سمینارێک بۆ بەرزان فەرەج له‌ئه‌مستردام سازکرا  دەربارەی (شارلی هیبدۆ.. لە پاریس چی ڕووی) دا

سمینارێک بۆ بەرزان فەرەج له‌ئه‌مستردام سازکرا دەربارەی (شارلی هیبدۆ.. لە پاریس چی ڕووی) دا

 

 

ڕۆژی یەکشه‌ممه ‌ڕێکه‌وتی 29-05-2016 کات 15:00 سێی پاشنیوەڕۆ تا 18:00 ی شەشی ئێوارە له‌ هۆڵی یانه‌ی کوردی “میدیــــا” له‌ئه‌مستردام، سمینارێکی سیاسی گرنگی بۆ نوسەر و توێژەری سیاسی‌(بەڕێز بەرزان فەرەج)، دەربارەی کتێبی (شارلی هیبدۆ.. لە پاریس چی ڕووی) دا ساز کرا، سەرەتا لە لایەن (سەردار فەتاح ئەمین)، کارگێڕی ناوەندی دەرەوەی ڕێکخراوە دیموکراتیەکان، کە سمینارەکەی بەڕێوە ئەبرد، بە دەقیقەیەک ڕێزلێنان بۆ گیانی پیرۆزی پێشمەرگە قارەمانەکان و پارێزەرانی خاکی پیرۆزی کوردستان و تێکڕای قوربانیانی دەستی ڕەشی تیرۆر لە هەر کونجێکی ئەم دنیایەدا بن، سمینارەکە دەستی پێکرد و بە کورتی نوسەری بە ئامادەبووان ناساند.

ژیاننامەکەی.

* بەرزان فەرەج، ساڵی ١٩٦٠ لە سلێمانی لە دایک بووە.

* ساڵی ١٩٨٣ کۆلێجی یاسا و ڕامیاریی زانکۆی بەغدای بەشی ڕامیاری تەواو کردووە.

* لەداوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ یەکێک بووە، لە دامەزرێنەرانی گۆڤاری (ئازادی) و چوار ژمارەی لێ دەرچووە، پاشان گۆڤاری یەکگرتن-یان بڵاوکردۆتەوە.

* بە هۆی ئەو گرووپەی گۆڤاری ئازادیەوە، توانیان گروپی ڕەهەند دابمەزرێنن و ١٨ ژمارە لە گۆڤارەکەیان (ڕەهەند) بڵاوبکەنەوە.

* هەر لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڕۆژنامەی ڕۆژانەی (کوردستانی نوێ)ەوە،لە ساڵی ١٩٩٢ دا، یەکێک بووە، لە ئەندامانی دەستەی دامەزرێنەرانی ئەو ڕۆژنامەیە تا ساڵی ١٩٩٧، کە بە یەکجاری کوردستانی بەرەو فەرەنسا بەجێ هێشت و ماوەیەک لە نوێنەرایەتی (ی.ن.ک) لە سوریا کاری کردووە، پاشان بووە، بە نوێنەری (ی.ن.ک) لە فەرەنسا تا ساڵی ٢٠١٥.

نوسەر چەندان وتار و توێژینەوەی لە ڕۆژنامەو گۆڤارەکاندا بڵاو کردۆتەوە و خاوەنی چەندێن کتێبی چاپکراوە، وەکو:

پارتی سۆشیالیستی فەرەنسی، لە بەربەریەتەوە بۆ ئەنفال، حیزبی پاراستنی چۆنایەتی و ئایا گۆڕانکاری لە عێراقدا ڕوو ئەدات…؟! هەروەها بەرزان دوو دەقی شانۆگەرییشی نوسیوە بە ناونیشانی (خەونە ترسناکەکانی یوسف) و (دۆڕاوەکان).

بەرزان فەرەج لەم سمینارەیدا، کە بە تایبەت لە فەرەنساوە بانگێشت کرابوو، تیشکی خستە سەر کتێبی(شارلی هیبدۆ.. لە پاریس چی ڕووی دا)،کە خۆی بە هاوبەشی (کاک بڕوا بەرزنجی) نوسیوویانە، ناوەڕۆکی کتێبەکە وەڵامی پرسیار گەلێک ئەداتەوە، کە ئایا بۆچی ئەم ناونیشانەیان بۆ کتێبەکەیان هەڵبژاردووە..؟ ئایا بیرکردنەوەیەکی ورد و عەقڵانییە، نوسەرانی کورد خۆیان بخەنە بەرەیەکەوە، کە تێیدا دەستی مەرگ بۆ خۆیان ڕابکێشن و فەتوای ئەو هێزە توڕەیە بەسەر خۆیاندا بسەپێنن..؟! کە لە ڕۆژی 07 جەنیوەری 2015 دا خوێنی چەند ڕۆژنامەنووسێکی کاریکاتۆریستیان لە ناوجەرگەی پاریسی شاری ئازادییەکاندا ڕشت. لەم سمینارەدا ژمارەیەکی بەرچاوی دەستەبژێری ڕۆشنبرانی کوردی هۆڵەندا ئامادەی بوون و لە کۆتاییدا کتێبەکە بۆ ئامادەبووان ئیمزا کرا.

