ئەندام پەرلەمانێك چەند ڕێگاچارەیەك بۆ ڕزگار بوون لە قەیرانی سیاسی هەرێم ئاشکرا دەکات

ئەندام پەرلەمانێك چەند ڕێگاچارەیەك بۆ ڕزگار بوون لە قەیرانی سیاسی هەرێم ئاشکرا دەکات

گۆران ئازاد ئەندام پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی سەوز لە نوسینێکدا باس لە چۆنیەتی چارەسەر کردنی قەیرانی سیاسی هەرێم دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش ٥ رێگاچارە داخاتە ڕوو

گەقی نوسینەکەی گۆران ئازاد

 

قەیرانە سیاسی وياسايەکان و ڕێـگـا چــارەســەرەکــان
بە بۆچوونی من بۆ چارەسەری قەیرانە سیاسیەکان (5) پێنج بژاردەمان لە بەردەمدایە:
1- بەردەوامیی حکومەت و پەرلەمان بەشێوەی رێککەوتنی نێوان حیزبەکان لە (21/9/2013):
باشترین ڕێگا بریتییە لە بەردەوامیی حکومەتی بنکە فراوانی ئێستا بە بەشداری سەرجەم لایەنەکان و دەست بەکار بوونەوەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و گەڕانەوەی وەزیرەکان و رێککەوتن بۆ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکایەتی هەرێم. ئەم رێگایە پێویستی بە لابردنی کۆسپی سیاسی و یاسایی پەرلەمان هەیە لەگەڵ لابردنی کۆسپی یاسایی بەردەم سەرۆکایەتی هەرێم و سازان لەسەری.
2- دوو ئیدارەیی:
دروست بوونی دوو ئیدارەیی بە کشانەوەی یەکێتی لە دەسەڵات دروست دەبێت کە لاوازترین رێگا پەنا بردنەوەیە بۆ دوو ئیدارەیی ، چونکە جۆرێکە لە تەسلیم بوون بە ئەمری واقیع و گواستنەوەی ململانێی سیاسییەکان لە پایتەختی هەرێمەوە بۆ ئیدارەی پێشووی سلێمانی لەنێوان هێزە سیاسییەکان.
ئەم رێگایەش نەک چارەسەری خەمی خەڵک ناکات ، بەڵکو گرفتەکانیان قوڵتر دەبێتەوە. جگە لەوە لەڕووی نەتەوەییشەوە شکستە بۆ هەموومان پاشەکشەیە لە دەستکەوتەکان.
3- پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە:
پێکهێنانی حکومەتێکی زۆرینە ، ئەم رێگایە لەڕووی یاسایی و سیاسی گرفتی هەیە، لەڕووی یاساییەوە ناتوانرێ پەرلەمان و حکومەتێکی نوێ پێک بێت تا دەستبەکار بوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و رەزامەندی خۆیان بۆ دەست لەکار کێشانەوە، جگە لەوەی پێویستی بە رێژەی لانی کەمی (56) پەرلەمانتار هەیە بۆ بەستنی دانیشتنی پەرلەمان. لەڕووی سیاسیشەوە لەبەرئەوەی هەرێم رووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران بۆتەوە ، بۆیە پێویستمان بە یەکڕیزی هێزەکان هەیە ، ئەمەش بە بەشداری هەموو لایەنەکان لە حکومەت دێتەدی. جگە لەوە بزووتنەوەی گۆڕان سوورە لەسەر مانەوەی لە حکومەت و پەرلەمان و نەکشانەوەی بەشداری بوونى، ئیتر بە زۆر بەشداری پێ نەکردنى عەیبەیەکە بۆ پرۆسەی دیموکراسی لە هەرێم.
4- هەڵبژاردنی پێشوەخت: بۆ داڕشتنەوەی سەر لەنوێى هاوپەیمانیەتیەکان و رێککەوتن بۆ حکومەت و پەرلەمانێکی تازە و سەرۆکی هەرێم.
هەڵبژاردنی پێش وەختە کە دەبێتە هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیەکی تازە و حکومەتێکی نوێ لەگەڵ چارەسەرکردنی پرسی سەرۆکی هەرێم لە ڕێگای هەڵبژاردنەوە ، وە رێگایەکە بۆ کردنەوەى دەرگاى بەستنی هاوپەیمانى نوێ لەنێوان هێز و لایەنەکان ، ئەمەش پێویستی بە دەست لەکارکێشانەوەی (56) پەرلەمانتار هەیە. بەڵام گرفتی ئەم رێگایە بەردەوامی شەڕی داعش و رزگار نەکردنی شاری موسڵە کە ئەمریکا و هاوپەیمانان لەگەڵ بەردەوامی ئەم حکومەتەن تا دوای شەڕی رزگارکردنی موسڵ و پشتیوانی هەڵبژاردنی پێشوەخت ناکەن.
5- بەردەوامیی دۆخی ئێستاى هەرێم وەک ئێستا:
