پیرۆزە رۆژی لەدایکبوونی رۆژنامەی ( کوردستان )

پیرۆزە رۆژی لەدایکبوونی رۆژنامەی ( کوردستان )

 

هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا

 

رۆژی 22 /ی نیسانی ساڵی 1898 کە رۆژی لە دایکبوونی یەکەمین رۆژنامەی کوردییە، بە دەستپێکێکی گرنگ و پڕ بایەخی پڕۆسەی سەرهەڵدانی رۆژنامەگەری و تەڤگەری رووناکبیری خەڵکی کوردستان دەژمێردرێت و وەرچەرخانێکی مەزن بوو لە مێژووی گەلەکەماندا .. رۆژنامەی کوردستان کە ئەمڕۆ یادی ساڵوەگەڕی 118 ساڵەی دەکەینەوە، جێگەیەکی تایبەت و شیاوی لە مێژووی کورددا هەیە، چونکە سەرەتاو نۆبەرەی کۆششیکی پیرۆزە کە تائێستا رەوڕەوەکەی نەوەستاوە، ئەگەرچی دوژمنان بێ ئەندازە هەوڵی تەفروتوونا کردن و وەستانی دەدەن.

رۆژنامەگەری شان بە شانی لایەنەکانیتری خەبات رۆڵی گرنگی خۆی بینیوە بۆ داکۆکیکردن لە پێناسەی مرۆڤی کورد و بووژاندنەوە و گەشەکردنی هەستی نەتەوایەتی لە خەباتکردندا بەردەوام بووە. هەر بۆیە خەڵکی کورد و گەورە پیاوانی بە چاوی رێزەوە رۆڵی رۆژنامەگەرییان نرخاندووە .. دەرکردنی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی ( کوردستان ) لە قاهیرەی پایتەختی میسر، دواتریش لە ژنێڤ، بەشێک بوو لەو هەوڵە دڵسۆزانەیەی بەدرخانییەکان لە هەندەراندا دایان بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە نەتەوەییەکانی خۆیان.

بە دەرچوونی 31 ) ) ژمارە لە رۆژنامەی ( کوردستان ) بە هەڵوێستێکی نەتەوەیی و لەژێر فشار و هەڕەشەی داگیرکەرانی کوردستانداو بە ئەرک و ماندووبوونێکی زۆرەوە، خۆبەخشانە بناغەی رۆژنامەگەریی کوردییان دامەزراند و کردیانە سەرچاوەی وریا کردنەوە و شیکردنەوە و بڵاوکردنەوی هۆش و هزری نەتەوایەتی و خەباتکردن بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد.

رۆژنامه‌ی کوردستان 31 ژماره‌ی لێده‌رچووه‌،

ژماره‌ 1 تا 5 له‌ شاری قاهیره‌، له‌ ژماره‌ 6 تا 19 له‌ ژنێف، له‌ 20 تا 23 له‌ قاهیره‌،

ژماره‌ 24 له‌ له‌نده‌ن، ژماره‌کانی 25 تا 29 له‌ ڤۆڵکستۆن، ژماره‌ 30 و 31 له‌ ژنێف ده‌رچوو. دوا ژماره‌که‌ی که‌ 31 ه‌ له‌ 14 / 04 / 1902 ده‌رچووه‌.

هه‌ر شکۆدار بێت یادی ئه‌م رۆژه‌ پیرۆزه‌ .. رۆژی ده‌رچوونی یه‌که‌م ژماره‌ی رۆژنامه‌ی کوردی.

پـــەیـــوەنــدیــدار