ڕاست کردنەوەی مێژوو

ڕاست کردنەوەی مێژوو

 

ڕاستی یەک هەیە ئەبێت بە ڕاشکاوی باس بکرێت وە نەوەی داهاتووش زۆر بە باشی بۆی شی بکرێتەوە چونکە چەند ساڵێکی تر هەر ئەو نەوەیە کە هەموو دەسەڵاتە باڵاکان ئەگرنە ئەستۆ بۆیە پێویستە هەرچی ڕاستی هەیە دەربارەی ڕابردووی ڕاپەڕینی گەلی کوردستان دژی دام دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی حزبی بەعسی فاشی ، ئەویش ئەوەیە با نەوەی تازەی کوردستان بزانێت کە ڕاپەڕین کرا هەموو هێزی پێشمەرگە کە لە شاخ بوون بە پەنجەی دەست ئەژمێردران ، کاتێک کە ڕاپەڕین کرا بە پاڵپشتی گەلی کوردستان کرا ئەو گەلە بوو کە بڕیاری دا یان مردن یان دەرپەڕاندنی حزبی بەعس لە کوردستان چونکە نەهامەتی و قات وقڕی و لەناوبردن و کوشتن و زیندانی کردنی نەوەکانی و لە سێدارەدان وکاول کردنی لادێکان وکیمیاباران کردنی ناوچەکان وزیندەبەچاڵ کردنی ژن و مناڵ وکەنج وپیری ئەم میللەتە ، بۆیە بە هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵانی خەڵک بە کورو کچ و ژن و پیرو پیاو یەویەوە بەشدار بوون لە ڕاپەڕین نەک هەر ئەوەش بەڵکو هەندێک لە حزبەکانی ئەمڕۆ کە بەشان و باڵی ڕابردوو هەڵئەدەن و کە خۆیان بە وەرەسەی کوردستان ئەزانن نەک هەر باوەڕیان بە ڕاپەڕین نەبوو بەڵکو بەشێک لە شارو شارۆچکەکانیش ئازاد کرابوو هێشتا لەو دیوی سنور بوون ، دوای ئەوە کە کۆمەڵانی خەڵک متمانەی خۆیان بەخشیە ئەم حزبانە  ٢٣ ساڵی ڕەبەقە دەستیان لە بینا قاقای ئەم گەلە بەستوە بە هیچ شێوەیەک بیرێک لەم گەلە ناکەنەوە ، بۆیە لێرەدا ڕاپەڕین پێویستی بە ڕاست کردنەوە هەیە و بخرێتە سەر ڕێگای ڕاستی خۆی . ئەویش ئەوەیە کە ڕاپەڕینێکی تر لە ناو کۆمەڵانی خەڵک بەرپا بێت و هەموو ئەوانەی کە دەستیان هەیە لە بەرەو دوا خستنی مافی مرۆڤ و پێشکەوتنی ئابوری و پەرەپێدانی پیشەسازی و چاکسازی لە بواری پەروەردەو ژنان و منداڵاندا باجی خۆیان وەرگرن  ، ئەوەی ٢٣ ساڵە بەم حزبە سیاسی یانە نەکرا ئیتر زیاتر دەرفەت پێیان کارێکی هەڵەیە و پێویستی بە ڕاست کردنەوە هەیە . ئێمەی کورد لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست یەکەم گەل بووین کە ڕاپەڕینمان بە هەموو گەلانی ناوچەکە ناساند ، ئێمە بووین گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستمان فێری دیموکراسی و مافی مرۆڤ کرد ئێمە بووین فیدراڵیمان بە نەتەوەی عەرەب و فارس وتورک ناساند  ئێستاش لە دیموکراتی و مافی مرۆڤ و دەسەتاو دەستی دەسەڵات خەریکە ئەبین بە گاڵتە جاری گەلانی دەوروبەر کە لە دوای ئێمە بە چەند ساڵ ڕاپەڕینیان کرد . نمونەشمان زۆرە هەر لە خودی عێراق بگرە هەتا ئەگا تە ووڵاتی میسر ، ئەوەتا میسری یەکان لە دوای ماوەیەکی زۆر کەم کە هەر درکیان بەوە کرد ڕاپەڕینەکەیان بە ئاراستەیەکی خراپ ئەڕوات هەر زوو ڕاستیان کردەوە و خستیانە سەر ڕەوڕەوەی ڕاستەقینەی خۆی ، عێراق دوای ١٠ ساڵ درکیان بەوە کردووە کە دیموکراتی و مافی مرۆڤ لە ڕێگای خۆی لای داوە ئەوەتا هەموو شەقام و بەردەم ئەنجومەنی