بە ڕای من بە خوێندنەوەی نیەتی لایەنە سیاسیەکان ، ئەمە نزیکترین رێگاچارەسەرە بۆ حیزبەکان ، چونکە بەرژەوەندییان لەوەدایە کە دۆخی دامەزراوەکانی هەرێم لەڕووی سیاسی و یاساییەوە بەم شێوەیە بەردەوام بێت (ئەگەر بە خواستی خۆشیان نەبێت) ، چونکە لەکاتێکدا کەناتوانن باشتری بکەن وە نایانەوێ خراپتریش بێ. بە نموونە:
پـــارتـــــــی: یان دەبێت رەزامەند بێت بە دەست بەکار بوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان ، یان دەبێت هاوپەیمانێک بدۆزێتەوە بۆ گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان (کە یاسا هاوکار نییە) ، بۆیە دەبینین لەنێوان گۆڕین و مانەوەی سەرۆکی پەرلەمان وا باشترە دۆخەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت ، لەلایەکی تر پێگەی پارتی لە حکومەتی ئێستا زۆر بەهێز بووە بەهۆی رەت کردنەوەى وەرگرتنی پۆستەکانی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن یەکێتیەوە ، ئێستا پارتی (4) چوار وەزارەت و دەستە و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی گۆڕان بەڕێوە دەبات ، کە شوێنی گرنگ و هەستیارن بەتایبەت وەزارەتی دارایی و پێشمەرگە ، ئەمەش هەڵەیەکی تری (گۆڕان و یەکێتی) بوو لە رابردوودا.
یـەکـێــــــتـی: یان دەبێت رەزامەند بێت بە گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان و حکومەتی دوو قۆڵی ، یان کشانەوەی لە حکومەت.
رەزامەند بوونی بۆ حکومەتی دوو قۆڵی لەڕووی یاسایی ڕێگری هەیە ، لەڕووی سیاسیشەوە لەکاتێکدایە کەمتر لە ساڵ و نیوێک ماوە بۆ هەڵبژاردن ، ئەمەش زیانی گەورەی دەبێت بۆ ئایندەی یەکێتی ، لەلایەکی تر چونکە هیچ هێزێک نەکشاوەتەوە لە حکومەت و پەرلەمان ، و هەموویان داوای بەردەوامیی ئەم حکومەت و پەرلەمانە دەکەن ، بۆیە کشانەوەى یەکێتیش سەنگەر چۆڵ کردنە ، لەلایەکی تر گەڕانەوەیە بۆ دوو ئیدارەیی. بۆیە یەکێتی لەنێوان دوو ئیدارەیی و حکومەتی دوو قۆڵی بەردەوامی ئەم دۆخە باشترە بۆی.
گـــــــــۆڕان: دەست بەکار بوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان یان کشانەوە و ئۆپۆزسیۆن بوون یان گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمان.
دەست بەکار بوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان و وەزیرەکان: بزووتنەوەی گۆڕان حکومەت و دەسەڵاتێک بەوپەڕی شکست خواردوو باس دەکات. هەروەها دەسەڵات لە دۆخێکدایە ئەرکی زۆر قورس و رەزا قورسە بەهۆی نەتوانینی دابین کردنی مووچە و خزمەتگوزاری و دیار نەبوونی ئایندەیەکی روون بۆ چارەسەر ، جگە لەوە لەگەڵ دەست بەکار بوونەوەی سەرۆکی پەرلەمان ، پەرلەمان کارا نابێتەوە و گرفتی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دەمێنێ ، دیارە لە رابردووش نەتوانرا یاسای سەرۆکایەتى هەرێم بە زۆرینە دەسکاری بکرێ ، کەواتە دەگەڕێـینەوە بۆ خاڵی یەکەم ، ئەویش سازان لەسەر پرسی سەرۆکایەتی هەرێم.
بۆیە بەڕای من لەم دۆخە کاتێک گۆڕان فەرمووی گەڕانەوەی لێ کرا ناگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان و حکومەت یان دوای ماوەیەک دەکشێتەوە ، ئەم رێگایە بۆ گۆڕان ئەو گرێ سیاسییەی تووشی بووە نایهێڵێت کە ئێستا دوای رێگری کردنیان لە حکومەت باس لەوە دەکەن حکومەت شکستخواردوو بوو ، ئەوسا دەڵێن چونکە حکومەت شکستخواردوو بوو بۆیە کشاینەوە.
لەلایەکی تر کشانەوەی بزووتنەوەى گۆڕان لە دەسەڵات بە ویستی خۆی و بوونی بە ئۆپۆزسیۆن ، واتە جێبەجآ کردنی داوای پارتی ، بۆیە دەبینین ئەمە بەتوندی رەت دەکەنەوە. وە گۆڕینی سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ ئەوان لەڕووی سیاسیەوە پاشەکشەی سیاسی دەبێت.
بۆیە باشترین دۆخ بۆ گۆڕان مانەوەی دۆخەکەیە بەم شێوەیە.

