كورد لە كوێی گەمە سیاسیەكەی ناوچەكەدایە ؟

كورد لە كوێی گەمە سیاسیەكەی ناوچەكەدایە ؟

========================

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com
• لەسەرەتای سەرهەڵدانی تیرۆری داعشەوە لەناوچەكەدا پێش نزیكەی 2 ساڵ لەمەوبەر ، ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆتە گەرمترین ناوچەی جیهان لە شەڕ و ململانێیەكی گەرمی هەموو هێزە ناوچەیی و دونیاییەكانیشدایە و هەریەكەیان و هەر لایەیان گەرەكێتی سەركەوتن بەدەستبێنێت و بەرژەوەندیەكانی بۆ دەیان ساڵی تر بپارێزێت ئەوەش بە پشتگیركردنی مادی و مەعنەوی لایەنە بەشەڕ هاتوەكان لە گۆڕەپانی سەرەكی جەنگەكەدا، ئاشكراشە گۆڕەپانی ئەم جەنگە نەگریس و ماڵوێرانكەرە بریتیە لە خاكی عێراق و سوریا بەتایبەتی و وڵاتانی تری ناوچەكە.
• ئاشكراشە بنەمای سەرەكی ئەم جەنگ و ململانێیانە هەرچەندە سیاسی و سەربازی و ئابورین بەڵام لە ئێستادا بەرگی ئاین و مەزهەبی لەبەر كراوە و جەنگەكە دابەشبۆتە سەر دوو لایەنی مەزهەبی سونە و شیعەی ئیسلامی و هەریەكەیان بیانو و مەرامی تایبەتی خۆی هەیە بۆ یەكلاكردنەوەی جەنگەكە.
• بەرەی یەكەم بریتیە لە بەرەی سونە مەزهەبەكان بە ڕابەرایەتی توركیا و سعودیە و قەتەر و مەقاشی دەستیشیان بریتیە لە هەموو بزوتنەوە سونە مەزهەبە سەلەفیە توندڕەوەكان و لە پێش هەموشیاندا ڕێكخراوی تیرۆریستی داعشە لەم قۆناغەدا و بۆ پشتیوانی ئەمانەش زلهێزەكانی ڕۆژئاوا لە ئەمریكا و تاڕادەیەكیش ئیسڕائیلیش پشتیوانە و بە چەك و تەقەمەنی و هێزی مرۆیی هاوكاری دەكرێن.
• هەرچی بەرەی دووەمی جەنگەكەشە بریتیە لەبەرەی شیعە مەزهەبی ئیسلامی كە خۆی لەدەسەڵاتدارانی عێراق و سوریا دەبینێتەوە و وڵاتی وەكو ئێرانیش پشتیوانی ڕاستەقینەیانە لەگەڵ هەموو ڕێكخراوە توندڕەوە شیعیەكان لە حیزبوڵای لوبنانی و حوسیەكانی یەمەن و …هتد.و لە پشتی پەردەشەوە بە ئاشكرا و نهێنی گەورە زلهێزەكانی ڕۆژهەڵات لە ڕوسیا و تاڕادەیەك چین و كۆریای باكوریش هاوسۆز و هاوكاریان دەكەن.
بەم شێوەیە جارێكی تر ململانێ سیاسی و ئابوریەكانی ئەم ناوچەیە بۆتە خاڵی بەیەك گەیشتنی بەرژەوەندی و ململانێكانی زلهێزەكانی دونیا لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بۆتە چەقی ململانێكان و خاڵی یەكلاكردنەوەی پارسەنگی هێزەكان. و بەم شێوەیە ناوچەكە كەوتۆتە سەر دووڕیانێكی مێژوویی یان بەلای كاولكردن و وێرانبونێكی سەرتاسەری وەكو سەردەمی جەنگی دووەمی جیهانی لە ئەوروپادا یان بەلای گەشە و پێشكەوتنێكی گەورە و گۆڕانكاری ڕیشەیی لە بنەما فكری و ئایدیا و سیستەمە حوكمڕانیە كلاسیكیەكانی ناوچەكەدا، بۆیە ناوچەكە بۆتە كوانوی ململانێكان و ڕۆژ بەڕۆژ بەرە و ئایندەیەكی نادیار هەنگاو دەنێت و هەر سەركردە و وڵات و حومڕانیەكە لەهەوڵی خۆڕێكخستن و ئامادەسازی و پێكەوە گرێدانی هاوپەیمانیە بۆ ڕزگاركردنی خۆی و مسۆگەركردنی ئایندەكەیەتی و لەو پێناوەشدا هەموو ڕێكار و یاسایەك تێدەپەڕێنێت و هەموان گەرەكیانە جێگە و پێگەیەكیان هەبێت لەم گەمە سیاسی و ئابوری و سەربازیەی ناوچەكەدا، چونكە باش دەزانن ئەم قۆناغە قۆناغێكی زۆر مەترسیدار و یەكلاكەرەوەیە و كاریگەری درێژخایەنی دەبێت لەسەر داهاتوو ، بۆیە هەر دەسەڵاتێك بكەوێتە لایەن و بەرەی سەركەوتووی جەنگەكەوە بۆ دوور مەودا ئایندەی خۆی مسۆگەر دەكات و بەپێچەوانەشەوە ئایندەیەكی تاریكی درێژخایەن چاوەڕوانی دەكات.
