كورد دوای داعش بەرەو كوێ‌؟

كورد دوای داعش بەرەو كوێ‌؟

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com
• پێدەچێت ئەم وتەیەمان بەلای زۆرێكەوە قورس بێت بەڵام ڕاستیەكی حاشاهەڵنەگرە كە بڵێین (( كورد هێندەی زیانی لەدەستی داعش بەركەوتوە دە هێندە قازانجی لێوە دەسكەوتوە))..ئەمە چۆن؟
پێش 2 ساڵ لەمەوە و بەر و كاتێك داعش هێرشی كردە سەر پارێزگای موصڵ و دەوروبەری و داگیری كرد و ڕوویكردە پارێزگای صلاح الدین و نزیك بوەوە لە بەغدادی پایتەخت، كورد دوورە پەرێز بوو لە شەڕی داعش، بەڵام بە پیلانی دوژمنان بوبێت یان بە پلانی كورد خۆی بوبێت داعش لەناكاو ڕووی لە بەغداد وەرگێڕا و ڕوویكردە هەرێمی كوردستان و ئەوەی توانی بیكات لە داگیركردنی شەنگال و ناوچەكانی تر و تەنانەت مەترسی گەورەشی دروست كرد بۆ سەر هەولێری پایتەخت و كەركوكیش و سەرجەم ناوچە سنوریە كوردستانیەكان لە خانەقینەوە تا شەنگال و بەدرێژایی زیاد لە 800 كم كورد و هێزی پێشمەرگە كەوتنە شەڕێكی سەپێنراوی ترسناكەوە و بەسەدان شەهید و بەهەزاران برینداری بەخشیە ئازادی و پاراستنی كوردستان.ئەمە ڕووی مەترسیدار و زیابەخشەكەی داعش بوو بۆ كورد و كوردستان ..بەڵام ڕووە بە قازانجەكەشی ئەوەبوو كە دوای بەرەنگاریە قارەمانەكانی هێزی پیشمەرگە و قوربانیدان و مقاوەمەتە بێوێنەكانیان و دواتر شكستپێهێنانی هێرش و پەلامار و پیلانەكانی داعش هەموو هێزە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان و تەنانەت زلهێزەكانیشی هێنایە سەر ئەو باوەڕەی كە تەنها كورد بەدڵسۆزی و ڕاستگۆیانە ڕووبەڕووی تیرۆرو تیرۆریستانی داعش بۆتەوەو لەسەنگەری پێشەوەی بەرنگاریدایە و بۆتە لەمپەڕی گەورە و بەهێز لە بەردەم پێشەڕەویەكانی داعشدا، هەربۆیە هەموانیان بە مادی و مەعنەوی كەوتنە یارمەتیدان و هاوكاری و پشتیوانی هێزی پێشمەرگە كە ئەم هەنگاوە لە مێژووی خەباتی كوردایەتی چەندین ساڵەدا بێ وێنە بوو چونكە كوردایەتی و بزوتنەوە شۆڕشگێڕیەكەی هیچ كات بە هێندەی ئەم قۆتاغە پشتیوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی نەبوە و هەمیشە بە هێزێكی نەخوازراو و بێزراو و تەنانەت تیرۆریستیش سەیر دەكرا ، بۆیە ئەوەندەی داعش بوە پاڵنەری باش لەهۆكاری ناسین و بەرەو پێشەوە چوونی مەسەلەی كورد لە دونیادا هیچ كات و هیچ هۆكارێكی تر بەهێندەی داعش بە قازانج نەبوە بۆ كورد.
مایەی دڵخۆشیە كە كورد تائێستا زۆر باشی هێناوە لە بەرەنگاری و مقاوەمەتی داعشدا و خۆی سەپاندوە و جێگە پێگەی خۆی لە گۆڕەپانی شەڕ و پەیوەندیە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكاندا كردۆتەوە و هەموان بەبێ‌ جیاوازی بە یار و نەیارەكانیشەوە هێز و توانا و گرنگی پێگەی كوردیان سەلماندوەو لە حساباتی خۆیاندا بەهەند لێی دەڕوانن، لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەكەی كوردستان لە باشوور و ڕۆژئاوا و باكور و لە ئێستاشدا مەسەلەی ڕۆژهەڵاتیش جۆرە جموجوڵێكی بەخۆوە بینیوە.
