قوباد تاڵەبانی ووردەکاری سەردانەکەی بۆ ئەمریکا بۆ ڕاگەیاندنەکان خستە ڕوو

قوباد تاڵەبانی ووردەکاری سەردانەکەی بۆ ئەمریکا بۆ ڕاگەیاندنەکان خستە ڕوو

بەڕێز قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، ڕایدەگەیەنێت كه حكومەتی ئەمەریكا رێزێكی تایبەت له هەرێمی كوردستان دەگرێت و هاوكاری واشنتۆن بۆ هەرێم بەردەوام دەبێت.

له كۆنفرانسێكی تایبەت به ئاژانسەكانی ڕاگەیاندن كه رۆژی پێنجشەممه له تەلاری ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوه چوو، بەڕێز تاڵەبانی و بەڕێز كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگه به وەكالەت، تیشكیان خسته سەر دەرئەنجامی سەردانی شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا و هەڵوێستی واشنتۆن بەرامبەر به دوا پێشهاتەكانی هەرێم.

جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران گوتی كه به شێوەیەكی گشتی چوار تەوەری سەرەكی لەگەڵ كاربەدەستان له واشنتۆن تاووتوێ كران كه بریتین له شەڕی دژی تیرۆرستانی رێكخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی، قەیرانی دارایی و ئابووری له هەرێمی كوردستان، كێشەی ئاوارە و پەنابەران و پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا.

بەڕێز تاڵەبانی گوتی كاربەدەستانی ئەمەریكا به ڕێز و پێزانینەوه دەڕواننه هێزی پێشمەرگه كه شەڕی گەورەترین ڕێكخراوی تیرۆرستی له جیهاندا دەكات و بەڵێنیاندا كه هاوكارییه سەربازییەكان بۆ هێزی پێشمەرگه بەردەوام دەبێت. جێگری سەرۆكی حكومەت هەروەها گوتی كه واشنتۆن هەڵوێستی سیاسەتمەدارانی كورد بەرز دەنرخێنن، بەتایبەت دوای ئەوەی كورد نەبوو بە بەشێك له كێشه سیاسییەكانی ئەم دواییه له بەغدا.

هەر له كۆنفرانسەكەدا، كه هەروەها بەڕێز سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێم تیایدا ئامادەبوو، بەڕێز كەریم سنجاری وەزیری پێشمەرگه به وەكالەت ڕایگەیاند كه شاندی هەرێم داوای هاوكاری دارایی و بەردەوامبوونی هاوكاری سەربازی بۆ هێزی پێشمەرگه كردووه.

بەڕێزان تاڵەبانی و سنجاری رایانگەیاند كه كاربەدەستانی ئەمەریكا پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی كوردستان دوپات كردەوه و له بەرامبەریشدا حكومەتی هەرێم سوپاسی هاوكارییەكانی ئەمەریكا دەكات.

شایانی باسه شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتی بەڕێز تاڵەبانی به سەردانێكی فەرمی له هەفتەی ڕابردوودا گەیشته پایتەختی ئەمەریكا و چەندین دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ كاربەداستان و دامەزراوە و ڕەوەندی كوردی له ئەمەریكا ئەنجامدا.

پـــەیـــوەنــدیــدار