وەفدە باڵاکەی یەکێتی لەگەڵ عەبادی باسی لە مافی چارەی خۆنوسین کردوە

وەفدە باڵاکەی یەکێتی لەگەڵ عەبادی باسی لە مافی چارەی خۆنوسین کردوە

وه‌فدی باڵای یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تی مه‌لا به‌ختیار لێپرسراوی ده‌سته‌ی كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسیی و ئه‌ندامێتی سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ و قادر عه‌زیز ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و خالید شوانی ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تی، له‌دووه‌م رۆژی چالاكی سیاسییدا  له‌به‌غدا له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق له‌سه‌رۆكایه‌تی وه‌زیران كۆبۆوه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی پیوكه‌ی میدیا كۆبوونه‌وه‌كه‌ راشكاوانه‌ بووه‌و چه‌ند پرسێكی گرنگ بیروڕایان له‌باره‌وه‌ ئاڵوگۆڕكراون و وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی جیا له‌ته‌وه‌ری سیاسیی، باسی رێگه‌چاره‌ی كێشه‌كانی هه‌رێم و به‌غدای كردووه‌ و هه‌روه‌ك داواشیكرده‌وه‌ كه‌ پرسی نه‌وت له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكرێت و به‌غداش به‌په‌له‌ پاره‌ی جووتیارانی هه‌رێم ره‌وانه‌ بكات، كه‌ ماوه‌ی دووساڵه‌ گه‌نم و جۆیان به‌ سایلۆكان داوه‌ و پاره‌كه‌یان وه‌رنه‌گرتووه‌.

سه‌عدی پیره‌ ئاشكرایده‌كات، كه‌ پرسی مافی چاره‌ی خۆنوسین ته‌وه‌رێكی گرنگی دیدراه‌كه‌ بووه‌ و وتی: له‌ به‌رامبه‌ردا عه‌بادی رایگه‌یاند: رێ له‌ مافی چاره‌ی خۆنوسین ناگرین و و مافی هه‌موو گه‌لێكه‌ و مافێكی سه‌لمێنراوه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌، هه‌نگاوه‌كانی گه‌یشتن به‌و مافه‌ش رێی لێناگیرێت ، به‌ڵام ده‌مانه‌وێت له‌یه‌كتر بگه‌ین، كه‌ ئێمه‌ وه‌كو عیراق له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ كاربكه‌ین كه‌ پێكه‌وه‌ ده‌بین، یان له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه‌ جیا ده‌بینه‌وه‌ و پێشمان خۆشه‌ ببینه‌ درواسێیه‌كی باش”.

له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌ له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌نوسیدا رایده‌گه‌یه‌نێت: وه‌فدی باڵای یه‌كێتی دیدارێكی گرنگ و سه‌ركه‌وتووی له‌گه‌ڵ حه‌یده‌ر عه‌بادی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عیراق ئه‌نجامدا و وه‌فده‌كه‌ی یه‌كیتی و عه‌بادی باسیان له‌ شه‌ڕی تیرۆر و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ی نه‌ینه‌وا و ئاوه‌دانه‌كردنه‌وه‌ی موسڵ و ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی پارێزگاكه‌و گێرانه‌وه‌ی ئاواره‌كان بۆ شوێنی خۆیان كرد.

سه‌عدی پیره‌ وتیشی: له‌ته‌وه‌رێكی دیكه‌شدا وه‌فده‌كه‌ی یه‌كێتی داكۆكی له‌سه‌نگ و مافی پێشمه‌رگه‌ كرد روونیكرده‌وه‌ كه‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌شداری له‌كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی موسڵدا ده‌كات و ته‌نها هێزه‌ كه‌ له‌لایه‌ن پێكهاته‌كانی نه‌ینه‌واوه‌ قبوڵكراو و بێكێشه‌یه‌ و ده‌بێت به‌رێز و ته‌قدیره‌وه‌ باس له‌ “پێشمه‌رگه‌” بكرێت. رونشیكرده‌وه‌ ته‌وه‌رێ:ی دیكه‌ی دیداره‌كه‌ قسه‌كردن و راگۆڕینه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر  پرسی جوڵه‌ی دیپلۆماسیی و جمجۆڵی ئیقلیمی و جیهانییه‌كان له‌ باره‌ی گۆرانكارییه‌كانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست و ناوچه‌كه‌ و ئاڵۆزییه‌كانی سوریا.

هه‌ر له‌ لێدوانه‌كه‌یدا سه‌عدی پیره‌ ئه‌ندامی وه‌فده‌باڵاكه‌ی یه‌كێتی بۆ به‌غدا رایگه‌یاند: داوامان كرد لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و هێزانه‌ بكرێت كه‌ كێشه‌ له‌خورماتوو دروست ده‌كه‌ن و ئاسایش و ئارامی و ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی تێكده‌ده‌ن و گواستنه‌وه‌ی باره‌گای ئه‌و هێزانه‌ش بۆ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌كان و ته‌سلیمكردنی به‌ هێزه‌كانی پۆلیس.

هه‌روه‌ك سه‌عدی پیره‌ ئه‌وه‌شی وت: عه‌بادی دووپاتیكردۆته‌وه‌ كه‌ له‌گه‌ڵَ ئاساییكردنه‌وه‌ی  په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا دایه‌ و ته‌قدیری هێزی پێشمه‌رگه‌شی كرد. و تیشی:”له‌  پرسی نه‌وتیشدا دووپاتكرایه‌وه‌ كه‌ كار به‌رێككه‌وتنه‌كانی پێشو ده‌كرێت و ئه‌گه‌ریش پێویست بكات ئه‌وا رێككه‌وتنی نوێ له‌وباره‌یه‌وه‌ له‌ نێوان به‌غدا و هه‌رێم ده‌كرێت”.

له‌باره‌ی مافی جوتیارانیشه‌وه‌ سه‌عدی پیره‌ رایگه‌یاند:  ئه‌و پرسه‌ له‌گه‌ڵ عه‌بادی باسكراه‌وه‌ و  بڕیاری خه‌رجكردنی دراوه‌ و به‌شێوه‌ی قیست پاره‌ی گه‌نم و جۆی جوتیارانی هه‌رێمیش ده‌نێردرێت.

س: پیوکەی میدیا

پـــەیـــوەنــدیــدار