نوسەر لە کرۆکی باسەکەیدا، ئاماژەی بە ناوەڕۆکی کتێبە ٤٠٤ لاپەڕەییەکەی دا، کە لە دوو دەروازە پێک هاتووە، دەروازەی یەکەم: لە لایەن (بەرزان فەرەج)خۆیەوە نوسراوە و هەوڵێکە بۆ خوێندنەوەی ئەو پێشخان و زەمینە مێژووییەی لە فەڕەنسا، کوشتاری شارلی هیبدۆی لە پاریسدا خوڵقاند.

دەروازەی دووەم بریتییە لە چەند چاوپێکەوتنێک و دیدارێک، کە (بڕوا بەرزنجی) دوای ڕووداوەکە، لەگەڵ هەندێک نوسەر و ڕۆشنبیری کورد سازی کردووە، بۆ تێگەیشتن لەو کارەساتە و لە ئیشکالیەتێک، کە بە ناوی تیرۆریزمی جیهادی یان ئیسلامی ڕووبەڕووی ئەوروپا بۆتەوە.

بەرزان فەرەج لە شرۆڤەیەکی چڕوپڕدا، لە سمینارەکەیدا ئاماژەی بە گەلێک چەمکی هەستیاری پەیوەندیدار دا، کە تیشکی خستە سەر سەرەتای سەرهەڵدانی تیرۆر لە دنیا و بە تایبەت لە ئەوروپا و هۆکارە کاریگەرەکانی.

یەکیك لە تەوەرە گرنگەکانی باسەکە، بریتی بوو: من شارلیم بۆ…؟ بەرگری لە ئازادی ڕادەربڕینی هەمووکەسێک بە جیاوازیەکانیەوە، بە بێ ئەوەی بە زەروورەت لە گەڵیدا بین، هەروەها لە سمینارەکەدا جەختی لە کۆدەنگی و گوتاری دەستەجەمعی سەراپای مرۆڤایەتی کردەوە، بۆ پێکەوە ژیان و لێبووردەیی و کەس خاوەنی ناونیشانی (من شارلییم) نییە و هەمووش خاوەنێتیی، نوسەر لە باسەکەیدا ئاماژەی بە خاڵێکی گرنگ دا، ئایا کێ جەنگەکەی بردەوە ..؟ تیرۆری مەرگدۆستی یان ژیان دۆستی…؟

یەکێکی دیکە لە خاڵە جەوهەریەکانی بابەتەکە….نوسەر جەختی لەسەر کردەوە، شارلی هیبدۆ بۆ کوژرا..؟ سوکایەتی (پلازفێم) تاوانە، یان ئازادی ڕادەربڕین…؟ نووسەرانی شارلی هیبدۆ یان کاریکاریستەکان، لەسەر تاوانێک کوژران، کە لە ناو فەرهەنگ و کۆدی تاوانەکاندا، بە زمانی فەرەنسی مانایەکی بۆ نادۆزرێتەوە و لە هیچ یاسایەکی فەرەنسیدا جێگەی نابێتەوە…؟! واتە ئەم کاریکاریستانە، بوونە قوربانی تاوانێک، کە لە فەرەنسادا بوونی نیە…! ئەوان گاڵتەیان بە هەموو شتێک کردووە، سەرزەنشت و پەلکێشی دادگاش کراون، بەڵام نەتوانراوە تاوانبار بکرێن… ئەوان بە تاوانێک سزادران، کە فەرەنسا پێش زیاتر لە دوو سەدە لە فەرهەنگی یاساکانیدا سڕیوێتیەوە و تاوان و سزایەکی وای نەهێشتوە..

 

نوسەر جەختی لەوەکردەوە…ئەبێت لەو تاوانە تێبگەین، ئێستا لە یاسای زۆر وڵاتدا، بە ئاڵۆزی و پڕئەشکالیەت ماوەتەوە، تەنها نەبۆتە بەشێک لە کارو دەستەڵاتی دەوڵەت، بەڵکو بۆتە پانتاییەکی کراوە، بۆ زۆر گروهی ئاینیی و کەلتوری، ئەتنی و باوەڕی، کە کاری تێدا ئەکەن و لە پاڵ دەوڵەتدا خوێندنەوەی بۆ ئەکەن و ئەتوانن بیخەنە خانەی تاوانەوە و سزاشی بۆ دابنێن..

