بەرەو بە لوبنانیكردنی عێراق و ڕۆڵی كورد لەو نێوەندەدا !!!

بەرەو بە لوبنانیكردنی عێراق و ڕۆڵی كورد لەو نێوەندەدا !!!

=====================

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com
• ئاشكرایە كێشەی وڵاتی لوبنان كێشەیەكی ئاڵۆز و تێكچڕژاو ودرێژخایەنە و لەمێژەینەیە و هەر لەسەرەتای دامەزراندنی ئەو وڵاتەوە 1920و سەربەخۆبوونی لە ژێر ئینتیدابی فەڕەنسادا لە ساڵی 1943وە دەستیپێكردوە ،بەڵام لەساڵی 1975 وە ململانێكان سەریاندەركرد بۆ شەڕی ناوخۆیی و تایەفی و ئاینی(( 15 ساڵەی )) و ئیدی تا ساڵەكانی 1989 بەردەوام بوو تا ئەو كاتەی ڕێكەوتننامەی تائیف لە نێوان سەرجەم لایەنە ناكۆكاندا لەژێر چاودێری سعودیەكاندا واژۆكراو هەموانیش پابەندبون پێوەی و بەم شێوەیە كۆتایی بە شەڕێكی خوێناوی ناوخۆیی تایەفی و ئاینی لەو وڵاتەدا هات .
لوبنان بۆ خۆی وڵاتێكی بچوكی 10452 كیلۆمەتر چوارگۆشەی 5ر4 ملیۆن كەسیە، بەڵام لەڕووی ئەدەب و هونەر و فەرهەنگ و وەرگێڕان و چاپەمەنیی و ئازادی ڕۆژنامەوانیەوە یەكەم وڵاتی عەرەبی و ناوچەكە بوە و مێژوویەكی زێڕینی هەیە. لوبنان لە چەندین ئاین و مەزهەب(( 18 مەزهەب)) ی جیاواز پێك دێت هەر لە ئیسلام (( سونە و شیعە))و مەسیحی(( دورزی وئەرسۆدۆكس و كاسۆلیك و ئەرمەن و ئاشور و كلدان و سریان و..هتد )) و چەندین سەركردە و ڕەوت و پارتی سیاسی لەهەموو ئاین و مەزهەبەكانی تیادایە.
خاڵی هەرە لاوازی سیستەمی حوكمڕانی لوبنان هەر لەسەرەتاوە تاكو ئێستا بریتی بوە لە دابەشكردنی دەسەڵات و پۆست و پایە سیادی و گرنگەكان لەسەر بنەمای تایەفی و دینی لەنێوان موسڵمان و مەسیحیەكانداو لەناو ئەوانیشدا دابەشكراوەتە سەر مەزهەبە جیاوازەكان، كە هەمیشە ئەم خاڵە جێگەی ناكۆكی و ململانێكان بوە و وەكو پشكۆیەكی گەشاوەی ژێر خۆڵەمێش وابوە كە چاوەڕوانی كاتی دیاریكراوی كردوە بۆ تەقینەوە و هەڵایسانی جەنگی ناوخۆ و هەر ئەم هۆكارەش بوە كە لوبنان بە هەمیشەیی بۆتە جێگەی ململانێ‌ ناوچەیی و تەنانەت نێودەوڵەتیەكانیش، لەلایەك فەلەستینیەكان و سوریاییەكان و عێراقی و ئێرانی و كەنداویەكان و لەولاشەوە ئیسڕائیل و فەڕەنسا و ئەمریكاو وڵاتانی تریش.
هەڵكەوتەی جوگرافیای لوبنان بەشێوەیەكە كەوتۆتە چەقی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەر دەریای سپی و دراوسێی سوریا و ئیسڕائیل كە دوژمنایەتی مێژوویان هەیە و لوبنانیش بەو توانا مادی و مرۆییە كەمەی كە هەیەتی هەمیشە بۆتە جێگەی چاوتێبڕینی سوریا لەلایەك و ئیسڕائیلیش لەولاكەی ترەوە و لەساڵانی هەشتاكانیشەوە ئێرانیشی هاتۆتە سەر.
