د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: یادی یه‌كێك له‌ قێزه‌وه‌نترین تاوانه‌كانی رِژێمی به‌عس ده‌كه‌ینه‌وه‌

د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم: یادی یه‌كێك له‌ قێزه‌وه‌نترین تاوانه‌كانی رِژێمی به‌عس ده‌كه‌ینه‌وه‌

پارێزگاری كه‌ركوك داوا له‌ حكومه‌تی عێراقی ده‌كات هاوكاری خانه‌واده‌ی ئه‌نفالكراون بكات‌و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستاندا گۆرِه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كان ئاشكرا بكات.

 له‌ یادی ئه‌نفال دا د. نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك ده‌ڵێت: “له‌م رِۆژانه‌دا یادی یه‌كێك له‌ قێزه‌وه‌نترین تاوانه‌كانی رِژێمی به‌عس ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ تاوانی ئه‌نفاله‌‌و له‌م یاده‌دا سه‌ره‌خۆشی خۆمان ئاراسته‌ی خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی ئه‌و پرۆسه‌ به‌دناوه‌ ده‌كه‌ین كه‌ زۆربه‌ی قوربانییانی خه‌ڵكی كه‌ركوك‌و ده‌وروبه‌رین”.

له‌ په‌یامیكدا له‌ ساڵیادی ئه‌و تاوانه‌دا كه‌ هه‌زاران گوندی تیادا وێران كرا وێرای بێسه‌روشوێن كردنی 182 هه‌زار هاوڵاتی بێتاوان، د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم پارێزگاری كه‌ركوك ده‌ڵێت: “ئه‌و تاوانه‌ یه‌كێكه‌ له‌ گه‌وره‌ترین ئه‌و جینۆسایدانه‌ی له‌ مێژووی هاوچه‌رخ دا ئه‌نجامدراوه‌‌و ئه‌وه‌ی به‌عسییه‌كان ئه‌نجامیاندا رِووی قێزه‌وه‌نی ئه‌وانی ئاشكرا كرد‌و به‌رنامه‌یه‌كی پاكتاوی رِه‌گه‌زی بوو مه‌به‌ست لێی گۆرِینی دیمۆگرافیای ناوچه‌كه‌ بوو به‌ پێی به‌رنامه‌ی به‌عس بۆ ته‌عریب‌و په‌یرِه‌و كردنی سیاسه‌تی رِه‌گه‌ز په‌رستانه‌‌و رِاگواستن‌و بێسه‌روشوێن كردنی ئه‌نفالكراوان كه‌ بوه‌ مایه‌ی رِوخانی رِژێمی دكتاتۆری‌و تیشكی خسته‌ سه‌ر تاوانه‌ گه‌وره‌كانی به‌عس‌و ده‌ركه‌وتنی تیشكی رِۆژێكی نوێی‌و هاتنی دیموكراتی بۆ نێو عێرِاقی نوێی پاش رِژیمی به‌عس”.

پارێزگاری كه‌ركوك له‌ په‌یامه‌كه‌یدا ده‌ڵێت: “شاری كه‌ركوك له‌و شاڵاوه‌ی ئه‌نفالدا پشكی شێری به‌ركه‌وتوه‌‌و ئه‌مرِۆ به‌ یه‌كریزی دانیشتوانه‌كه‌یه‌وه‌ رِوبه‌رِوی تیرۆریستانی بونه‌ته‌وه‌، ئه‌و داعشه‌ی درێژكراوه‌ی رِژێمی به‌عسه‌و تاوانه‌كانی له‌ تاوانه‌كانی به‌عس كه‌متر نیه‌‌و هێزی پێشمه‌رگه‌ به‌ قوربانییه‌كانیان توانییان رِێگر بن له‌ نزیك بونه‌وه‌ی تیرۆریستان له‌ شاری كه‌ركوك‌و یه‌كرِیزی‌و یه‌ك ده‌نگی هاوڵاتییانی كه‌ركوك وه‌فادارییانی بۆ خوێنی شه‌هیدانی ئه‌نفال به‌رجه‌سته‌ كردوه‌‌و زه‌مینه‌ی ساز كردوه‌ بۆ ژیانێكی پرشنگدار بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو له‌ كه‌شێكی دیموكراتی‌و سه‌ربه‌ستیدا”.

د.نه‌جمه‌دین كه‌ریم داواشیكرد له‌ حكومه‌تی عیراق هه‌ستێ به‌ ئه‌ركی مرۆڤانه‌ی خۆی به‌ هاوكاری كردنی خانه‌واده‌ی ئه‌نفالكروانان‌و قه‌ره‌بوو كردنه‌وه‌یان‌و پێكهێنانی ژوورێكی ئۆپه‌راسیۆن بۆ به‌ یاسایی كردنی ئه‌و كه‌یسه‌ به‌ هاوكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ پێناو زانینی چاره‌نوسی ئه‌نفالكراوان‌و گێرِانه‌وه‌ی ئێسك‌و پروسكی ئه‌وانه‌ی ده‌دۆزرێنه‌وه‌.

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا پارێزگاری كه‌ركوك سڵاوی گه‌رمی ئاراسته‌ی گیانی شه‌هیدان كرد‌و وتی: “ئه‌و خوێنه‌ گه‌شه‌ی قوربانییان له‌ به‌ره‌كانی شه‌رِدا دژی تیرۆریستان رِژان له‌ پێشمه‌رگه‌‌و سوپا‌و پۆلیس‌و ئاسایش‌و حه‌شدی شه‌عبی‌و چه‌كدارانی هۆزه‌كان ئارامی‌و سه‌قامگیری بۆ ئه‌م ناوچه‌ دابین كرد”، جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌: “ئه‌و تاوانانه‌ی داعش ده‌رهه‌قی كورد‌و سوننه‌‌و شیعه‌‌و ئێزدییه‌كان‌و شه‌به‌ك‌و سه‌رجه‌م عێراقییه‌كان ئه‌نجامی داوه‌ بوه‌ مایه‌ی یه‌كگرتنی عێرِاقییه‌كان‌و نه‌خشه‌ی سه‌ركه‌وتنی كێشا‌و داعش له‌ناو ده‌چێت هه‌روه‌ك به‌عس‌و رژێمه‌ دكتاتۆرییه‌كه‌ی له‌ناوچوو”.

پـــەیـــوەنــدیــدار