لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا ،قوباد تاڵه‌بانی: یه‌كڕیز نه‌بوومان شه‌رمه‌

لە ڕۆژی ئاڵای کوردستاندا ،قوباد تاڵه‌بانی: یه‌كڕیز نه‌بوومان شه‌رمه‌

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: ده‌بێت ئه‌و ئاڵایه‌ یه‌كمان بخات نه‌ك دوورمان بخاته‌وه‌ له‌یه‌كتر، چونكه‌ ئه‌مڕۆ ناتوانین یه‌كڕیز نه‌بین، خه‌ڵكیش لێمان قبوڵ ناكات.
ئه‌مڕۆ 17-12-2015 له‌ناو باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ ئاماده‌بوونی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌ وه‌زیران و كارمه‌ندان و فه‌رمانبه‌رانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران مه‌راسیمی رۆژی ئاڵای كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
قوباد تاڵه‌بانی له‌وتارێكدا رایگه‌یاند: له‌پێناو ئه‌و ئاڵایه‌دا چه‌ندین شۆڕش كراوه‌ و هه‌زاران كه‌سی له‌سه‌ر ئه‌نفالكراوه‌ و هه‌زاران كه‌سی له‌سه‌ر بێسه‌روشوێن كراوه‌.
تاڵه‌بانی وتیشی: له‌ژێر ئه‌و ئاڵایه‌دا پێشمه‌رگه‌ به‌ هه‌موو ره‌نگه‌كانه‌وه‌ گیانی خۆیان به‌خت ده‌كه‌ن، ئه‌م ئاڵایه‌ ده‌بێت یه‌كمان بخاته‌وه‌ .
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران وتیشی: ئه‌مڕۆ ده‌بێت به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و شه‌خسی وه‌لا بنێین و یه‌كڕیز بین و خۆمان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده‌ بكه‌ین.
قوباد تاڵه‌بانی سه‌باره‌ت به‌ یه‌كڕیزی له‌ژێر ئاڵای كوردستان راشیگه‌یاند: جێی شه‌رمه‌زارییه‌ ئه‌گه‌ر نه‌توانین یه‌كڕیزی خۆمان بپارێزین ، ده‌بێت ده‌ست له‌ناوده‌ست بۆچاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان هه‌نگاو بنێین.
سه‌باره‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانیش وتی: بۆمان نییه‌ بێ وه‌فا بین به‌رامبه‌ر ئه‌و قاره‌مانانه‌ی كه‌ رۆژانه‌ی گیانی خۆیان له‌پێناو كوردستان به‌خت ده‌كه‌ن.
تاڵه‌بانی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی كوردستان و ناوچه‌كه‌ش وتی: له‌ئێستا درزمان كه‌وتۆته‌ نێوان و نه‌یارانی ئێمه‌ هه‌وڵده‌ده‌ن ئه‌و درزه‌ قوڵتر بكه‌نه‌وه‌، هه‌ر بۆیه‌ ده‌بێت یه‌كڕیز بین و خۆمان بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده‌ بكه‌ین.

ده‌قی وتاره‌كه‌….
به‌یانیتان باش
ئه‌مڕۆ رۆژی ئاڵای كوردستانه‌.
ئه‌و ئاڵایه‌ی كه‌ چه‌ندین شۆرشی له‌سه‌ر كراوه‌
سه‌دان هه‌زار كه‌سی له‌سه‌ر ئه‌نفال كرا
هه‌زاران دێی له‌سه‌ر وێران كرا
سه‌ركرده‌ مێژوویه‌كانمانی له‌سه‌ر سێداره‌دران
قاره‌مانه‌ مێژوویه‌كانی كوردستانی له‌سه‌ر شه‌هید كران
گه‌له‌كه‌مانی له‌سه‌ر بێ سه‌ر و شوێن كرا
ئه‌و ئاڵایه‌یه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ پێشمه‌رگه‌و هێزه‌ به‌رگریه‌كانی دیكه‌ی كوردستان له‌ پێناوی شه‌هید ده‌بن
ئه‌و ئاڵایه‌یه‌ كه‌ ده‌بێت یه‌كمان بخات، نه‌ك دوورمان بخاته‌وه‌ له‌ یه‌كتری.
پێویسته‌ هه‌موومان له‌ پێناوی خه‌بات بكه‌ین. چ خه‌باتی سیاسی، یان مه‌ده‌نی یان سه‌ربازی