ئەوەی گرنگە كە باس بكرێت سوریای گەورە لەمێژوودا هەمیشە لوبنانی بەبەشێك لەخۆی زانیوە و ئێرانیش لەم دوایانەدا بەهۆی بون و گەورەبونی ڕۆڵ و كاریگەری شیعەكانی ئەو وڵاتە لوبنانی كردۆتە پێگەیەكی گەورە و سەنگەری یەكەمی ململانێكانی لەگەڵ ئیسڕائیل وئەمریكاو ڕۆژئاوادا و گەرەكێتی خەونە مێژوییەكەی شیعە بێنێتە دی بەوەی كە ناوچەی (( هیلالی بەپیت)) یەكپێبگرێتەوەو شیعەشی تیادا زاڵ بكات لەڕێگەی حیزبوڵای لوبنانیەوە كە لەساڵی 1982وە دامەزراوە كە لە ئێستادا بە ڕابەرایەتی حسن نەصروڵا بۆتە باسكی بەهێزی مقاوەمەتی لوبنانیەكان لەبەرامبەر ئیسڕائیل و بۆ ناوخۆش لەبەرامبەر سونەو مەسیحیەكانیشدا و لەسەر زەمینی واقیعیش باڵادەستی سەربازی و چەكداری و سیاسیشە لەگەڵ حیزبی ئەمەلی نەبیه بەڕیدا .لە كێشە و ڕاپەڕینەكانی گەلانی سوریاشدا ماوەی 5 ساڵە بە گەرمی بەرگری لە ڕژێمی بەشار ئەسەد دەكات .بەم شێوەیە لوبنان بە پراكتیكی وڵاتێكی یەكو یەكگرتو نەماوە و هەمیشە ئامادەیە بۆهەڵایسانی شەڕی ناوخۆی نێوان لایەنە ناكۆكەكان و ململانێ‌ تایەفی و دینیەكان هێندە تۆخ بونەتەوە كە ئومێدیان بەچارەسەر نەهێشتۆتەوە و نزیكەی ساڵێكیشە ئەو وڵاتە بێ‌ سەرۆكە.
• لە ئێستاشدا و دوای 13 ساڵ لە ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسی صدامی لە عێراقیشدا ئاڕاستەكان بە شێوەیەكن كە عێراقیش هەمان كار و كردەوەی لوبنانی بەسەر بێت و بەپراكتیكیش لە ساڵی 2003وە هەموو پۆست و پایە سیادی و گرنگەكانی عێراق لەسەر بنەمای تایەفی و دینی و نەتەوەی دابەشبونە و ئەوەی لایەنی زاڵ و باڵادەستیشە بریتیە لە مەزهەبی شیعەی عەرەب و لەناویشیاندا حیزبی دەعوە كە بەگشتی شیعەكان سەر بە ئێرانن و لەخولگەی كۆماری ئیسلامی ئێراندا دەسوڕێنەوە و هەمان سیاسەت و ستراتیژی شیعە مەزهەبیان هەیە كە ناوچەی هیلالی بە پیت لە لوبنان و سوریا و عێراق و ئێران و كەنداویەكان لەیەك بدەنەوە لە ژێر باڵادەستی شیعە مەزهەبدا.
لەماوەی 13 ساڵی ڕابووردودا عێراقێكی خاوەن مێژووی زیاد لە 3 هەزار سالەَ و جوگرافیایەكی گرنگ و دەوڵەمەند و بەپیتی ژێر خاك و سەرخاكەكەی و فراوانی و گەورەیی ڕوبەر 437000 كیلۆمەتر چوراگۆشە و ژمارەی دانیشتوانی 35 ملیۆن كەس بونەتە جێگەی یەكلاكردنەوەی ململانێ‌ ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان لە نێوان عەرەب و تورك و فارس و كوردا و لەولاشەوە لە نێوان عەرەبی سونەو شیعە مەزهەبدا و لەلای سێهەمیشەوە لەنێوان ئیسلامی سەلەفی و توندڕەو و میانڕەوەكاندا و لەلای چوارەمیشەوە لەنێوان تورك و فارسدا و لەلای پێنجەمیشەوە لەنێوان زلهێزەكانی دونیاشدا، بەهۆی ئەم هەموو پیلان و چاوتێبڕین و تەماعكاریانە لە عێراق و خاك و گەلانیدا عێراقێكی بە پراكتیك دابەشكراو و هەژار و چەقبەستوو دروست بوە و هیچ ئومێدێك نیە بە چارەسەرو دواڕۆژێكی ڕوون.
