بەوێنە: لە خانەقین ساڵیادی شه‌هیدبوونی مولازم ره‌حیم كرایه‌وه‌

بەوێنە: لە خانەقین ساڵیادی شه‌هیدبوونی مولازم ره‌حیم كرایه‌وه‌

له‌شاری خانه‌قین و له‌ناو باخچه‌ی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قینی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان یادی شه‌هیدبوونی یه‌كێك له‌ پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی داستانی سه‌ید خه‌لیل كرایه‌وه‌و بۆ ساتێك ژماره‌یه‌ك له‌پێشمه‌رگه‌ دێرینه‌كان بیره‌وه‌ریه‌كانی ئه‌و داستانه‌یان بۆ نه‌وه‌ی نوێ گێڕایه‌وه‌ .

له‌سه‌ره‌تای مه‌راسیمه‌كه‌دا مامۆستا نه‌جم یه‌كێك له‌پێشمه‌رگه‌ به‌شداربووه‌كانی داستانی سه‌ید خه‌لیل كه‌ ده‌كه‌وێته‌ باكور خۆرئاوای شاری كه‌لاره‌وه‌ له‌سنوری گه‌رمیان ، چۆنیه‌تی خوڵقاندنی ئه‌و داستانه‌ی گێڕایه‌وه‌و باسی له‌روبه‌ڕووبونه‌وه‌ی هێزه‌ فراوانه‌كه‌ی رژێمی به‌عس كرده‌وه‌ كه‌ به‌تانك و كۆپته‌رو چه‌ندین چه‌كی قورسه‌وه‌ نه‌یانتوانی ده‌ره‌قه‌تی ئه‌و ژماره‌ كه‌مه‌ی پێشمه‌رگه‌ بوونه‌وه‌و توانیان رێگه‌ نه‌ده‌ن ئه‌و گوندانه‌ داگیربكرێن .

مه‌لا ئه‌حمه‌د جه‌یران یه‌كێكی تر له‌ پێشمه‌رگه‌ به‌شداربووه‌كانی ئه‌و داستانه‌ له‌وته‌یه‌كیدا باسیله‌وه‌كرد:” ئیراده‌ی پۆڵاینی پێشمه‌رگه‌و به‌رگیریكردن له‌خاكی نیشتمان ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌رماندا زاڵبوو، به‌چه‌ند چه‌كێكی سوك و ژماره‌یه‌ك مه‌خزه‌نه‌وه‌ توانیمان رێگه‌نه‌ده‌ین به‌عس بێته‌ ناو هه‌ردوو گوندی سه‌ید خه‌لیل وسه‌ید خه‌لیفه‌ و تێكمان شكاندن .

وتیشی: له‌و داستانه‌دا هه‌ردوو كه‌رتی كه‌لار و كه‌رتی خانه‌قینی پێشمه‌رگه‌ به‌سه‌رۆكایه‌تی عه‌لی شامار و كۆچكردو كوردۆ قاسم زیاتر له‌ هه‌شت سه‌عات روبه‌ڕووی ئه‌و سوپا زه‌به‌له‌حه‌ی به‌عس بووینه‌وه‌، به‌داخه‌وه‌ یه‌كێك له‌وانه‌ شه‌هیدبوو، ملازم ره‌حیم بوو، كه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌كی چاو نه‌ترس و نیشتمان په‌روه‌ربوو .

له‌به‌شێكی تری مه‌راسیمه‌كه‌دا ، جومعه‌ مه‌جید كه‌ به‌ جومعه‌ی مه‌جید داویه‌ ناسراوه‌، و یه‌كێك بووه‌ له‌پێشمه‌رگه‌ پارتیزانه‌كانی ئه‌وكاته‌ رایگه‌یاند: خه‌یاڵبوو بتوانین به‌سه‌ر ئه‌و هێزه‌ گه‌وره‌یه‌ سه‌ربكه‌وین كه‌ تانك و كۆپته‌رو چه‌كی قورس و به‌سه‌دان سه‌ربازو جاشه‌وه‌ هاتبوون ده‌ستبه‌سه‌ر ئه‌و گونده‌و دواتر ئێمه‌ش شه‌هیدبكه‌ن ، به‌ڵام خوڵكی نیشتمانپه‌روه‌ری و ئیراده‌ی تێكشكاندنی دوژمن و زاڵبوون به‌سه‌ر كۆت و زنجیرو به‌دیهێنانی ئازادی و پاراستنی رۆڵه‌كانمان هه‌رزوو ئه‌و ووره‌ پۆڵاینه‌ی پێداین كه‌ تێكیان بشكێنین .