پارێزگاکانیان گرتووەو بووە  بە گۆڕەپانی گۆڕانکاری ، بۆیە ئێستاکە کاتی ئەوە هاتووە کە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەم سوکایەتی یە قەبوڵ نەکەن خەریکە ئەو نەخۆشی یەی کە کۆمکاری عەرەبی بەرامبەر بە فەلەستین ئەنجامی ئەدا کاتی خۆی کە کۆئەبونەوە تەنها لە پێناوی کۆبونەوە و بە بێ ئەوەی لە توانایان بێت هیچ بڕیاڕێک بدەن وە کۆبونەوەکانیان تەنها بۆ کۆبونەوە ئەبوو ، ئێستاش حزبەکانی کوردستان لە سەر کێشەی هەرێمی کوردستان وسەرۆکی هەرێمی  کوردستان وە بەکار خستنەوەی پەرلەمان کۆئەبنەوە  تەنها بۆ کۆبونەوە ئەنجای ئەدەن ، بۆیە پێویستە ڕاپەڕین بخرێتەوە سەر ڕێگا ڕاستەکەی خۆی . لە کاتێک سەرۆکی هەرێمەکەت و سەرۆکی وەزیرانەکەت و سەرۆکی حزبەکانت درک بەو کاتە ترسناکەی دەوروبەرت نەکات ودرک بەو هەموو هاوپەیمانیەتەی دەوروبەرت نەکات و ئەوەتا دوژمنانی گەلەکەت بە ئاشکراو بە دزی هاوپەیمانێتی لە دژی گەلەکەت ئەنجام ئەدەن وهەموو کێشەکانی خۆیان وەلا ئەنێن و لە دژی گەلەکەت کۆئەبنەوە کەچی لە ناو خۆیاندا خەریکی شکاندنی یەکترن ، هیچی تر ناڵێم و   بەم چیرۆکە کۆتایی بە قسەکانم دێنم ((   ڕۆژێکیان ئاسکێک زۆر تینوی ئەبێت ئەگەڕێت بە دوای ئاو بۆ خواردنەوە دوای گەڕانێکی زۆر کانی یەک ئەدۆزێتەوە ئەچێت ئاو ئەخواتەوە لە ناو ئاوەکە وێنەی ڕێویەک لەو بەری ئاوەکە دەرئەکەوێت کە سەری بەرزئەکاتەوە ڕێویەکە بەرامبەر ئەو دێت کە پەلاماری دات ، ئاسکەکەش کەسەیری دەورو بەری خۆی ئەکات هیچ هەوڵێکی دەرباز بوونی نی یە تەنها دارێکی بەرز لە لای خۆی ئەبینێ بازێک هەڵ ئەدات و ئەچیتە سەر دارەکە ڕێویەکەش بانگی ئەکات بە فێڵی خۆی بهێنێتە خوارەوەو پێی ئەڵێت ، ئەوە بۆ وا ڕات کرد وەرەخوارەوە ، ئەویش ئەڵێ بێمە خوارەوە بۆ ئەوەی بمخۆی ، ڕێویش ئەدات لە قاقای پێکەنین ئەڵێت دیارە  تۆ ئاگات لە هیچ نی یە ؟ ئاسکەکەش ئەڵێ بۆ چی بووە ؟ ڕێوی ئەڵێ ڕاستە تۆ لە وێ نەبوی ، ئاسکەکە ئەڵێ لە کوێ ؟ ڕێوی ئەڵێ تازە لە کۆبونەوەیەک بوین کە هەمووان بەشدار بوون تێیدا ئەتوانی لە خزمەکانت بپرسی لە کۆبونەوەکە بڕیارماندا کە ئیتر پەلەماری یەکتر نەدەین و ئەزیەت بە یەک نەگەیەنین و یەکتر نەخۆین ئەگەر بێیتە خوارەوەش وەک هاوڕێ سەیرت ئەکەم و ناتخۆم ، ئاسکەکە لە دڵی خۆی ووتی ئەمەش تەڵەیەکە لە تەڵەکانی مام ڕێوی بۆ ماوەیەک داماو بیری کردەوە ڕێوی هەردەم لە گورگ ئەترسێت ووتی مام ڕێوی ئەوە خاڵە گورگ بەرەو ئێرە دێت کە گەیشتە ئێرە لێی ئەپرسین بزانین کۆبونەوەی وا کراوەو بڕیاری وا دراوە ؟ مام ڕێوی هەر گوێێ لەوە بوو ڕای کردو وون بوو ئیتر ئاسکەکەش هاتە خوارەوەو ڕۆیشت بە ڕێگای خۆیدا )) .

 

هۆکاری نوسینی ئەم بابەتە تەنها ئەوەیە کە نەهامەتی گەلەکەم گەیشتووە بە لووتکە برسێتی و قات و قڕی و پێشێل کردنی مافی گەنج و ژن و مناڵ وپیرو تەندروستی و ئابوری و پەروەردەو هەتا ژینگەش  گەیشتوە بەخاڵێک جێگای قەبوڵ کردنی نی یە .

 

بەختیار حسین –  هۆڵەندا                 ١٣ -٨ -٢٠١٦

پـــەیـــوەنــدیــدار