كێشە گەورەكەی گەلانی عێراق لە سەركردە و حیزبە سیاسیەكانیدایە و هەموانیان لەهەوڵی بچوككردنەوەی بەرانبەر و زاڵكردنی خۆیاندان و و هیچ بڕوایەكی ڕاستەقینەیان بە دەستور و دیموكراسی و ئازادی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و بنەماكانی پێكەوە ژیان و كاركردن و سیستەمی حوكمڕانی پەڕلەمانی و فیدڕاڵی نیە، بەو پێەی كە شیعەش زۆرینە و باڵادەستن هەموو كێشە و كەموكوڕیەكان ڕوودەكاتەوە ئەوان ، بەهۆی ناكۆكی و هەمە چیزەیی لەناو خۆیاندا ، بۆیە شیعە خۆیان بونەتە هۆكاری سەرەكی بۆ دابەشبوون و لێكترازانی گەلانی عێراق و زەمینە خۆشكەری دابەشبون و هێنانە ئارای شەڕی ناوخۆی تایەفی و دینی و نەتەوەیی و هێنانی هەموو ڕێكخراوە ئیسلامیە سەلەفیە توندڕەو و جیهادیەكان بۆ ناو عێراق هەر لە قاعیدە و داعش و ئەوانی ترەوە.
بۆیە لە ئێستادا و دوای 13 ساڵی حوكمی سەرنەكەوتوی شیعەكان و بەتایبەتیش دەعوەییەكان، پێدەچێت ئێرانیەكان لەهەوڵی گۆڕٍینی كاراكتەر و هێز و هاوكێشەكان بن وگەرەكیان بێت نمونەی حیزبوڵای لوبنانی لە عێراقیشدا دوبارە بكەنەوە و هەمان ڕۆڵی حەسن نەصروڵاش بدەنە ڕەوتی صەدر و موقتەدا صەدر لەبەرامبەر حیزب و سەركردەكانی دەعوەدا و لەهەمان كاتیشدا مەرجەعیەتی نەخۆش و بەتەمەنی ئایەتوڵا عەلی سیسانی لە نەجەفیش تەسلیم بە نەوەیەكی نوێ‌ و گەنج و گوێڕایەڵتر بۆ قوم و مەشهەد بهێننە سەر گۆڕەپانی سیاسی و دینی و مەزهەبی لە عێراقدا.
ڕەوتی صەدر و صەدر بۆخۆشی ڕەوتێكی توندڕەو و دەمار گیر و گوێڕایەڵترن بۆ مەزهەبی شیعە و ئێران و بێ‌ ئەزمون وشەڕفرۆش و بوێرتریشن بە بەراوورد بە جەماوەری دەعوە و مەجلیسی ئەعلا و ئەوانی تر و بەپراكتیشكش خاوەنی هێزێكی چەكداری (( میلیشیای صەدر)) شەقامی زۆرینەی شیعەشن لەباشور و ناوەڕاستی عێراقدا و لە ناو حكومەت و پەڕلەمانیش خاوەن وەزیر و فراكسیۆنێكی گەورە و كاریگەرن وماوەی 3 مانگی ڕابووردوو چەند هەفتەی ڕابووردوش و ئامادەبونی ملیۆنان كەس بەڕابەرایەتی صەدر بۆ خۆپیشاندان و داواكردنی چاكسازی و لێپرسینەوەی گەندەڵكاران بەڕاستی بونەتە جێگەی متمانە و بڕوای زۆرینەی شەقامی شیعە مەزهەبی عێراق و لەهەمان كاتیشدا بونەتە مایەی مەترسی و هەڕەشە و خاوەن هەژموون وفشاریش و بە هەقیقەتیش صەدر و صەدریەكان بونەتە ڕابەر و دەستپێشخەر و وەك دەڵێن (( ڕەشمەی ئیشوكارەكانیان گرتۆتە دەست خۆیان)).