به‌ڕێزان.
ئه‌مڕۆ ده‌رفه‌تێكه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بیری خۆمان بێنینه‌وه‌، كه‌ ئه‌م ئاڵا پیرۆزه‌، ئه‌م ئاڵا ره‌نگین و جوانه‌مان له‌ سه‌رووی هه‌موو ئاڵاو شیعاری حزبیه‌.
له‌ سه‌روو هه‌موو كه‌سایه‌تی، و داموده‌زگا حكوومیه‌.
“راسته‌ ئه‌مڕۆ حكومه‌ته‌كه‌مان فره‌ لایه‌نه‌ كه‌ هه‌ر لایه‌نه‌و خاوه‌نی ئاڵایه‌كه‌”
به‌ڵام ده‌بێت هه‌موومان له‌ ژێر ئاڵای كوردستان له‌ خزمه‌تی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانبین.
نابێت له‌ بیرمان بچێت كه‌ ئه‌م ئاڵایه‌ له‌ پێش ئێمه‌ هه‌بوو، و له‌ دوای ئێمه‌ش هه‌رده‌مێنێت.
نابێت كه‌سمان وا تێبگه‌ین كه‌ له‌م ئاڵایه‌ گه‌وره‌ترین.
گرنگ نیه‌ تازه‌ هاتبین یان ده‌یان ساڵ خه‌باتمان كردبێت ده‌بێت له‌ ژێر سایه‌ی ئاڵاكه‌مان سه‌ر نه‌ویكه‌ین. ئێمه‌ ئه‌مڕۆ پێویستمان به‌ قوه‌تی ئاڵاكه‌مانه‌. بۆ ئه‌وه‌ی یه‌كمان بخاته‌وه‌. ئازیزان، ئێمه‌ ئه‌مرۆ درزمان تێكه‌وتووه‌. ململانه‌ی حزبی، و كێشه‌ سیاسیه‌كانی كوردستان درزێكی گه‌وره‌ی خستووه‌ته‌ ناو كۆمه‌ڵگاكه‌مان.
له‌ كاتێك كه‌ نه‌یاره‌كانمان له‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وامن بۆ ئه‌وه‌ی شكست به‌ ئه‌زموونه‌كه‌مان بهێنن.
نه‌یارانمان به‌رده‌وامن له‌ هه‌وڵیان بۆ قووڵتركردنی درزه‌كانی نێوانمان.
له‌ كاتێكدا پێشمه‌رگه‌كانمان، چ پارتی بن، چ یه‌كێتی، چ ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری لایه‌نی دیكه‌و یاخود بێ لایه‌نن پێكه‌وه‌ شه‌هید ده‌بن.
پێكه‌وه‌ دوژمانمان له‌ناو ده‌به‌ن. پێكه‌وه‌ كوردستان ئه‌پارێزن. جێی شه‌رمه‌زاریه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ نه‌توانین یه‌كڕیزیه‌كه‌مان بپارێزین.
قه‌یرانی دارایی و ئـابووری گشت لایه‌كی گرتووه‌ته‌وه‌، ته‌واوی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستانی گرتووه‌ته‌وه‌
پرۆژه‌ له‌ هه‌ر چوار پارێزگا وه‌ستاون جێی نیگه‌رانیه‌ كه‌ له‌جیاتی ئه‌وه‌ی پێكه‌وه‌، ده‌ست له‌ ناو ده‌ست هه‌وڵ بده‌ین بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كامان، رۆژانه‌ له‌هه‌ندێك كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆن و ماڵپه‌ڕ و فه‌یسبووك قسه‌ی ناشرین و دوور له‌ ئه‌خلاقی سیاسی و كۆمه‌ڵایتی به‌ یه‌كتری ئه‌گوترێت.
ده‌ با ئه‌مڕۆ، كه‌ رۆژی ئاڵاكه‌مانه‌، به‌رژه‌وه‌ندیه‌ ته‌سكه‌كانی حزبه‌كانمان، و به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسیه‌كانمان به‌ لاوه‌نێین و كارێكی جدیتر بكه‌ین بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی كوردستانه‌كه‌مان.