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە ، كورد لە كوێی ئەم گەمە سیاسیە مەترسیدار و چارەنوسسازەدایە؟
بەداخەوە ئەوەی لەسەر زەمینەی واقیع دەبینرێت و دەبیسترێت و دەخوێنرێتەوە ئەوەیە كە هێشتا كورد خۆی كۆنەكردۆتەوە و ئامادەباشی نەكردوە و ناو ماڵی خۆی ڕێكنەخستوە و كاراكتەرێكی سەرلێشێواو و بێ‌ پشتواپەنایەكی ڕاستەقینەیە و لەكاتێكدا خاكی كوردستانی گەورە بۆتە گۆڕەپانی سەرەكی یەكلاكردنەوەی ململانێكان هەروەك سەردەمی جەنگی چاڵدێران و جەنگی یەكەمی جیهانی و سەردەمی دابەشكردن و ڕێكەوتنامەی سایكسبیكۆی 1916 كە كوردی بۆ ماوەی زیاتر لە 100 ساڵ بەداگیركردن و دابەشكردندا.
كورد لەگەڵ ئەوەی هێزێكی بەژمارە گەورە و زیندووی ناوچەكەیەو نەتەوەیەكی دێرین و خاوەن مێژوو و جوگرافیای گەورەشە لەناوچەكەدا بەڵام بەهۆی نەبونی دەوڵەت و دەسەڵاتێكی بەهێز و سەركردەیەكی دیار و شارەزا و خەمخۆر و دڵسۆز لەم قۆناغەدا نەیتوانیوە خۆی بكاتە كاراكتەرێكی گرنگ و كاریگەر لەگەمە سیاسیەكەدا، بەڵكو ئەوەی هەیە تەنها لە ڕووی سەربازیەوە بۆتە جەنگاوەری پلە یەك و لە بەرەی پێشەوەی جەنگەكەدایە و خوێن و فرمێسك دەڕێژێت لە پێناو هەمواندا و وەك سەربازێكی ون فیداكاری دەكات و ناشزانێت ئایندە بۆ ئەوە دەبێت یان نا. كاراكتەرە سەرەكیەكان لە وڵاتانی ناوچە و زلهێزەكانیش هەریەكەیان بە بیانوو و مەرامی تایبەتی خۆیان پشتیوانی كورد دەكەن بۆئەوەی بیكەنە سەری ڕمەكە و جەنگەكەی پێ‌ ببەنەوە و ئەنجامیش سەركەوتن و دەسكەوتی زیاتر بۆ بەرژەوەندی خۆیانە.
وڵاتانی زلهێز و ناوچەكە هەریەكەیان نەخشەڕێگایەكی ڕون و ئاشكرایان هەیە و دەزانن چیان گەرەكە و چیش دەكەن لەو پێناوەدا و لە پێناو پاراستنی وڵات و بەرژەوەندیەكانیشیاندا هەموو ڕیسوایەك و نەرمیەك و ملشۆڕیەكیش بۆ یەكتری قبوڵ دەكەن( وەك ئەو ڕیسواییەی ئەردۆگان بۆ پۆتین و ڕوسیای نواند و داوای لێبووردنی كرد و لەبەرامبەر ئیسڕائیلیشدا بەهەمان شێوە)) چونكە لەمەترسی قۆناغەكە باش تێگەیشتون، ئەوەی كە تێنەگەیشتوە و تووشی شۆك بوە تەنها كوردە كە نازانێت چی بكات و چی داوابكات و هیچ نەخشە ڕێگایەكی یەكگرتوشی نیە.ئەوەتا لە باشوور ماڵی وێران و سەرگەردان و هەریەكە ئاو لە ئاشی خۆی دەكات و خەریكی ماڵ جیایین لەسەر پۆست و كورسی و دەسەڵاتێكی فشەڵ و بێ‌ مانا، لە ڕۆژئاوا بەهەمان شێوە دوو بەرەی دژ بەیەكتر دروست بوون بە دەسیسەی زۆڵە كورد و دوژمنانی كورد و گەرەكیانە هەموو دەسكەوت و سەركەوتنەكان لەناو ببەن لەپێناو پاوانكردنی دەسەڵاتدا.لە باكوور ڕژێمی ئەردۆگان بەوپەڕی توندوتیژی و فاشیەت و شۆڤێنیەتەوە مامەڵە لەگەڵ داوا ڕەوا و سیاسیەكانی كوردا دەكات و تازە بەتازە گەرەكێتی هیتلەریەتی نوێ‌ و عوسمانیەتی نوێ‌ زیندوو بكاتەوە و سیاسەتی وێرانكردن و سووتاندن و قەدەغەكردن و ڕاوەدوونان پیادە دەكات. لەڕۆژهەڵاتیش كورد ماوەی زیاتر لە 25 ساڵە لەخەوێكی قوڵی بێئاگایدا دەژین و هیچ جوڵە و چالاكیەكیان نیە دژی ڕژێمی ئێران كەچی لە ئێستادا و بەفیت و هاندانی بەرەی توركیا و سعودیە و قەتەر و سونەكان گەرەكیانە ببنە سەرە ڕمی جەنگی دژی ئێران و بەمەش بەرەكە فراوانتر بكەن بەبێ‌ گوێدانە ئەوەی كە ئەم كارەیان ڕاستەوخۆ دەچێتە خانەی دژایەتی كردنی هەرێمی كوردستانی باشوور و ئاگرەكە دەخاتە ناو ماڵی كوردەوە و كوردستان دەكاتە گۆڕەپانە سەرەكیە گڕگرتوەكەی جەنگەكە و ئەوەی هەیە و نیە لەدەستی دەدات.و كوردستانیش بە فیتی سعودیە دەكەنە یەمەنێكی تر.
