گۆڕان دەستیپێکرد

گۆڕان دەستیپێکرد

سالار مەحمود
ئەوەی لەبەغدا روو دەدات ھاوشێوەی کەوتنی دیکتاتۆریەت لە عیراقدا خاڵی وەرچەرخانە لە پرۆسەی سیاسیدا لەو وڵاتە بەچەند جیاوازیەکەوە. تێکشکاندنی ناوچەی سەوز بە ھێزی رەمزیی خۆپیشاندەران و، جوڵەکانی ناو پەرلەمان ئاماژەی نوێن. لەگرنگترینیان ئەوە نیشاندەدەن کە ئیرادەی میللی لە پشت گۆڕانکاریەکانەوەن. ئەوەی روو دەدات بە دەستپێکردنی گۆڕانی خۆڵەمێشی ناوزەدی دەکەم.
لەم روانگەیەوە بۆ کورد پێویستە لە دیدگای ھاوکێشەکانی بەغداوە سەیری رووداوەکان بکات. کێشەی قووڵ لەنێوان کەسایەتییە سیاسیەکانی عیراقدا ھەیە، واتە تەسفییەی حساباتی کەسەکان و کێشە عوقدەییەکانی نێوان کوتلەکان و داخوازیی خەڵک بۆ چاکسازیی و گۆڕان و لەسەر ئەژنۆ کەوتنی پرۆسەی سیاسیی ئێستا و، ھۆکاریی تر تابلۆی ئێستای سیاسیی پێک دێنن.
کوتلە کوردستانیەکان لەم پرسەدا پێویستە لەھەموو حاڵەتێکدا یەکڕیز بن. لەھەمانکاتدا کەناڵەکانی پەیوەندیان بەرفراوان بێت لەگەڵ ھەموو لایەنەکاندا، نابێت وا وێنا بکرێت کە کورد دژی چاکسازییە لە عیراقدا. ھەرچەندە ئەم دۆخە بە خۆڵەمێشی دەستی پێکردوە، بەڵام بەرەو قۆناغێکی نوێ ھەنگاو دەنێت. ئەویش بە نیشتنەوەی ئەو تەمومژەی کە ھەیە. بەتایبەتی دابەشبوونی پەرلەمان و بەم جۆرە ناتوانن ھەموو ھەنگاوەکانی داھاتوو بنرێن لەپەرلەمانەوە، بەڵام ھەنگاوی چاوەڕوانکراو نرا ئەویش بەوەی سەرۆکایەتی ئێستا شکۆی سەرۆکایەتیکردنی شکێنرا لە رووی واقعییەوە، ئەگەرچی ھەنگاوەکە بە پێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان نەنرا، واتە پرۆسەیەکی یاسایی نەبوو.
ئاکام دوو پەرلەمانیی و ئەو دابەشبوونەی کە روویداوە بەردەوام نابێت، بەڵام لەھەموو حاڵەتێکدا پەرلەمان بەبێ ئامادەبوونی کوتلەی کوردستانی و کوتلە گرنگەکانی لە ژێر پرسیاردایە.
گۆڕینی سەرۆکایەتی پەرلەمانیش کتومت یەکسانە بە گۆڕینی کابینەی حکومەت بەعەبادیشەوە ئەوەش روو دەدات. رووداوەکان خێران و نوێنەرانی کورد لەبەغدا زۆرتر پێویستیان بەبەرچاو روونی و، پشتیوانیکردن ھەیە لەھەرێمی کوردستانەوە. بۆ ئەوەی رووبەڕووی بەریەککەوتنی گەورە نەبنەوە، لەگەڵ تایەفەیەک یان شەقامی عیراقی. چونکە یەکڕیزی فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە بەغدا لەجەوھەردا رووکەشە، پێویستە ئەوە روونتر بکرێتەوە ئەو یەکڕیزییەی کەھەیە ئەگەر نەبێتە ستراتیژو بەرنامەی نیشتمانی، وەک ئاردی ناو دڕک دەردەکەون.

پـــەیـــوەنــدیــدار