کەنەدا کۆنفرانسێك بۆ کۆمەك و هاوکاری ئیزیدییەکان بەڕێوەدەچێت

کەنەدا کۆنفرانسێك بۆ کۆمەك و هاوکاری ئیزیدییەکان بەڕێوەدەچێت

 

عوسمان عەلی . کەنەدا

 

لەسەر داخوازی رێکخراوی سندوقی خیرخوازی ئیزیدیەکان لە ئەمریکا ، رۆژی ١٣/ ١٢/ ٢٠١٥ ماڵی کوردی تورونتۆ لە ژێر دروشمی کوشتنی بە کۆمەڵ و ئاوارەبوونی ئیزیدییەکان کۆنفرانسێکی بەمەبەستی هاوکاری وبە جینوساید ناساندنی ئێزیدییەکان لە هۆڵی نۆرت یورك سڤیك سەنتەری – ی تورونتۆ رێکخست .

سەرەتا بە مارشی نیشتمانی ( ئۆ کەنەدا ) و سروودی ئەی رەقیب و ساتێك وەستانی بێدەنگی بۆ رێزگرتن لە قوربانیانی ئیزیدی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان کۆڕەکە دەستی پێکرد . پاشان مەریوان کێستەیی و راژان ئەمین بەخێرهاتنی ئامادەبووان کراو تەوەر و بەرنامەی کۆنفرانسیان بۆ ئامادەبووان ڕوونکردەوە.

لەو کۆنفرانسەدا کە رێکخراوەکانی ئەنجوومەنی شەنگال دیاسپۆرا لە ئەڵمانیا و رێکخراوەکانی ئێزیدی لە وڵاتانی سوید و فەرەنسا و ئەمریکا و کەنەدا و هەروەها نوێنەری حزب و کۆمەڵەی ئەنجوومەنی میللی کلدانی سریانی ئاشووری و سەنتەری کۆمەڵەی جوولەکە لە تورونتۆ و کۆمیتەی رێکخستنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە پێك هاتبوون لە بەرپرس و کارگێری کۆمیتە سەباح عەنکاوەیی و عوسمان عەلی و بەرێز دوکتۆر رێبوار ئیسماعیل جێگری بەرپرسی مەڵبەندی ٣ ی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئامادەی بوون ژمارەیەك وتار و دوو پانێڵی تایبەت بە جینوساید و کۆمەکی ئاوارەکان پێشکەشکران .

سەرەتا چەتۆ وانی بەرپرسی ماڵی کوردی تورونتۆ لە وتارێکدا بەخێر هاتنی میوانانی کرد و پاشان مەبەستی رێکخستنی کۆنفرانسەکەی لە دوو خاڵدا بۆ ئامادەبووان روونکردەوە یەکەم بۆ گەیاندنی جینوسایدی ئیزیدییەکان لە کەنەدا ، دووەمیش  بۆ  کۆمەك و هاوکاریکردنی ئاوارەکانی شەنگال بەتایبەتیش دوای ئازادکردنی ناوچەکە و گەڕانەوەی خەڵکەکە بۆ زێدی خۆیان و دابینکردنی پێداوێستی بژێوی ژیانیان .

دوو وتار لەلایەن هادی ئەلیس لێپرسراوی مەڵبەندی زانیاری تورونتۆ و نوێنەری رێکخراوی سەنتەری جولەکە لە تورونتو پێشکەشکران .

یەکەم پانێڵی هاوبەش تایبەت بوو بە باس و لێکۆڵینەوە لەسەر پرۆسەی تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و پاکتاوی نەژادی و فڕاندنی کچان و ژنانی ئێزیدی  دوای داگیرکردنی شەنگال لە ٣/ ٨ / ٢٠١٤ لە لایەن چەکدارانی داعش و کاریگەری دەروونی لەسەر خەڵکی ناوچەکە ، بەسەرپەرشتی زەکەریا عومەر بۆ هەریەك لە فیکرەت ئیگریك بەرپرسی ئەنجوومەنی ئیزیدییەکان لە ئەڵمانیا و دیندار شێخانی بەرپرسی رێکخراوی لالش لە سوید و کازیوە ساڵح کاندیدی دوکتورا لە بواری جینوساید لە زانکۆی یۆرك و ئەندامی رێکخراوی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی و رەفیق سەعنی سەرۆکی کۆمەڵەی هاوکاری ژنانی ئازادکراوی ئیزیدی بەڕێوەچوو .

بەشداربووانی پانێڵ پشتیوانی خۆیان بۆ کوردانی ئیزیدی دەربڕی و ئاماژەیان بە بەڵگەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی کوشتنی ژن و پیاو منداڵی ئێزیدییەکان دا کە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە شەنگال ئەنجامدراوە . نوێنەری ئەنجوومەنەکانی پانێڵ لە باسەکەیاندا خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا بۆ بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بە ناساندنی جینوساید ئیزیدییەکان . هاوکات  ڕۆڵی هاوکاری سەربازی و پشتیوانی وڵاتانی هاوپەیمانان بۆ هێزەکانی پێشمەرگەو شەڕڤانان لە شەڕی دژە تیرۆری چەکدارانی داعش بەرز نرخاند  .