دەرئەنجام
مانەوەی دۆخەکە بەم شێوەیەی ئێستا زیانی حیزبەکان کەم دەکاتەوە زیانەکان زۆرتر نابێت، بەڵام زیانی کۆمەڵگا و نەتەوە و خەڵک بەگشتی زیاد دەکات و باری قورسی قەیرانەکان لەسەر شانیان قورس دەبێت. جگە لەوە پرسی ریفراندۆم دوا دەکەوێت و ناتوانرێ راپرسی بکەین بەهۆی نەبوونی یەکڕیزی هێزە سیاسیەکان و نەبوونی یاسای راپرسی کە پێویستە لە پەرلەمان پەسەند بکرێ ، وە ناتوانرێ چاکسازى ریشەیى بەبـی دەرچوونى یاسا لە پەرلەمان و چاودێری ئەنجام بدرێت.
بۆیە ئەگەر ناتوانین متمانەی سیاسی دروست بکەینەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و حکومەت کە باشترین رێگا و یاساییترین رێگایە ، باشترە داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە بکەین. راستە دەڵێن کۆمسیۆن کارا نییە ، پارە نییە ، خەڵک توڕەیە…..هتد ، بەڵام ئەم کێشانە کە رووبەڕووی هەڵبژاردن دەبێتەوە بۆ هەڵبژاردنی (2017) هەر وایە ئیتر بۆ لەئێستاوە هەنگاو بەو ئاراستەیە نەنێین و رۆژێک زووتر ئەم متمانە سیاسیە دروست بکەین و پەرلەمان و حکومەت و سەرۆکی هەرێم هەڵبژێرین.

پـــەیـــوەنــدیــدار