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە ئایا دۆخی سیاسی عێراق بەرەو كوێ‌ هەنگاو دەنێت و لە كۆتاییدا بە چ ئاڕاستەیەكدا دەشكێتەوە و لەنگەر دەگرێت؟ و ئەی دۆخی هەرێمی كوردستان و كورد لەو عێراقەی ئایندەدا بەكوێ‌ دەگات؟
ئەوەی پێشبینی دەكرێت دۆخی سیاسی عێراق گۆڕانی گەورەی بەسەردا بێت بەهۆی فشار و كاریگەری ئەم ڕەوتە توندەی صەدریەكان بۆ سەر حكومەت و لەكۆتاییدا وەكو شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی ساڵی 1979 پیاوانی ئاینی شیعە مەزهەب كۆنتڕۆڵی هەموو كاروبارەكان و جومگەكانی دەسەڵات بكەن و هەمان ئەزمونی سەركەوتوی ئێرانی 37 ساڵە لە عێراقدا دووپات بكەنەوە لە ڕێگەی بەهێزكردنی حەشدی شەعبی شیعە مەزهەبەوە.
ئا لەو كاتەشدا كورد پێگە و سەنگینی خۆی لەدەست دەدات كەبەداخەوە لەدوای چەند ساڵێك لە بەهێزی پێگەی كورد لە بەغداد و عێراقدا ئێستا كورد نەشەریكی ڕاستەقینە و نەهاوبەشی گوێلێگیراو و نەدۆستی ڕاوێژپێكراو ماوەتەوە و تەنانەت لەو گۆڕٍانگاریە نزیكەی حكومەتی عەبادیشدا بەجدی و بەگەرمی پرس و ڕا بە سەركردایەتی كورد نەكراوە و پێشدەچێت ئەوەی گەرەكیان بێت جێبەجێیی بكەن و لەمەشدا دەسەڵاتێكی تاكڕەوی شیعە مەزهەبی بەهێز دادەمەزرێت بەبێ‌ بەشداریەكی كارای كورد. كە بەداخیشەوە لە ئێستادا نێو ماڵی كورد بۆخۆی لێكترازاو و دوور لەیەك و دڕدۆنگن و یەك و یەكگرتوو نەماونەتەوە ، كە ئەمەش خاڵی لاوازی كوردە و لەنێوان بەرداشی بەهێز بوونی بەغداد بەپشتئەستوری بە ئێرانی زلهێزی ناوچەكە و توركیاو عەرەبی سونە مەزهەبی ناوچەكە و گۆڕانكاریە گەورەكانی دونیا و ناوچەكەش كورد دەستەپاچە وەستاوە و ئامادە نیە بۆ دوای ئەو گۆڕانكاریانە و بەرچاو و نەخشە ڕێگایەكی ڕوونی لەبەردەستدا نیە. هەربۆیە دۆخی عێراق و كوردستان بەرەو ئاقاێكی تاریك هەنگاو دەنێت و هەموو ئەگەرەكانیش هەر لە كودەتای سەربازیەوە بۆ هەڵوەشانەوەی دەوڵەت و دامودەزگاكان و هەڵپەساردنی دەستوور وهەڵایسانی شەڕی ناوخۆیی و تایەفی و دینی و پەلاماردانی هەرێمی كوردستان و ..هتد. بەكراوەیی ماونەتەوە و كە هیچیان بە قازانجی كورد ناشكێنەوە بەتایبەتیش لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە. بۆیە دووبارەكردنەوەی ئەزمونی سیستەمی حوكمڕانی لوبنان لە عێراقدا سەرەتاو ئاسۆكانی وەدەركەوتوون كە بەداخەوە مژەدەبەخشی ئایندەیەكی تاریكتر و وێرانتر و شڵژاوتر دەبەخشن.

پـــەیـــوەنــدیــدار