پلانداڕێژەری کودەتا سەربازیەکەی تورکیاو چارەنووسی دوای شکست…

پلانداڕێژەری کودەتا سەربازیەکەی تورکیاو چارەنووسی دوای شکست…

 

ماڵپەڕی سی ئێن ئێن تورک بڵاویکردەوە کە جەنەراڵ ئاکن ئۆزتورک فەرماندەی پێشوی هێزی ئاسمانی تورکیا لەگەڵ زاواکەی، موقەدەمی فڕۆکەوان هاکان قەرەقوش پلاندانەری سەرەکیی کودەتاکەبون.

جەنەراڵ ئاکین ئۆزتورک لەساڵی 2013 دا پاش ئەوەی ژمارەیەک ئەفسەری پلە بەرزی سوپای تورکیا بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتا خرانە زیندانەوە، پۆستی فەرماندەی هێزە ئاسمانییەکانی وەرگرتوە. پاش ساڵێک، واتە مانگی ئابی 2015 پۆستەکەی دراوە بە جەنەراڵ عابدین ئوناڵ، ئۆزتورکیش تەنها ساڵێک ماوەی خزمەتی ماوەو دەبو لە 30ی ئابی ئەمساڵدا خانەنشین بکرێت، کرابویە ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سەربازی.

میدیای تورکی باس لەوە دەکەن کە ئەو ژەنەراڵە  کە لەوێنەکەی سەرەوەدا لەگەڵ ئەردۆگاندا دەبینرێت، هاوسۆزە لەگەڵ بزوتنەوەی خزمەتی رابەری ئایینی تورک، فەتحوڵا گولەن، هەر لەبەر ئەوەشە کە دەستی تۆمەتی بۆ درێژ دەکەن‌و لەپشت کودەتاکەوە دەیبینن.

شەوی کودەتاکە  ئاهەنگی کچی ژەنەراڵێکی پلە بەرزی سەر بەهێزی ئاسمانی بو، بەو بۆنەیەشەوە فەرماندەی هێزی ئاسمانی و هەمو ئەفسەرە پلە بەرزەکانی هێزی ئاسمانی بانگهێشتی ئەو ئاهەنگەکرابون‌و لەئیستەنبوڵ بون، تەنها یەک فەرماندە ناچێت بۆ ئەو ئاهەنگە ئەویش ژەنەراڵ ئۆزتورکەو لەئەنکەرە دەمێنیتەوە.

لەکاتژمێر 10ی دوێنی شەو، ئۆزتورک ئەو هەلە دەقۆزێتەوەو بڕیاری دەستپێکردنی کودەتاکە دەدات.

ئۆپەراسیۆنەکە لەبنکەیەکی سەربازییەوە دەستپێدەکات کە موقەدەم قەرەقوشی زوای سەرپەرشتیی دەکات، لەپاش نیوەڕۆوە بەشی زۆری فەرمانبەرو پلەدارەکانی بنکە ئاسمانییەکە دەنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە بەفەرمانی قەرەقوش.

ئەو کاتەی کە فڕۆکە F16ەکان دەگەنە ئاسمانی ئەنقەرەی پایتەخت‌و بۆردومانی شوێنە هەستیارەکانی دەوڵەت دەکەن، لەئیستەنبوڵیش هێلکۆپتەرێکی جۆری سکورسی لەباخچەی شوێنی ئاهنگەکەدا دادەبەزێت‌و هەموو فەرماندەکانی هێزی ئاسمانی بەفەرماندەی هێزەکەشەوە دەستگیردەکرێن‌و بەرەو شوێنێکی نادیار دەبرێن.

کودەتاچییەکان لەچەند بنکەیەکی تری ئاسمانییەوە پشتگیریی دەکرێن، لەوانە بنکەیەکی ئاسمانی لەئەنکەرەو بنکەیەکی ئاسمانی لەئینجەریک لەئەدەنە.

لەکاردانەوەی ئەم جموجۆڵەدا، ئەو فڕۆکە F16ـانەی  هەمیشە لەحاڵەتی ئامادەباشیدان، رادەسپێردرێن بۆ ئەوەی دوای کودەتاچییەکان بکەن. رەجەب تەیب ئەردۆگان کە بەپێی یاسا فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانە فەرمانیان پێ دەکات لێیان بدەن، بەم شێوەیەش وردە وردە کۆنترۆڵی ئاسمان دەگرنەوە دەست.

کەمێک پێش ئێستا میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، ئەردال ئۆزتورک، فەرماندەی فەیلەقی (٣) لە سوپای تورکیا، لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە

بەگوێرەی ھەواڵەکە، ئەو فەرماندەیەی سوپای تورکیا تۆمەتی نەخشەدانانی کودەتا سەربازییەکەی خراوەتەپاڵ، کە شەوی رابردوو ئەنجامدراو دوای چەند کاتژمێرێکیش شکستی ھێنا

بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، تائێستا سەدان ئەفسەرو سەربازی سوپای تورکیا، بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کودەتا شکستخواردووەکەی دوێنێ دەستگیرکراون

پـــەیـــوەنــدیــدار