بروسکەی پیرۆزبایی هەڤاڵ ئاسۆ مامەند لێپرسراوی مەڵبەندی ٢ کەرکوك و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی

بروسکەی پیرۆزبایی هەڤاڵ ئاسۆ مامەند لێپرسراوی مەڵبەندی ٢ کەرکوك و ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی

جه‌ماوه‌ری دڵسۆزو به‌ئه‌مه‌ك وخۆڕاگره‌كه‌ی كوردستان

كه‌س وكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان.

پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی سه‌نگه‌ری خه‌بات وبه‌رگری.

ئه‌ندام ولایه‌نگرانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان.

 

ئه‌م ساڵ 41 ساڵ تێده‌ په‌ڕێ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی حزبه‌ تیكۆشه‌ره‌كه‌تان ،حزبی كوردایه‌تی و ڕزگاری نیشتمانی. هه‌روه‌ها40ساڵ له‌مه‌وبه‌ر پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ،دڕیان به ‌شه‌وه‌زه‌نگی  نائومیدی دا ،یه‌كه‌م چه‌خماخه‌ی شۆڕشی نوێیان هه‌ڵگیرساند.ئه‌وشۆڕشه‌ی كه‌درێژترین ڕووباری خوێنی شه‌هیده‌كانیه‌تی.

ڕه‌نجده‌رانی بیرووبازوو باسكی به‌هێزی جوله‌و ئاراسته‌كردنیه‌تی . یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له‌ سه‌ره‌تای دامه‌زراندنیه‌وه‌ ڕۆحی فیداكاری و قوربانیدانی كرده‌ مه‌دالیای ئازایه‌تی. بۆیه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی كه‌مدا یه‌كێتی بووه‌ هێزیكی گه‌وره‌و سه‌نگینی كوردستانی ، كه‌دۆست ودووژمن حیسابی ووردی بۆ بكه‌ن . گه‌رمێژووبه‌ ئینسافه‌وه‌ بنوسرێته‌وه‌ ده‌بێ ڕاستیه‌كان په‌رده‌پۆش نه‌كات. ئه‌وه‌نده‌ی له‌ ئه‌نجامی به‌رنامه‌و خه‌بات و فیداكاری یه‌كێتی و شۆڕشی نوێ وه‌ ده‌ست كه‌وت بۆ گه‌لی كوردستان وه‌ده‌ست هاتووه‌، له‌ هیچ جولانه‌وه‌یه‌كی تر نیو ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م ده‌ست كه‌وتانه‌ وه‌ده‌ست نه‌هاتوون. بۆیه‌ له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا سڵاوی وه‌فاداری و خۆشه‌ویستی بۆ ڕابه‌ری گه‌وره‌ی گه‌له‌كه‌مان  جه‌نابی        (مام جه‌لال) دامه‌زرێنه‌ری یه‌كێتی و ڕابه‌ری شۆڕشی نوێ ده‌نێرین،

پیرۆزبایی گه‌رمی ئه‌م یاده‌ شكۆداره‌ی لێده‌كه‌ین . به‌ڵێن دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ له‌سه‌ر ڕێنمایی و ڕێبازی ئه‌و بڕۆین.

هه‌میشه‌ كۆڕی خه‌باتمان له‌ناو كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی و چینی ڕه‌نجده‌رانی بیروبازوو به‌تایبه‌تی گه‌رمتر بكه‌ین.

هه‌روه‌ها سڵاوو درووی نه‌مری بۆ ڕۆحی پاكی شه‌هیدان به‌ گشتی و شه‌هیدانی پاراستن و به‌رگری له‌خاك و گه‌لی كوردستان له‌ ده‌ست شه‌مشه‌مه‌ كوێره‌كانی داعش به‌ تایبه‌ت ده‌نێرین.سڵاوی خۆڕاگری وقاره‌مانیه‌تی بۆ پێشمه‌رگه‌ به‌ووره‌و پڵنگ ئاساكانی سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری له‌ پێناو پاراستنی كوردستان ده‌نێرین. ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ی كه‌به‌ ڕۆحی سه‌ره‌تاكانی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شۆڕشی نوێ له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگریدان و هه‌میشه‌ بێ جیاوازی دیفاع له‌ مرۆڤایه‌تی ده‌كه‌ن، بوونه‌ته‌ ڕه‌مزی ئاشتی و پاراستنی مرۆڤایه‌تی . ئه‌مڕۆ هه‌موو جیهان شایه‌تی ئه‌وه‌ده‌دات كه‌وا پێشمه‌رگه‌ چ قاره‌مانێكه‌. ئه‌وه‌ی پێشمه‌رگه‌ ده‌یكات له‌ جیاتی هه‌موو جیهانه‌. هه‌روه‌ها هیوای چاكبوونه‌وه‌ و ئارامی كه‌م ئه‌ندامان و بریندارانی هێزی پێشمه‌رگه‌ ده‌خوازین. داواكارین له‌ سه‌رجه‌م كادیرو ئه‌ندام و هه‌وادارانی یه‌كێتیه‌كه‌مان كه‌وا به‌ ڕۆحی شۆڕشگێڕانه‌ی سه‌رده‌م ،درێژه‌ به‌ كارو چالاكی وخه‌باتی سیاسی و جه‌ماوه‌ری خۆیان بده‌ن. له‌ پێناو ڕزگار كردنی زیاتری خاكی كوردستان.