ئەمە حاڵی كورد و كوردستانە لە ناوچە گەرم و جەنگاویەكەی ڕۆژهەڵاتی ناویندا، كە خۆخۆری و لێكترازان و دووبەرەكی و بونە دەسكێشی دوژمنان سیما دیارەكانێتی. هەربۆیە هیچ ئومێد و هیوایەكی گەش نابینرێت بۆ ئایندە گەر كورد بەم شێوەیە بەردەوام بێت و نێو ماڵی كورد ڕێكنەخاتەوە و پتەوی نەكات و دوورنەكەوێتەوە لە دروشمبازی و دەسكەوتی بچوكی حیزبی و بنەماڵەیی.
كورد لەم قۆناغەدا پێویستە زۆر بەووردی لە پەیوەندیە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان بڕوانێت و لە گەمەی یاریزانەكان تێبگات و پەی بە پیلانە نهێنی و ئاشكراكانیان ببات بۆئەوەی بتوانێت خۆی ڕێكبخات و خۆی بگونجێنێت و دەبێت ئەو ڕاستیە تاڵە لە بیر نەكات (( لە سیاسەتدا دۆست و دوژمنی تاسەر نیە و تەنها بەرژەوەندی تاسەر هەیە)) هەروەك پیلانەكانی جەزائیری 1975 و لە ئیسَتاشدا نزیكبونەوەكانی توركیا و ڕوسیا و ئەمریكاو عەرەبەكانیش، كورد گەرەكە سیاسەتێكی كوردانەی بێلایەنە پیادە بكات و نەبێتە داردەستی هیچ هێز و بەرەیەك بەتایبەتیش ناوچەییەكان، كورد گەرەكە تابتوانێت بەرژەوەندیەكانی لەگەڵ زلهێزەكاندا یەك بخات و پشتیوانی دوور مەودایان مسۆگەر بكات،كورد نابێت بێخەم بێت و پشتی لێبكاتەوە بەبەڵێنی زارەكی و بە پێدانی پارە و پولی حەرام لەلایەن وڵاتانی ناوچەكەوە،ڕاستە وڵاتانی ناوچەكەش كاریگەری خۆیان هەیە و دەسەڵات و هێز و نفوزیان هەیە و لەكۆتادا ئەوان لەسەر زەمینەی واقع بڕیار دەدەن بۆیە نابێت كورد پەیوەندیەكانی لەگەڵیاندا تێكبدات بەڵام ئەوانیش هەروەكو كورد داشی دامە و گەمەیەكی گەورەترن لەناوچەكەدا. بۆیە ئەركی كورد و سەركردایەتیە سیاسیەكەی لەم قۆناغەدا زۆر هەستیار و گرنگە و دەبێت پێش هاویشتنی هەر هەنگاوێك سەدان جار بیربكەنەوە. بەو هیوای كورد لەم قۆناغ و وێسگە چارەنوسسازەدا بتوانێت دەسكەوتی گەورە و مێژوویی وەدەستبێنێت و حسابات و هەڵسەنگاندنی ڕاست و دروست بۆ گۆڕانكاریەكان و پیلان و هاوپەیمانێتیەكان بكات و بزانێت چی دەكات و دەچێتە چ بەرەیەكەوە سەركەوتوو یان ژێركەوتوو. كەهەموو ئەمانەش بیر و ڕاوێژ و كاری وورد و بەردەوامیان گەرەكە بەیەك و یەكگرتوویی ڕیزەكانەوە. بەڵام بەداخەوە كە ئەم خەمخۆری و دڵسۆزیە لەنێو سەركردە و حیزبە سیاسیەكانی كوردا نابینرێت كە ئەمەش بۆخۆی مەترسیە هەرە گەورەكەیە بۆ ئایندە.و دووبارەبونەوەی مێژوە ڕەش و تاریكەكانی ڕابووردوومان وەبیر دەخەنەوە.

پـــەیـــوەنــدیــدار