ئاشكراشە كورد لەم قۆناغە هەستیار و زۆر ناسكەشدا بەداخەوە هەر ڕووی لە سەركەوتن نەبوە بەڵكو بەهۆی كێشە و ململانێ‌ ناوخۆییەكانی حیزب و سەركردە سیاسیەكانەوە لەهەر چوار پارچەكەدا زۆر هەل و هەنگاوی باشتری لەدەست داوە و هەر ئەم ململانێیانە لە ئێستادا بونەتە هۆكاری لێكترازان و لێكدووركەوتنەوە لە یەكتر و زیاتركردنی مەترسیەكان بۆ سەر ئایندەی كورد و كوردستانیش،نەرمی نەنواندان و خۆ بەزلزانین و حساب بۆ یەكتر نەكردن و گوێنەدان بە گۆڕانكاریە مەترسیدارەكان و نەخوێندنەوەی ڕاست و دروستی هاوكێشە و ململانێ‌ و ڕێكەوتن و لێكنزیكبونەوە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان لەسەر حسابی كورد، هەموو ئەمانە بونەتە مایەی هەڵە و دروستكردنی مەترسی بۆ سەر ئایندە.
• پرسیار لێرەدا ئەوەیە ، كە ئایا كورد لە دوای كۆتایی هاتنی داعش چی بەسەر دێت؟ ئایا مەسەلەی كورد بەم گەرم و گوڕی و پشتیوانیە زۆرەوە دەمێنێتەوە؟ ئایا قوربانیدان و مقاوەمەتی كورد ناگۆڕدرێتەوە بە بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوریەكانی دەوڵەتانی ناوچەكە و دونیاش؟
لەئێستادا و دوای ئەو زنجیرە سەركەوتنانەی سوپا و حەشدی شەعبی لە عێراق بەسەر داعش و دەڕپەڕاندنیان و ڕزگاركردنی فەلوجە و گەیارە و ئەنبار و پلان دانانیش بۆ ڕزگاركردنی گەورە شاری موصڵ هەموو ئەمانە وایكردوە كە هێز و توانای سیاسی و سەربازی و ئابوری داعش ڕوو لە پاشەكشەی گەورە و بەرچاو بكات و لە ئێستادا تەنها 12% خاكی عێراقی بەدەستەوە ماوە و داهاتی ئابوریشی بۆ 50% دابەزیوە و توانای سەربازیشی بەرەو كەمبونەوەی زیاتر دەچێت ، ئەمە لە عێراقدا و لە سوریاشدا بەهەمان شێوە ڕۆژ بەڕۆژ بازنەی هێز و دەسەڵاتی داعش ڕوو لە بچوبكونەوەی زیاتر دەچێت، ئەمەش بەهۆی گۆڕانكاری لە هەڵوێست و گوتار و كرداری دەوڵەتانی ناوچەكە بەتایبەتیش پشتیوانانی داعش لە سعودیە و قەتەر و توركیا دێت كە بەهەموو شێوازێكی مادی و مەعنەوی پشتیوانی داعشیان دەكرد و تەنانەت هەندێ‌ دامودەزگای جاسوسی بیانیش ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ پشتیوانی داعشیان دەكرد ،بەڵام لە ئێستادا و كاتێك داعش بوە مەترسی بۆ سەر بەرژەوەندیەكانیان و ترس و مەترسیشی خستە ناو جەرگەی ئەوروپا و ئەمریكاشەوە، ئیدی پلانیان دانا بۆ پێچەوانە مامەڵەكردنیان لەگەڵیدا و هەوڵدان بۆ بچوككردنەوە و لەناوبردنی ، چونكە داعش ببوە ئەو هێزە مەترسیدارە بۆسەر بەرژەوەندیەكانیان،ئەوەتا ڕوسیا و ئەمریكا كەوتونەتە سازشكردن لەسەر مەسەلەی ئایندەی ڕژێمی سوریا و بەهێزكردنەوە و مانەوەشی وبەهێندەی یەكەمجار توند نین بۆ لابردنی ، ئەمەش كاریكردۆتە سەر هەڵوێستی سعودیە و قەتەر و توركیاش كە دژی مانەوەی بەشار ئەسەد و ڕژێمەكەی بوون بەڵام ئێستا دەڵێن دەكرێت نەرمی بنوێنین و باسوخواس لەسەر مانەوەی بكەین، هەرچی ئێران و هاوپەیمانەكانیشێتی لە سوریا و عێراق و حیزبوڵای لوبنانیش سەركەوتنیان لە مانەوە و پاراستنی ڕژێمەكەی سوریادا بەدەستهێنا.