ئه‌مڕۆ ناتوانین یه‌كریز نه‌بین. نابێت. نه‌ئه‌بێت خۆمان له‌ خۆمانی قه‌بووڵ بكه‌ین، نه‌ خه‌ڵك لێمان قه‌بووڵ ئه‌كات. نه‌ ناوچه‌كه‌ی كه‌ تێیدا ئه‌ژین ئه‌وه‌نده‌ ئارام و سه‌قامگیره‌، نه‌ وڵاته‌كه‌ی كه‌ به‌شێكین لێی ئارام و سه‌قامگیره‌. ئێمه‌ ده‌بێت بۆ هه‌موو ئه‌گه‌رێك ئاماده‌ بین. ده‌بێت پێشبینی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ خه‌ریته‌ی سیاسی و جیۆگرافی ناوچه‌كه‌ بگۆردێت. ده‌بێت ئاماده‌ ببین ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هه‌ر هۆیه‌ك یه‌كپارچه‌یی عێراق نه‌ما.
ده‌بێت به‌هێز بین بۆ ئه‌وه‌ی نه‌هێڵین كێبڕكێ مێژوویه‌كانی ناوچه‌كه‌ زیان به‌ كوردستانه‌كه‌مان بگه‌یه‌نێت.
شاراوه‌ نیه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ ساحه‌ی عێراق و ناوچه‌كه‌دا شه‌ری گه‌وره‌ له‌ ئارادایه‌. و ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی روون نیه‌. و ئه‌گه‌ر ئاگامان له‌ خۆمان نه‌بێت، نه‌ك ته‌نها یه‌كپاڕچه‌یی عێراق له‌ ناوده‌چێت به‌ڵكو یه‌كپارچه‌یی كوردستانیش له‌ مه‌ترسیدا ده‌بێت.
بۆ ئاماده‌بوون یان به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ئه‌م ئه‌گه‌رانه‌ پێویستمان به‌ یه‌كڕیزیه‌. یه‌كڕیزیش له‌ ژێر یه‌ك ئاڵا. ئه‌ویش ئاڵای كوردستانه‌.
گه‌ر یه‌كریز بین، پشت به‌ خوا و ئاڵاكه‌مان ده‌توانین به‌رامبه‌ر هه‌موو ته‌حه‌داكانه‌وه‌ بووه‌ستین.
ده‌توانین كێشه‌كانی په‌یوه‌ندیدار به‌ سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
ده‌توانین په‌رله‌مان بخه‌ینه‌وه‌ كار ده‌توانین حكوومه‌ته‌كه‌مان كاراتر بكه‌ین.
ده‌توانین گوڕووتینێكی زیاتر بده‌ین به‌ پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانی به‌ره‌ی جه‌نگی دژی تاریكپه‌رستانی داعش ده‌توانین پێكه‌وه‌ باری به‌رپرسیاره‌تی بۆ ئیداره‌دان و چاره‌سه‌كردنی قه‌یرانی دارایی بگرینه‌ ئه‌ستۆی خۆمان.
به‌رپرسیاره‌تیه‌كی مێژوو سپێردراوه‌ به‌ گشت لایه‌كمان. له‌ جه‌نابی كاك مه‌سعووده‌وه‌ تاكو ساده‌ترین هاوڵاتی كوردستان. و ده‌بێت هه‌ر یه‌كه‌مان به‌ پێی ئه‌و به‌رپرسیاره‌تیه‌ مامه‌ڵه‌ بكه‌ین.
تا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ئاڵاكه‌مان خه‌بات بكه‌ین، مه‌جالی سه‌ركه‌وتنمان زیاتره‌، كه‌ی لاماندا له‌و مه‌بده‌ئه‌، به‌ دڵنیایه‌وه‌ سه‌رناكه‌وین.
بۆمان نیه‌ سه‌رنه‌كه‌وین و كوردستانێكی یه‌كپارچه‌و ته‌ندروسست بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو به‌جێنه‌هێڵین.
بۆمان نیه‌ بێ وه‌فا بین به‌رامبه‌ر ئـه‌و قاره‌مانانه‌ی گیانیان له‌ ده‌ست دا له‌ پێناوی پاراستنی خاك و نیشتیمانمان بێوه‌فا نابین، و پێكه‌وه‌ به‌ یه‌كێتی نێو ریزه‌كانمان سه‌ر ئـه‌كه‌وین.
بژی كوردستان..
بژی ئاڵاكه‌مان..
ھه‌ر سه‌ربه‌ز بن

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە