نابۆحکومەت و دەوڵەتى ئیفلیج!!

نابۆحکومەت و دەوڵەتى ئیفلیج!!

نوسین : هە ژار نامیق

 

 

هەر تاکێک لە هەر کۆمەڵگایەک وەربگریت و لێ بپرسیت دەوڵەت و سەربەخۆییت ئەوێت !؟ بێگومان وەڵامەکەى بەڵێ ئەبێت و ئامادەى ئەوەشە زۆرترین قوربانى بدات ، ئێمەش وەک نەتەوەی کورد لە دێرزەمانەوە هەوڵ و تێکۆشانمان بۆ دروستکردنى دەوڵەتى کوردى بووە و چەندین سەرکردەو کوڕی قارەمان و ئازا لەو ڕێگایەدا شەهید بوون ، دەیان دایک جەرگى سوتاوە و دەیان منداڵ بێباوک و دەیان ژن بێوەژن کەوتوون ! بەڕێزان کاتێک ئێمە ئەتوانین بەهێز بین کە یەکگرتوو بین ئەندامەکانى کۆمەڵگا دژ بە یەک نەبن ، کاتێک ئەتوانین حکومداری و دەوڵەتمەداریەکى جوان و شایستە پێشکەش بکەین کە بەڕاستى سەرکردەکان ئامادە بن لە غرورى سیاسى خۆیان دابشکێنن و لە پێناو بەرژەوەندى وڵات ئامادەى هەموو جۆرە قوربانیەک بن!!

 

نازانم حکومەت و کاربەدەستانى ئەم

کوردستانە ئاگادارى دۆخى خەڵکن ؟ ئایا ڕاوێژکار و ئەوانەى لە دەوریاندان ئەو باس و خواس و قسانەى لە ناو بازاڕ و شەقام و چایخانەکانن بەڕاستى ئەیچرپێنن بە گوێ سەرکردەکان یان هەموو قسەکان پێچەوانە  ئەکەنەوە ، خەڵک بێزارە خەڵک نان و ئاوى نیە بیخوات پێشمەرگە کرێ خانووى نیە بیدات کە بەرگری لە خاک ئەکەن ئەبوو باشترین خەڵاتى دنیا بۆ پێشمەرگە بوایە ، هەموو جومگەکانى حکومەت خەریکە ئیفلیج ئەبێت  و تووشى نەخۆشى لە بیرچونەوە ئەبێت ، ئاو نیە کارەبا نیە پارە و مووچە نیە خزمەتگوزارى سەرەتایش بەرەو پوکانەوە و لە ناو چوون ئەچێت ، بەتەواوى حکومەت بەرەو ئیفلیج بوون ئەچێت و ئەگەر بەم شێوە بەردەوام بین ناومان لە مێژوو تۆمار ئەکرێت بە خراپترین حکومەتدارى و دەوڵەتمەدارى !!

 

بەسە دانیشتن و کۆبونەوە و موزایەدەى سیاسى کاکە حکومەتێک کە دۆخى خەڵکەکەى وێران بێت لە ڕووی داریەوە چۆن ئەبێت وەزیرى دارایەکەى بنێردرێتەوە ماڵەوە ، چۆن ئەبێت ئێمە لەگەورەترین شەڕدا بین و وەزیرى پێشمەرگەکەى لە شاشەی تیڤیەکانەوە سەیرى پێشمەرگەکانى بکات ، ئێمە باس لە پەرلەمان و دیموکراسیەت ئەکەین بەڵام گەورەترین دەزگا کە پەرلەمانە ئیفلیج خراوە و بێگومان هەموو لایەنەکان بەشدارن لەوەی بێدەنگیان هەڵبژاردوە و هەرکەسەو بە پێ قورسایى خۆی! کاکە بە هۆش خۆتان بێنەوە ووڵات گەنجی تیا نەما هەموویمان هەناردەى دەرەوە کردوو ، هەنێکى بە گۆشتى لە قوتو نراوە دێتەوە هەنێکی تریشى بێ سەروشوێن ئاخر وڵاتێک گەنجەکانى بە جێ بهێڵن ئەبێت چى وڵاتێک بێت ، کاکە سەردانى دادگاکان بکەن هێندەی چەند دەوڵەتێک کێشەى کۆمەڵایەتى بوونى هەیە و زیادى کردوە ، دەوڵەتێک کە شیرازەى کۆمەڵگاکەى تێکچووبێت ئەبێت چۆن دەوڵەتێک بێت ..

 

هیوادارم چیدى ئێمە نەخەڵەتێنن بە هەموو لایەنەکانەوە دەبا دەست لە نێودەستى یەکبنێن و حکومەتداریەکى جوان و شایستەى پێشکەش بکەین ،خەڵک بێزار بووە لە ڕووخسارى سیاسیەکانى ئەم نیشتمانە تکایە پێش ئەوەى بە تەواوى ڕوخسارتان ڕەش ببێت هەوڵ بدەن بگەڕێنەوە نێو خەڵکەکەى خۆتان هەر ئەو خەڵکەى تا دوێنێ لە نێوماڵەکانیان نان و ئاوتان ئەخوارد و دواتر خێزانەکانیان ئەکەوتنە بەر ڕەحمەتى شەق و زلەى ڕژێمى گۆڕبەگۆڕەوە …بۆیە لە کۆتایى دەڵێم لەوە زیاتر بەئیفلیجى حکومەتدارى مەکەن و حکومەتێکى ئیفلیجیش تەنها دەوڵەتێکى ئیفلیجى لێ بەرهەم دێت…

بەرەو سەربەخۆیى کورد و کوردستان ..

پـــەیـــوەنــدیــدار