نوسەر ئەوەی ڕوون کردەوە، لە ساڵی ١٧٨٩ەوە وڵاتی فەرەنسا، جۆرێک لە سیستەمی لائیکی پیادە کردووە، لە ڕێگەی جاڕی گەردوونی مافەکانی مرۆڤ و هاونیشتیمانیانەوە، شێوازە دەستەڵاتێکی داهێنا، کە ئاین دووربخاتەوە لە بواری دەوڵەتداری فەزای گشتی و نەبێتە سەرچاوەی هیچ بڕیارێک.

لە فەڕەنسادا کە بە وڵاتی لائیک (سیکۆلاریزم- عەلمانیەت) ناسراوە لە ٩ ی دیسەمبەری ساڵی ١٩٠٥ ەوە، یاسای جیاکردنەوەی کەنیسە لە دەوڵەت ڕاگەیەندراوە. یەکەم دەوڵەتی جیهانە  لە ڕێگەی یاساوە، دەوڵەتی لە دەسگا ئایینیەکان جیا کردۆتەوە. لەو کاتەوە فەرەنسا خەباتی بۆ سێ دروشمی سەرەکی کردووە(ئازادی، یەکسانی، برایەتی).

یەکەم هەنگاوی جیاکردنەوەی ئایین لە دەوڵەت، پەیمانی نیشتمانیی١٧٩٤ بوو، کە بووە بنەمای دەستور.

یەکێکی دیکە لە چەمکەکانی خاوەنباس، کە بە چڕی تیشکی خستبۆسەر، بۆچوونی دەستەواژەی (فەرەنسا وڵاتی کۆچ، خاکی پەناهەندە و گرفتی پێکەوە ژیانی کەلتوری، کۆچبەرانی ئیسلامی لە فەرەنسا) بوو، هەروەها بە درێژی باسی لە هەر سێ جۆرە کۆچەکە کرد بۆ فەرەنسا کراون.

یەکەم: لە سەدەی نۆزدەهەم و شۆڕشی پیشەسازیەوە.

دووەم: لە نێوان هەردوو جەنگی جیهانی یەکەم دووەهەمدا.

سێهەم: شەپۆلی دوای هەفتاکان.

لە تەوەرەیەکی دیکەدا نوسەر باسی سەرەتای کێشەکان، ساناگوترا گیتۆیان و ئۆردوگای کۆچبەرانی کرد و ئاوڕی لە کێشەی حیجاب دایەوە، کە دەروازەیەکی لەسەر پرسیاری ئیسلام و کۆچبەرانی ئیسلامی کردەوە، کە لە مایسی ساڵی ١٩٦٨ ەوە بۆ ئۆکتۆبەری ٢٠٠٥ پێکدادانی کەلتوری و ڕێکخستنی ئیسلامی سیاسی سەری هەڵدا، نوسەر بەراوردێکی ئەکادیمی و سیاسی لە نێوان ئەو دوو مێژووەدا کرد و تا گەیشتە سەر نەوەیەکی وێڵ و نێچیری توندڕەوەکان، ئەم نەوەیەی بووە شوێنی کارکردنی ئیسلامیەکان، دەوڵەتی ئیسلامی، ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانی قاعیدە و  هەموو لقەکانی، تا ئەیانکردنە کاندیدی جیهادی بۆ جەنگ دژی ڕۆژئاوا، تا لەو ژینگەیەدا توانییان شەریف و سەعید و کولیبالی پەروەردە بکەن، بە ڕقێکی سەختەوە کوشتاری شاری هیبدۆ ئەنجام بدەن.

 

نوسەر توانی زۆر بە سانایی و ڕەوانی باسەکەی بۆ ئامادەبووان شیبکاتەوە و ئەوانیش زۆربەیان بەشداری ڕاستەوخۆیان لەگەڵ نوسەردا کرد، بە پرسیار و بەدواداچوونی بەسوود و گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوەی ئازادانە.

لە کۆتاییدا بەڕێز ئاسۆ عەزیز میرزا، لێپرسراو لیژنەی سەرپەرشتی ڕێکخراوی (دیوەخانی کوردی لە شاری زڤۆڵە)، ڕێزی لە کاک بەرزان فەرەج و بەڕێوەبەری سمینارەکە نا و دوو چەپکە گوڵی سوپاسگوزاری پێشکەش کردن.

DSC09989-Paint (Copy) DSC09984-Paint (Copy) DSC09967-Paint (Copy) DSC09959-Paint (Copy) DSC09944-Paint (Copy) DSC00038-Paint (Copy) DSC00032-Paint (Copy) DSC00022-Paint (Copy) DSC00021-Paint (Copy)

پـــەیـــوەنــدیــدار