دوای ئەم گۆڕانكاریانە و داننان بە واقیعی ئێستای سوریا و مانەوەی ڕژێمی سوریا، توركیا دەستی كردۆتە سازشكردن لەسەر زۆر مەسەلە و نەرمی زۆری نواندوە تەنانەت تاڕادەی ڕیسوای سیاسیش لە پێناو مانەوەی ئاكپارتی و ئەردۆگانیش خۆی لەدەسەڵات و پاراستنی بەرژەوەندیەكانێتی لە ئایندەدا،ئەوەتا لەگەڵ ئیسڕائیل و ڕوسیادا بە زەلیلانە ڕێكەوت و پەیوەندیەكانی ئایسایی كردۆتەوە و بەنهێنیش لەگەڵ ڕژێمی بەشار ئەسەدیش لە جەزائیر كۆبۆتەوە ولەگەڵ ئێرانیەكان و میسر و سعودیەكانیشدا هەنگاوی بەئاڕاستەی ئاسایبونەوەی پەیوەندیەكانیان هەڵناوە، بۆیە لەم قۆناغەدا و لەو ئاسایبونەوەی پەیوەندیانەدا مەترسی گەورە بۆسەر ئایندە و بەرژەوەندیەكانی كورد دروست دەبێت،كە پێویستە كورد زۆر بە جدی بیر لەو هەنگاو و ئاشتبونەوە و پەیوەندیانە بڕوانێت و سەرپێیانە لێیان نەڕوانێت و بێ‌ باكانەش مامەڵەیان لەگەڵدا نەكات،چونكە بە نەمانی داعش هۆكارێك نامێنێتەوە بۆ هاوكاری و پشتیوانی كورد لە هیچ پارچەیەكدا و بەدڵنیاییش هەموو ئاشتبونەوەیەكی نێوان توركیا و ئێران و سوریا و عێراق بەزیانی گەورە دەشكێتەوە بۆ سەر كورد و كوردستان، بۆیە زۆر دوور نیە بەنەمانی داعش دەوڵەتانی ناوچەكە و دونیا و زلهێزەكانیش بكەونە خۆ بۆ وەدەستهێنانی دەسكەوتی زیاتری ئابوری و سازشبكەن لەسەر ماف و داوا و قوربانیەكانی كورد و بیگۆڕنەوە بە بەرژوەندیە ئابوریەكانیان.
بۆیە قۆناغی دوای نەمانی داعش بۆ كورد یەكلاكەرەوە و چارەنوسساز دەبێت، ئەوەش وەستاوەتە سەر هەڵوێست و گوتار و كرداری حیزب و سەركردەكان لەهەر چوار پارچەكەدا و گەیشتن بەڕێكەوتن و بەهێزكردنی نێوماڵی كورد و وەستانەوە دژی هەموو پیلانەكان و هەوڵدان بۆ پاراستنی دەسكەوتەكان، چونكە بەهێزبونەوەی ڕژێمی سوریا و عێراق و بەهێزبونەوەی پێگەی توركیا لەناوچەكەدا بەزیانی گەورەی كورد دەشكێتەوە و مێژوو و ڕابوودووی هاوپەیمانیە سێ‌ قۆڵیەكانی سەردەمی دوای ڕاپەڕینمان وەبیر دەخەنەوە و ڕێكەوتنی جەزائیری نوێش كارەساتی نسكۆی ساڵی 1975مان وەبیر دێنێتەوە، كەواتە ئایندەی كورد لەم قۆناغەدا تەنها و تەنها وەستاوەتە سەر كورد خۆی كە چۆن بیردەكاتەوە و پلانی چیە و چۆن مامەڵە لەگەڵ گۆڕانكاریەكاندا دەكات و چیش پێویستە بیكات بۆ یەكخستن و بەهێزكردنەوەی نێوماڵی كورد، خوانەكردە گەر ئەم هەلەمان لەكیسدا ئیدی هیچ پێویست بە تانە و تەشەر دان ناكات لەدوژمنان بەڵكو دەبێت هەموو ڕەخنە و گلەیی و ناڕەزاییەكان بكەینە خۆمان بە سەركردە و جەماوەرەوە و ڕازیش بین بەقەدەری نادیار و تاریك و لێڵی ئایندەمان لە پێناوەی چەند دەسكەوتێك و پلەو پۆستێكی زۆر بچوكدا بەرانبەر چارەنوسی گەورەی نەتەوە و خاكەكەماندا.

پـــەیـــوەنــدیــدار