بـــەپــەلــە
وه‌سفیه‌ به‌نی وه‌یس: دواخستنی مووچه‌ی شه‌هیدان  كاره‌ساته‌

وه‌سفیه‌ به‌نی وه‌یس: دواخستنی مووچه‌ی شه‌هیدان كاره‌ساته‌

مووچه‌ی كه‌سوكاری شه‌هیدان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بۆماوه‌یه‌كی زۆر دواكه‌تووه‌و كه‌ ئه‌مه‌ش بارگرانی و ناڕه‌زاییه‌كی زۆری لادروستكردون و بارودۆخی گوزه‌رانیان زۆرخراپبووه‌، حكومه‌تی هه‌رێم دوای ئه‌وه‌ی دوێنی دوو شه‌ممه‌ 11-6-2016، ده‌ستیكرد به‌دابه‌شكردنی مووچه‌ی مانگی ئازاری وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ تائێستا مووچه‌ی مانگی شوباتی شه‌هیدانی نه‌داوه‌.

له‌و باره‌وه‌ ئه‌مڕۆ 12-4-2016، PUKmedia په‌یوه‌ندی كردوە به‌ وه‌سفییه‌ به‌نی وه‌یس لێپرسراوی مه‌كته‌بی شه‌هیدانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و ئه‌ویش رایگه‌یاند: ئێمه‌ وه‌ك مه‌كته‌بی شه‌هیدانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان هه‌وڵی زۆرمانداوه‌ بۆئه‌وه‌ی مووچه‌ی شه‌هیدان نه‌ پاشه‌كه‌وتی لێ بكرێت نه‌ به‌و شێوه‌یه‌ ئێستا دوابخرێت، كاتێكیش كه‌ سه‌رۆك مام جه‌لال نه‌خۆش نه‌كه‌وتبوو له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تیدا ڕاسته‌وخۆ داوام له‌ سه‌رۆك مام جه‌لال كرد كه‌ كه‌سوكاری سه‌ربه‌زی شه‌هیدان له‌ رۆژی جه‌ژندا مووچه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌ ئه‌مه‌ جێگه‌ی شه‌رمه‌ كه‌ كه‌سوكاری شه‌هید له‌جه‌ژندا مووچه‌ وه‌رنه‌گرێت، چونكه‌ به‌لای هه‌موومانه‌وه‌ ئه‌وه‌ هێڵی سوره‌ نابێت به‌هیچ شێوه‌یه‌ك كه‌سوكاری شه‌هیدان مووچه‌كانیان دوابكه‌وێت، ئه‌وه‌بوو له‌و كاته‌دا سه‌رۆك مام جه‌لال بڕیاریدا مووچه‌ی شه‌هیدان پێش هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان بدرێت، به‌ڵام دوای دروستبوونی شه‌ڕی داعش و ئه‌م قه‌یرانه‌ داراییه‌ی هه‌رێم ئه‌وه‌بوو مووچه‌ی پێشمه‌رگه‌ هێنرایه‌ پێشه‌وه‌و دواتر به‌ره‌به‌ره‌ مووچه‌ی شه‌هیدان هێنرایه‌ دواوه‌ تاكو ئه‌م ئاسته‌ی ئێستا.

وتیشی: له‌م قه‌یرانه‌شدا كاتێك حكومه‌ت ویستی پاشه‌كه‌وت له‌مووچه‌ی شه‌هیدانیشدا بكات، ئه‌وه‌بوو راسته‌خۆ ئێمه‌ فشارمانكردو نه‌مان هێشت ئه‌و بڕیاره‌ بۆ شه‌هیدان سه‌ربگرێت و نوسراومان بۆ حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان به‌رزكرده‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانیش هاتنه‌سه‌ر خه‌ت و حكومه‌ت له‌ پاشه‌كه‌وتی مووچه‌ی شه‌هیدان پاشگه‌زبوه‌وه‌.

