عەدنان موفتی: رەسوڵ مامەند، سەركردەیەكی خۆشەویست‌و خاوەن متمانەیەكی گەورە بوو

عەدنان موفتی: رەسوڵ مامەند، سەركردەیەكی خۆشەویست‌و خاوەن متمانەیەكی گەورە بوو

هەڤاڵان مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕیی، عەدنان موفتی‌و قادر عەزیز، ئەندامانی مەكتەبی سیاسی‌و زوبێر عوسمان، جێگری یەكەمی سكرتێری ئەنجومەنی ناوەند‌و ژمارەیەك لەهەڤاڵانی ئۆرگانەكانی یەكێتیی، دوابەدوای بەشداریكردن لەڕێوڕەسمی بەخاكسپاردنی تێكۆشەرو پێشمەرگەی دێرین د.عەلی، لەشاری رانییە، ئێوارەی (9/10/2016) لەگوندی بەردەشان، سەردانی ئارامگای رەسوڵ مامەندی سەركردەیان كرد.
لەوتەیەكیشدا، هەڤاڵ عەدنان موفتی، سەردانەكەی بەوەفاداری بەرامبەر بەمێژووی خەبات‌و قوربانیدانی ئەو سەركردەیە ناوبردو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد:
هەركاتێك ناوی رەسوڵ مامەندی سەركردە دەهێنین، مێژوویەكی پڕ سەروەری دێتەوە یاد‌و سەركردەیەك دێتە بەرچاومان، كە لەرۆژانی سەختدا، سەركردایەتی حزبێكی تێكۆشەری كردووەو لەناو یەكێتیشدا، ئەندامی مەكتەبی سیاسی بووە‌و كاتێكیش كۆچی دوایكرد، لێپرسراوێتی دەستەی كارگێڕی لەئەستۆدا بووە.
لەدرێژەی وتەكەیدا، هەڤاڵ عەدنان موفتی، ئاماژەی بەمێژووی خەباتی پێكەوەیی لەگەڵ خوالێخۆشبوو رەسوڵ مامەندی سەركردەدا كردو وتی: هەركاتێك یادی ئەم تێكۆشەرە دێرینەی گەلەكەمان دەكەمەوە، ئەوەی زیاتر لەهەرشتێكی تر دێتەوە یادم وەفادارییە‌و رایگەیاند: هەڤاڵ رەسوڵ مامەند، وەفاداری هەڤاڵ، هاوڕێ‌، پێشمەرگەو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بوو. سەركردەیەكی خۆشەویست‌و لەناو هەڤاڵەكانیدا خاوەن متمانەیەكی گەورە بوو.
راشیگەیاند: هیچ كاتێك ئەو پیاوە تێكۆشەرە گەورەیە، باوەڕی بەكورد كەمم نەبووەو بێ ئومێد نەبووە، بەڵكو هەمیشە دەیوت: سەركەوتن نزیكەو سەریشدەكەوین.
هەڤاڵ عەدنان موفتی، باوەڕ‌و خۆڕاگری سەركردەی نەمر، رەسوڵ مامەندی بەنمونە هێنایەوەو بەهێزی گەورەی پشتیوانی بۆ پێشمەرگە ناوبردو جەختیشیكردەوە، كە:
شانازییەكی گەورەیە بۆ دەڤەرەكەو بۆ بنەماڵەكەشی، كە سەركردەیەكی وا گەورە لەنێوتاندا هەڵكەوتوە. هەروەك ئەویش شانازی بەئێوەو بەشەهیدەكانتانەوە دەكرد، كە بەر لەراپەڕین، بەتەنها لەخزم‌و كەسوكارە نزیكەكانی (29) كەسی شەهید ببون‌و ئەمەش سەروەرییەكی ترە.
لەكۆتایی وتارەكەشیدا، هەڤاڵ عەدنان موفتی، رایگەیاند: ئێستاش كە لەحزوری گڵكۆی ئەم سەركردە تێكۆشەرو گەورەیەداین، جارێكی تر سڵاو بۆ رۆحی پاكی رەسوڵ مامەندی سەركردەو سەرجەم شەهیدانی كوردستان دەنێرین.

3 1

پـــەیـــوەنــدیــدار