پەنجەی لەگەڵ نەرم مەکەن

پەنجەی لەگەڵ نەرم مەکەن

سالار مەحمود

دونیای ئەمڕۆمان دونیایەکی تەواو جیاوازە لەو نەخشەیەی بۆی کێشرابوو، یان ئەو بانگەشانەی بۆی دەکران.

کوردستان کەوتۆتە سەر رۆخی دۆخێکی تەواو مەترسیدار، لە بەرتەسکبوونەوەی فەزاکانی ئازادی و چالاکی مەدەنی و حوکمی یاسا. ئەمە ئەو زەنگە ترسناکەیە دوای ماوەیەکی زۆر لە سەرنجدان لە ئەگەرەکانی بەکردار کردنی دروشمە رەونەقدارەکان و، دەرکەوت ھەموو ئەوانە تەنیا یاریکردن بوون بە دەستەواژەو تەنیا شەڕی دروشمبازی زیاتر ھیچی دی نەبوون.

ئێستای دۆخی کوردستان لە کەڵەکەبوونی ئەو ھەموو قەیرانانەو نەبوونی ئیرادەی رێگاچارەو بێباکی بەناو سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان و چەقینی ئەم مۆدێلە حزبییە لەکوردستانداو زاڵبوونی کارتی نامۆراڵی لە ناو کێشمەکێش و ھاوکێشەکانی ململانێدا. بەرەو واقیعێک کۆمەڵگا کەمەنکێش دەکرێت، کە رازیبکرێت بەم دۆخەی لەژێر ناوی بۆئەوەی خراپتر روونەدات!.

پەنابردن بۆ رازیکردن و قبووڵکردنی دۆخێکی تەواو نەخوازراوی وەک ئەمڕۆمان ھەوڵە بۆ چاندنی گیانی کۆیلایەتی لە رۆحی مرۆڤی کورددا.

سیستەمە ستەمکارەکانی ناوچەکەو دەسەڵاتە داگیرکەرەکانی کوردستان ھەموو شێوازەکانی بەکۆیلەکردن و ملکەچکردنی مرۆڤی کوردیان دا، ئەوان داگیرکەرو دوژمن بوون. ھەر دەبوو تۆوی کۆیلایەتی بچێنن تا گەیشتن بە قڕکردنیش، کە بێدرێغ بوون لەم رووەشەوە.

خەڵکی کوردستان راپەڕینی کرد بۆ بەدیھێنانی شت گەلێک کە لە پێشتردا نەبوو ئەوانیش ئازادی و، سەروەری و حوکمی یاساو، دادپەروەریی. ھەروەک کانتی بیرمەند لە بارەی پێگەیشتنەکانی شۆڕشی فەرەنسیەوە دەیڵێت( شۆڕشی فەرەنسی شتێکی شاراوەی لەناخی مرۆڤدا دۆزیەوە کە پێشتر لە ئارادا نەبوو، ئەو شتەش توانستی مرۆڤایەتی بوو بۆ باشتربوون و بەرەو پێشچوون و بەرجەستەکردنی ئازادی و دیموکراسیی و دەوڵەتی یاسا لەسەر ئەم زەمینە).

قوتاربوون لەھەلومەرجی کۆیلایەتی یان پرۆسەی ملکەچکرد، قوربانی و ئازایەتی دەوێت. گەل لەستەمکارترین  رژێمی ھاوچەرخ بەقوربانیدانی گیانی و مادی، خۆی قوتارکرد. راپەڕینیش حەقیقەتێکی گرنگی بەدوای خۆیدا ھێنا، ئەویش ئامادەیی کۆمەڵی کوردستان بوو بۆ ھەڵبژاردن و، حوکمی یاساو، ھاوکاریکردنی بزوتنەوەی سیاسی لە بەدامەزراوەکردنی دامودەزگاکان و ھەبوونی دەستوور. بەڵام بەفلاشباکێکی خیرا دەگەینە ئەو تابلۆیەی چۆن ئەو ھەموو رۆحیەتە گەرمە ساردکرایەو، چۆن ھەموو تواناکان بە ئاقاری تردا مەیسەرکران. واتە دروشم لەجێیەک و کردار لە جێیەکی تر.

مەبەستی بەندە لەم کورتە نوسینە ئەو پەیامەیە بۆ ھەموو ئەوانەی دەیانەوێت خەڵکی بە رستەی بریقەدارو سواو رازیبکەن بەم ھەموو ھەوڵی کۆیلەکردن و برسیکردن و داخرانە سیاسیانەی کە ھەن. یان گرەوکردن لەسەر راھاتنی ھاونیشتمانیان بەم دۆخە خاڵیە لەبەرپرسیارێتی سیاسیی و نەتەوەیی و نیشتمانی، کە کتومت  چەپڵەلێدانە بۆ دیکتاتۆریەت.

بەمانایەکی تر ئەم پرۆسە سیاسیەی لەکوردستاندا گوزەر دەکات، زەمینە بۆ ھاتنە دونیای ستەمکاریی دەخوڵقێنێت و، دەیەوێت جۆرێک لە کۆیلایەتی پەیڕەو بکات. بۆ ئەمەش ماکینەی جۆراوجۆر بەکار دەھێنرێت، بەڵام لەبەرەتادا تای کۆیلایەتی ئەوانەی گرتۆتەوە کە بە پیاھەڵدان و بەباڵاخوێندن خەریکە فەزایەکی بەرفراوان دروست دەکەن. ئەمانە بەر لەوەی سەرکوتبکرێن خۆیان بەم بوقلێدانانە پرۆسەی خۆ سەرکوتکردن پەیڕەو دەکەن. ھەروەک چۆن فۆکۆ دەڵێت (ھاوسۆزی لەگەڵ شۆڕش ھیچی کەمتر نییە لەبەشداریکردنی راستەوخۆ تێیدا). بەدیوێکی تریشدا بۆ دۆخی ئێستای کوردستانیش پاساو ھێنانەوە بۆ ئەم ھەموو یاسا شکێنییەو پشتگیریکردنی کوێرانە لەسەبەبکارانی ئەم دۆخە ھەوڵدانە بۆ راھێنانی خەڵک بە پەنجە نەرم کردن بەم واقیعە کە ئەگەر پێشی پێنەگیرێت و رەوشەکە لەوە زیاتر بەردەوام بێت ناخی خەفەبووی خەڵک دەتەقێتەوە.

بێباکی لەبەرامبەر ئەو ھەموو داخوازییەی گەل، نەبوونی پرۆژەیەکی راستەقینەی ریفۆرم و، لەبەرامبەردا ھەبوونی ھەوڵی چەپاندن و رازیکردن و دەستو پەنجە نەرمکردن لەگەڵ ئەم دۆخە ئەمیان زەنگە ھەرە مەترسیدارەکەیە لەمێژووی بیستو پێنج ساڵی رابردوودا..

پـــەیـــوەنــدیــدار