هه‌روه‌ها پته‌وكردنی ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی وپێكه‌وه‌ ژیان له‌ نێوان ته‌واوی پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یی وئاینیه‌كانی كه‌ركوك و كوردستان . چونكه‌ كه‌ركوك ڕه‌مزی پێكه‌وه‌ ژیانی ئاشتیانه‌ی پێكهاته‌كانی خه‌ڵكی كوردستانه‌.

 له‌ هه‌مان كات داواكارین كه‌وا كه‌ركوك وته‌واوی ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كانی تری كوردستان به‌ڕه‌سمی بگێڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان. ئێمه‌به‌رده‌وام ده‌بین له‌ هه‌وڵ و تێكۆشانه‌كانمان بۆ وه‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌مان ، كه‌ ئه‌ویش وه‌سه‌ر یه‌ك خستنه‌وه‌ی ته‌واوی خاكی باشووری كوردستانه‌ له‌ یه‌ك قه‌واره‌ی سیاسیدا. هه‌روه‌ها مافی بڕیاردان له‌ چاره‌نووسی خه‌ڵكی كوردستان ،مافێكی سروشتی وڕه‌وای خه‌ڵكی كوردستانه‌،هیچ كه‌س و لایه‌نێك بۆی نیه‌ ئه‌و مافه‌ی لێ زه‌وت بكات و یان بۆ مه‌به‌ستی سیاسی خۆی به‌كاری بهێنێ .

هه‌ڤاڵانی یه‌كێتیه‌ تێكۆشه‌ره‌كه‌مان.

ده‌بێ هه‌موومان به‌و په‌ڕی دڵسۆزیه‌وه‌ هه‌وڵی سه‌رخستنی ڕێكه‌وتن نامه‌ی 17ی مایسی 2016 ی نێوان یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان بده‌ین.

چونكه‌ ئه‌و ڕێكه‌وتن نامه‌یه‌ له‌ پێناو پته‌وكردنی ناو ماڵی كورد و گه‌شه‌ پێدانی پرۆسه‌ی سیاسی و دیموكراسی كوردستانه‌. به‌ هه‌ماهه‌نگی هه‌موو لایه‌نه‌سیاسیه‌كان ده‌توانین ده‌ست كه‌وتی زیاتر وه‌ده‌ست بهێنین بۆ گه‌له‌كه‌مان. نابێ هیچی تر پرۆسه‌ی سیاسی له‌ كوردستان به‌م شێوه‌یه‌ ئیفلیج و مایه‌ پوچ بكرێت. چونكه‌ په‌رله‌مان ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و سه‌رچاوه‌ی یاسادانانه‌ له‌ كوردستان.هه‌روه‌هامووچه‌و شایسته‌ داراییه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و كه‌سو كاری شه‌هیدان و كه‌م ئه‌ندامان و فه‌رمانبه‌رانی به‌م شێوه‌یه‌ ڕابگیرێ. چونكه‌ مافێكی سروشتی خۆیانه‌ و ده‌بێ حكومه‌تی هه‌رێم ڕێگا چاره‌ی گونجاوی بۆبدۆزێته‌وه‌  چاره‌سه‌ری بكات. له‌ هه‌مان كاتدا داواكارین له‌ نوێنه‌رانی كوردله‌ به‌غدا زیاتر خۆیان چالاك بكه‌ن له‌ پێناو وه‌ده‌ست هێنانی مافه‌ ده‌ستوریه‌ ڕه‌واكانی خه‌ڵكی كوردستان و كه‌ركوك.

بۆیه‌ پێویسته‌ پرۆسه‌ی سیاسی له‌ عێراق گشت گیر بێت و مافی هیچ پێكهاته‌یه‌ك وه‌لا نه‌نرێ بۆ پێكهاته‌یه‌كی تر. هه‌روه‌هالێره‌وه‌ سڵاو ده‌نێرین بۆ شه‌روانان له‌ ڕۆژئاوای كوردستان. كه‌ ئه‌وانیش بوونه‌ته‌ سومبلی ڕووخساری جوانی كورد و ئاشتی و مرۆڤایه‌تی له‌ جیهاندا و جێگای هیواو ئو‌مێدێكی گه‌وره‌ی  نه‌ته‌وه‌كه‌مانن.به‌ هیواین ئامانجه‌كانمان به‌ته‌واوی بێته‌دی ، كه‌له‌ پێناو ئاواكردنی ده‌سه‌ڵاتێكی خۆسه‌ری دیموكراتیه‌. هه‌روه‌ها بۆ برایانمان له‌ باكوورو ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان هیوای پشوو درێژیان بۆ ده‌خوازین له‌ خه‌بات له‌پێناو گه‌یشتن به‌ ئامانجه‌كانیان. له‌ كۆتایدا جارێكی تر پیرۆزبایی له‌سه‌رجه‌م كادیرو ئه‌ندام و هه‌وادارانی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان ده‌كه‌ین.  سڵاو له‌ ڕۆحی پاكی سه‌رجه‌م شه‌هیدانی كوردستان به‌ تایبه‌ت شه‌هیدانی شۆڕشی نوێ ی گه‌له‌كه‌مان.

هیوای خۆڕاگری و پیرۆزبایی یه‌كێتیانه‌ بۆ هه‌موو پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان ده‌خوازین و ده‌نێرین . هیوادارین ئه‌م یاده‌ شكۆداره‌ له‌ ساڵی داهاتوو له‌ كوردستانێكی یه‌كگرتووی بێ كێشه‌ و پر له‌ ئاشتی بكه‌ینه‌وه‌.

(ئاسۆ مامه‌ند) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی

مه‌ڵبه‌ندی دووی ڕێكخستنی كه‌ركوك

31/5/2016  كه‌ركوك

پـــەیـــوەنــدیــدار