لە درێژەی پانێڵدا شرۆڤە و  لێکۆڵینەوە بۆ جینوسایدی ئێزیدیەکان کرا ،  کازیوە ساڵح  چالاکوانی مافی مرۆڤ لە سەرەتای باسەکەیدا وەکو پێناسەیەك ئاماژەی بە ناو کەلتوورو رەچەڵەكی ئیزیدییەکان کرد  ، پاشان تیشکی خستە سەر پرۆسەی جینوسایدی نەتەوەکانی ئەرمەن و جوولەکە و کورد لە سەردەمی ڕابردوودا ، خاتوو کازیوە  بەشێکی پانێڵەکەی تەرخانکرد بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەی کە هەمیشە لەناو خەڵکیدا باوە کە بۆچی ئێزیدییەکان زیاتر ڕووبەڕووی جینوساید دەبنەوە و ژنەکانیان لاقە ئەکرێت ؟ ئایا لەبەر ئەوەی موسڵمان نین ؟ کازیوە بۆ ئامادەبووانی روونکردەوە کە ‘ ئیزیدییەکان لەبەر ئەوەی کە کوردن بۆیە دووچاری جینوساید بوون نەك لەبەر ئەوەی کە موسڵمان نین ، بۆ بەڵگەی ئەمەش  زیاتر روونی کردەوە کە لە میانەی دیداری چەند کەسێكی ئازادکراوی کچان و ژنانی ئیزیدی ئاشکرایان کرد کە ئەوان لەلایەن تیرۆرستانی داعش دوای بە موسڵمانکردنیان و نوێژ کردنیش لاقە کراون یاخود لەبازاڕی کڕین و فروشتندا مامەڵەیان پێوە کراوە .  ئەمە یەکێکە لەو بەڵگانەی کە لاقە کردنی کچانی ئیزیدی پەیوەندی بە نا موسڵمان بوونی ئەوانەوە  نییە. نموونەشی بۆ ئەوە هێنا کە  پێشتریش لە پرۆسەی ئەنفاڵ بە هەمان شێوە کچ و ژنانی کورد کە موسڵمانیش بوون لاقە کراون یان فرۆشراون بە یانەکانی وڵاتانی دیکەی عەرەب ، وە ئەو کەسانەشی مامەڵەی کۆیلەتی و فروشتن بە ژنانی کوردەوە دەکەن هەمووی کەسانی سروشتین لە نەتەوەی موسڵمانی عەرەبن ، کەواتە  ئەم ڕەفتارە پەیوەندی بە کەلتوور و ئاینی خۆیانەوە هەیە . بۆیە هەمیشە ژنانی کورد لەلایەن داگیرکەرانەوە  لەبەر کورد بوون لاقە کراون ، چونکە یەکێك  لە بنەماکانی لاقەکردنی ئینسانی کورد ئەوەیە کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە هەمیشە کارەکتەرەکانی جینوساید لەناو ئەو  میللەتەی کە لاقە ئەکرێن بەردەوام کارەکتەرەکانی جینوساید خۆی زیندوو ئەکاتەوە  . چونکە داگیرکەران کوردیان بە موسڵمانی ساختە زانیوە  ، ئیتر کورد موسڵمان بێت یان نا لاقە ئەکرێت بۆیە دەبێت کورد خۆی ئەم ڕاستییە بزانێت . ئەگینا هەزاران جاری دیکەش داگیر ئەکرێت و لاقە ئەکرێتەوە .

جێی ئاماژەیە کازیوە ساڵح چالاکوانی مافی مرۆڤ و جینوساید ئاشکراشیکرد کە سەرۆك وەزیرانی نوێی کەنەدا جوستن تڕودۆی ئاگادار کردووە  کە چۆن بایەخ بە ئاوارەکانی سوریا دەدات بە هەمان شێوە کار بۆ ئێزیدییەکانیش بکات و بییانهێنێت بۆ کەنەدا.

فیلمێکی  دیکیۆمینتاری سەبارەت بە داگیرکردنی ناوچەی شەنگال لەلایەن تیرۆرستانی داعش و ئاوارە بوونی خەڵکی ناوچەکە بەرەو کەمپەکانی باشوور و رۆژئاوای کوردستان و گوزەرانیان لە کەشوهەوای زستانی ناو  ئوردوگاکاندا نمایشکرا .

لە میانەی کۆنفراسەکەدا تابلۆیەکی سەمای ماتەمینی لەلایەن تیپی کۆما دیلان بەسەرپەرشتی فەتحی کەرەکچی پێشکەشکرا . بەجۆرێك سەرنجی ئامادەبووانی بۆ لای پیرۆزی لالشی شەنگال و ئیزیدییەکان ڕاکێشا .

دواتر دووەم پانێلی تایبەت بە کۆمەک و هاوکاریکردنی ئاوارەکانی خەڵکی شەنگال بەبەشداری فەرهاد جوندی لە رێکخراوی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە فەرەنسا وسەیڤی داود نوێنەری ئەنجوومەنی هاوکاری ئیزیدییەکان لە ئەمریکا و سەلام داود چالاکوان  لە رێکخراوی  مافی مرۆڤ لە وڵاتی سوید و لوسی ئۆسویان ژنە چالاکوانی جڤاتی خێرخوازی ئێزیدییەکان لە کەنەدا و دوکتۆر لیلی چارنیڤا لە باکووری کوردستان بەڕێوەچوو ، باسی بەشداربووانی پانێل بە گشتی گوزارشت بوون لە ئاوەدانکردنەوەی ناوچەی شەنگال و دەوروبەری و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ زێدی خۆیان ، هەروەها داواشیان لە سەرمایەداران و رێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان کرد کۆمەکی تەواوی ئاوارەکانی شەنگال بکەن بۆ رزگار کردنیان لە ژیانی ئاوارەیی و مەینەتی کەمپەکان .

لە کۆتاییدا لیژنەیەك لە هەردوو رێکخراوی ماڵی کورد و سندوقی خێرخوازی ئێزیدیەکان پێکهێنرا بۆ وەرگرتنی کۆمەك و یارمەتی ئاوارەکانی شەنگال .

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە