ئەردۆغان ئەوەنەش بچووک نیە

ئەردۆغان ئەوەنەش بچووک نیە

 

ئەردۆغان لە تورکیا سەرۆکە، پیاوێکە جەماوەرێکی زۆری هەیە و دەنگدەرێکی مەبدەئی لە دور کۆبووەتەوە جگە لەوە ئیخوانە و ئیسلامیە دەنگی ئیسلامیەکانی تورکیای بە نەتەوە جیاوازەکانەوە بەدەستهێناوە، بەڵام لە زیادە ڕۆیی کردنی خۆییدا لە پیاوێکی خۆشەویست و ئارام و بە رێپیشاندەری دەرچوونی ئابوری تورکیا لە قەیرانی دارایی وڵاتەکەی.

ئەم هێزە ناوەکییەی تورکیا وای لە ئەردۆغان کرد گومڕاببێت و پەلاماری هەموو دراوسێکانی بدات( ئێران، سوریا، عێراق، ئیسرائیل) بێتە رکابەری سعودیە بۆ ئەوەی سوڵتە رابەرایەتی جیهانی ئیسلام وە چنگ بخات.

لە هەموو خراپتر لە شەڕی سوریادا پەلاماری روسیای دا کە بە سەرۆکایەتی جەمسەرێکی جیهان ناسراوە.

دواتر دورخستنەوەی چەندین هاوڕێی خۆیی لە هاوکار و پشتی راستەقینەی خۆی کە ئەو سەرکەوتنەیان بۆ مسۆگەر کردووە، (عەبدوڵا گویل و ئەحمەد دواد ئۆگڵۆ).

پێشتریش پەلاماردانی گولەنیەکان لە سەرەتای دەرکەوتن و رێڕەوی سەرکەوتنەکەیدا پشتیان گرتووە.

یەکێکی تر لە هەرە سەرەکی ترین کارەکان راگرتنی شەڕی پەکەکە بوو کە ئابوری لە رێگەی کەرتی گەشتیاریەوە بوژابووەوە بەڵام دووبارە دەستی کردەوە بە شەڕ و زیانی کەرتی گەشتیاری زۆر لەسەری کەڵەکە بوون.

دواتر کودەتاکەی بەسەردا هات(هەرچەندە دەنگوباس زۆرە لەسەر راستی و ناڕاستی و سیناریۆ) بەڵام تا ئێرە و نوکتە سەری دێڕ، بەخۆدا چوونەوەی کرد.

لەگەڵ ئیسرائیل پەیوەندیەکانی باش دەکاتەوە، لەگەڵ روسیا پەیوەندیەکانی باش دەکاتەوە، مامەڵەی غروری وای لێکردوە هەست بە دوژمنی زۆری خۆی بکات، ئێستا هەست بە پێویستی ئەوە بکا کە قەرەبووی غروریەکانی بکاتەوە، ئامادەیە سەردانی پۆتین بکات و بچوکی خۆی نیشان بدات بۆ ئەوەی ئامانجەکانی وە دەست بهێنێتەوە.

پێم وایە ئەوە جۆرێکە لە سیاسەت کردن و ئاساییە، بچوکی نیە و لە سیاسەت ئەنجام گرنگە.

بەڵام ئەوەی لام سەیر و سەرنج راکێشە، هەندێک خەڵک بەوە شاگەشکە بوون، ئەردۆغان پێشوازی باشی لێنەکراوە، کاتێک سەردانی روسیای کردوە، ئایا ئەوە چ سودێکی کوردی تێدایە، بەرژەوەندیمان چییە لەوەدا، لە کاتێکدا ئەردۆغان لە هەوڵی کۆکردنەوەی هێزدایە و خۆی بە هێز دەکات.

یان چۆن دەکرێت ئێمە بەوە دڵمان خۆش بکەین ئەردۆغان رێکەوتنێکی نوێ دەکات لە ناوچەکە و دوژمنێکی گەورە دەکات بە دۆست.

زۆر دەترسم سیاسیە خاوەن بڕیارەکانیش لە ژێر کاریگەری ئەو جۆرە دڵخۆشیەدا بن کە ئەردۆغان خەریکە چەکەرە دەکاتەوە ئەوان وا بزانن کۆتاییەتی، ئەوە چۆن شەقامی کوردی لە ژێر کاریگەری چ ئایدۆلۆجیایەکی نا ڕووندایە وا چاویان بە وێنەیەک دەکەوێت شا گەشکە دەبن رەنگە لە بنەڕەتیشدا هەر بە فۆتۆشۆپ دروست کرابێت.

دەکرێت کلتوری تێڕوانینی سیاسی نەتەوەکەمان لە خەیاڵیەوە بگۆڕین بۆ واقیعی، ئەو هێزەی هی ئێمەیە سەربە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و لە ناو سنورەکانی خۆمانەوە کۆنترۆڵ دەکرێن و فەرمان وەردەگرن ئیدی لەوە زیاتر پەیوەندی دوو وڵاتی تر راستەوخۆ کاریگەریان لەسەر ئێمە نیە بەرەو باش بوون، بەڵام بۆ خراپ بوون هەیەتی، مەگەر زانای سیاسیەکانی کوردستان بیقۆزێتەوە ئەگەر هەبێت، بەپێچەوانە کورد دەبێت لە هەموو تەوقە و دەست لە ناو دەست کردنێکی سیاسەتی جیهانی بە گومان و ترسەوە بڕوانێت.

 

 

رەنگین عەبدوڵا

پـــەیـــوەنــدیــدار