عه‌لی عه‌بدوڵا پێشمه‌رگه‌ی تێكۆشه‌رو روناكبیر له‌به‌شێكی مه‌راسیمه‌كه‌دا باسی له‌داستانه‌ نه‌به‌زینه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كردو ، ئه‌وه‌ی به‌بیرهێنایه‌وه‌، ئه‌م جۆره‌ داستان و قاره‌مانیه‌تیانه‌ی پێشمه‌رگه‌ مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌كی ئازادیخوازی وه‌كو كوردن ، كه‌ ئیراده‌ی پۆڵاینی پێشمه‌رگه‌ وایكردبوو ، به‌عس هه‌رناوی پێشمه‌رگه‌ی ده‌بیست ده‌كه‌وته‌ له‌رزین .

دواتر باسی داستانی سه‌ید خه‌لیل و داستانی حه‌مك و داستانی تیله‌كۆو چه‌ندین رووداوی پڕ له‌قاره‌مانیه‌تی پێشمه‌رگه‌ كرد.

له‌به‌شی كۆتایی مه‌راسیمه‌كه‌دا شێركۆ میروه‌یس لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قینی یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند: ئامانج له‌م جۆره‌ مه‌راسیمانه‌ به‌ئه‌رشیفكردنی داستانه‌ نه‌به‌زین و پڕ له‌قاره‌مانیه‌تیه‌كانی پێشمه‌رگه‌یه‌ ، به‌داغه‌وه‌ كێشمه‌ كێشه‌ سیاسیه‌كان و رووداوه‌كان رێگری سه‌ره‌كین له‌وه‌ی به‌ ئه‌رشیفكردنیان بپه‌رژێین ، به‌ڵام ئێمه‌ وه‌كو مه‌ڵبه‌ندی خانه‌قین به‌رنامه‌یه‌كی سه‌ره‌كیمان ده‌بێت و هه‌نوكه‌ ته‌واوی رووداوه‌كان له‌زمانی به‌شداربووه‌كانه‌وه‌ ده‌كه‌ین به‌مه‌راسیم و نوسین و تۆماریان ده‌كه‌ین .

میروه‌یس وتیشی : ئه‌سته‌مه‌ مرۆڤی كورد بتوانێت ئه‌م جۆره‌ داستانانه‌ له‌بیر بكات ، به‌ڵام نه‌وه‌ی نوێ پێویسته‌ به‌وردترو شاره‌زایانه‌تر بۆیان باسبكرێت و بۆیان بخرێته‌ڕوو كه‌ چۆن ئه‌م ئازادیه‌ و ئه‌م خاكه‌ پارێزراوه‌ ، كه‌چۆن ره‌نج و تێكۆشان و نه‌به‌ردی له‌پێناویدا تۆماركراوه‌ .

له‌به‌شێكی تری وته‌كانیدا داوایكرد، بیره‌وه‌ری و قاره‌مانیه‌تی و خوێن به‌خشین و جانبازی ئه‌م پێشمه‌رگانه‌ وشه‌هیده‌كان بكه‌ین به‌هه‌وینی به‌دیهێنانی كوردستانێكی ئارام و برایانه‌، كه‌ هه‌موومان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌ندروست و به‌په‌یبردن به‌پاراستنی سه‌روه‌ریه‌كان پارێزگاری لێبكه‌ین و ململانێكانمان له‌چوارچێوه‌یه‌كی خزمه‌تگوزاریانه‌ بێت ، نه‌ك ئاڵۆزی و یه‌كتر شكاندن و تێكدانی راستیه‌كان .

هه‌روه‌ها میروه‌یس باسی له‌چۆنیه‌تی شه‌هیدبوونی ملازم ره‌حیم كرده‌وه‌و تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ هه‌رده‌م ئه‌و بیره‌وه‌ری و كۆڵنه‌دانه‌ی ئه‌و كه‌ڵه‌ پیاوه‌و هاوه‌ڵه‌كانی له‌بیرناكه‌ین .

داستانی سه‌ید خه‌لیل له‌ساڵی 1984 تۆماركراوه‌و تیایدا ژماره‌یه‌كی كه‌می پێشمه‌رگه‌ روبه‌ڕووی ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران سه‌ربازی به‌عس بوونه‌وه‌ كه‌ بارقی خوێنمژو ئه‌نفالچی سه‌رۆكایه‌تی ده‌كرد و دوای زیاتر له‌ هه‌شت سه‌عات شه‌ڕ تێكیان شكاندون و سوپای به‌عسیان له‌ناوچه‌كه‌ كشانده‌وه‌ .

24 23 22 21 20 19 18 17 16 15 14 13 12 11 10 9 8 7 6 5 4 3 2 1

پـــەیـــوەنــدیــدار