راشیگه‌یاند: له‌ ئێستاشدا كه‌به‌و شێوه‌یه‌ حكومه‌ت مووچه‌ی شه‌هیدانی دواخستووه‌ به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵدا بووین له‌رێگه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان و وه‌زاره‌تی شه‌هیدان بۆئه‌وه‌ی حكومه‌ت به‌و شێوه‌یه‌ مووچه‌ی شه‌هیدان دوا نه‌خات، چونكه‌ به‌ڕاستی جێگه‌ی شه‌رمه‌ به‌رامبه‌ر خوێنی شه‌هیدان به‌و شێوه‌یه‌ مامه‌ڵه‌ بكرێت و پاداشتیان بدرێته‌وه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مووچه‌ی شه‌هیدان زۆریان 500 هه‌زار دیناره‌، ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ بۆ 2 مانگ دوابخرێت جێگه‌ی شه‌رمه‌و زوڵمێكی زۆره‌ به‌رامبه‌ر خوێنی شه‌هیدان و كه‌سوكاریان، چونكه‌ زۆریان ئه‌و بڕه‌ پاره‌ دیاریكراوه‌ بۆ خه‌رجی خێزانێك به‌كارده‌هێنێت كه‌ ژماره‌یان زۆره‌و منداڵیان هه‌یه‌و كرێنشینن، كه‌ ئه‌مه‌ وایكردوه‌ ژیانێكی ناله‌بارو قورس بۆ كه‌س و كاری شه‌هیدان دروستبكات و حاڵیان زۆر خراپ بكات كه‌ ئه‌مه‌ به‌راستی كاره‌ساته‌و به‌هیچ شێوه‌یه‌ك جێگه‌ی قبوڵ نییه‌ مووچه‌ی شه‌هیدان به‌و شێوه‌یه‌ دوابكه‌وێت.

وه‌سفیه‌ به‌نی وه‌یس راشیگه‌یاند: له‌و رۆژه‌وه‌ی كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ مووچه‌ی شه‌هیدان له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ دواخراوه‌ ده‌ڵێن ئه‌م هه‌فته‌یه‌ نا ئه‌م هه‌فته‌یه‌ وه‌ریده‌گرن دواتریش هه‌ر مووچه‌كانیان نادرێت و دواكه‌وتنی مووچه‌ی شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان 45 بۆ 50 رۆژ زیاتر دواده‌كه‌وێت زۆرجار ده‌گاته‌ 60 رۆژ زیاتریش، ئێمه‌ وه‌ك مه‌كته‌بی شه‌هیدانی یه‌كێتی رۆژانه‌ ده‌یان په‌یوه‌ندی ته‌له‌فۆنیمان پێوه‌ ده‌كرێت ده‌یان خێزانی بێده‌ره‌تانی شه‌هید دێنه‌ لامان و پرسیارده‌كه‌ن و داوامان لێده‌كه‌ن ده‌بێت كارێك بكرێت به‌و شێوه‌یه‌ مووچه‌ی شه‌هیدان دوانه‌خرێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی حاڵ و گوزه‌رانی كه‌سوكاری شه‌هیدان زۆر خراپه‌و كرێنشینن و خۆی ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌شێوه‌یه‌كی باش به‌شیان ناكات چ جای ئه‌وه‌ی كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ش دوابكه‌وێت.

وه‌سفیه‌ به‌نی وه‌یس ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، وه‌ك مه‌كته‌بی شه‌هیدانی یه‌كێتی داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین به‌و شێوه‌یه‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان پشتگوێ نه‌خات و مووچه‌كانیان به‌و شێوه‌یه‌ دوانه‌خرێت، چونكه‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان جێگه‌ی رێزی ئه‌م میلـله‌ت و حكومه‌ته‌ن و  خوێنی شه‌هیده‌كانی ئه‌وانه‌ ئه‌م ئازادییه‌ی ئێستا و حكومه‌تی هه‌رێمی به‌رهه‌مهێناوه‌، تائێستا زامه‌كانی كه‌سوكاریان سارێژ نه‌بووه‌ته‌و به‌هیچ شتێكیش سارێژ نابێته‌وه‌، بۆیه‌ ده‌بێت خوێنی شه‌هیدان هێڵی سوربێت لای حكومه‌تی هه‌رێم هه‌رنه‌بێت به‌و شێوه‌یه‌ مووچه‌كانیان دوانه‌خرێت، چونكه‌ دواخستنی مووچه‌ی شه‌هیدان مه‌رترسییه‌كی گه‌وره‌یه‌و كاره‌ساته‌.

PUKmedia زانیار مه‌جید

پـــەیـــوەنــدیــدار