێنەری هەردوو بانکەکە یاوەری سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بوون لە سەردانەکەیان بۆ عیراق و هەرێمی کوردستان .

 

فۆتۆ : دەرباز ستار ئەمین

پـــەیـــوەنــدیــدار