بەغداد كورتترین ڕێگا بۆ هەرێمی كوردستان…

بەغداد كورتترین ڕێگا بۆ هەرێمی كوردستان…

======================

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com
• لەو ساتەوەی دەوڵەتی عێراقی نوێ‌ دروستكرا لەساڵی 1921 دا و دواتریش ولایەتی موصڵ بەیەكجارەكی خرایە سەر ئەم دەوڵەتە لەساڵی 1926وە ئیدی هەرێمی كوردستانی ئێستا بە زۆر و نابەدڵی كوردان بەم عێراقە سەیروسەمەرەیەوە لكێنرا و قەدەرمان لە و كاتەوە تاكو ئێستا بەسراوەتەوە بەم دەوڵەت و نەتەوەیەوە كە باڵادەستن تیایدا كە عەرەبی (( سونە و شیعەن)).
كورد لە پێناو ڕزگاربوون لەم چوارچێوە سەپێنراوەدا گەلێك هەوڵ و خەباتی كردوە هەر لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و ڕاپەڕینی جەماوەری و شۆڕشی چەكداری، بەڵام هەموانیان بە ئێستاشەوە نەبونەتە هۆی ڕزگاربوون و پێكەوەنانی دەوڵەتێكی سەربەخۆی كوردی كە خەونی لە مێژینەی هەموو تاكێكی كوردە، دیارە ئەمەش هۆكاری خۆیی و بابەتی خۆی هەیە كە بۆ كورد نەیتوانیوە دوای 100 ساڵ لە داگیر و دابەشكردنی خاك و نەتەوەكەی بەسەر چوار وڵاتی ناوچەكەدا یەك بگرێتەوە و وەكو هەموو گەلانی ناوچەكە و دونیاش ببێتە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی. ئەوەی زۆر ڕوون و ئاشكرایە كە كورد خۆی هۆكاری سەرەكی نەگەیشتنێتی بەو ئامانج و خەونە ، سەرەڕای هەموو هۆكارە ناوچەیی و نێودەوڵەتیە سەپێنراوەكانی تر.
هەربۆیە كورد لە پێش هەمواندا دەبێت گلەیی و ڕەخنەی توند ئاڕاستەی خۆی بكات نەك دوژمنان،چونكە كار و ئەركی دوژمنان نیە كە دەوڵەتی كوردیمان بۆ دروست بكەن بەڵكو ئەوە ئەركی خۆمانە.
دوای ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 یش كورد ئارەزوومەندانە جارێكی تر خۆی بەستەوە بەم عێراقەوە و ماوەی 25 ساڵی ڕێكیشە جەور و جەفا دەكێشێتەوە بەدەست دەسەڵاتدارانی كۆن و نوێی عێراقەوە، لەساڵی 2003دا جارێكی تر چانسێكی گەورەتر هاتەوە بەردەم كورد لەم هەرێمەدا بۆ جیابونەوە و پێكەوەنانی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی دوای ڕووخاندنی یەكجارەكی ڕژێمی بەعسی صدامی و تەواو لێكهەڵوەشاندنی سەرتاپای ئۆرگانەكانی دەوڵەتی عێراقی كەتەمەنی 83 ساڵ بوو، بەڵام كورد ئەم جارەشیان ئارەزوومەندانە خۆی خستەوە باوەشی عێراق و خۆی خستەوە چوارچێوەی سنورە دەستكردەكانی ئەم وڵاتە و تراجیدیاكانی كۆن و نوێی سەر لەونوێ‌ هێنایەوە بیر و كەڵك و سوود و پەندی لە ڕابووردووی تاریك و خوێناوی وەرنەگرت.
لەئێستاشدا و ماوەی چەند ساڵێكە بیرمان كەوتۆتەوە كە دەبێت دەوڵەتی سەربەخۆمان هەبێت و باس لە ڕیفراندۆم دەكەین بۆ یەكلایكردنەوەی ئەو مەسەلە چارەنوسساز و زۆر هەستیارە. ئەمە لەكاتێكدایە كە ناوچەكە بەگشتی و عێراقیش بۆ خۆی بەئاڕاستەی گۆڕانكاری گەورە و چاوەڕواننەكراون و هیچ كەس ناتوانێت پێشبینی ئایندەیەكی ڕوون و گەش بكات، بەهۆی شەڕی داعش و مەترسیەكانی و هاتنە ناوەوەی زلهێزەكانی دونیا بۆ ناوچەكە بەوپەڕی هێزی سەربازیانەوە كە هیچ كام لەوڵاتانی ناوچەكە بەگەورە و بچوكیانەوە ناتوانن ڕێگایان لێبگرن جا چ جای كوردی هەژار و بێ‌ دەوڵەت و بێ‌ سەركردەی كاریزما كە هیچ لایەن و دەوڵەتێك دۆستی ڕاستەقینەی كورد نین و تائێستاش بە ئاشكرا و بەنهێنی دژی دروستبوونی دەوڵەتی كوردی سەربەخۆن.
ئاشكرایە كە كورد و سەركردایەتیەكەی هەڵەگەلێكی زۆریان لە ڕابووردوودا كردوە بەڵام لە ئێستادا هەڵەیەكی زۆر زەقی سەركردایەتی كورد لەم هەرێمەدا ئەوەیە كە بۆ ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی و چێكردنی پڕۆسەی ڕاپرسی و ڕیفراندۆم و وەرگرتنی ڕای جەماوەر و شەقام كە تاچەند پشتگیری و پشتیوانی ئەو بڕیارە چارەنووسازەن، هیچ كات بیریان لەوە نەكردۆتەوە كە یەكەم لایەن كە دەبێت گفتوگۆی لەگەڵدابكەن بۆ سەرگرتنی ئەو نیەت و بەرنامە و پڕۆسەیە، ئەویش دەسەڵاتدارانی بەغدادن، كورد لەم هەرێمەدا لەگەڵ دەرودراوسێ و وڵاتانی دونیاش بەبچوك و گەورەوە باسوخواسی ئەم مەسەلەیەی كردوە بەڵام تاكو ئێستا بە ڕاشكاوی و بوێریەوە ئەم بابەتەی لەگەڵ بەغدادا نەكردوە، كە مەنتیق و واقع وا دەسەپێنێت كە كورد لەگەڵ بەغدادی پایتەختی دەوڵەتی عێراقی كە لە ئێستادا 96 ساڵە قەدەر پێكەوەی لكاندوین گفتوگۆبكات و ڕێكەوتن و لێكتێگەیشتن هەبێت لە نێوانیاندا و پێكەوە ئەم پڕۆسەیە بەرنە پێشەوە بە ئاشتیانە و دوور لەشەڕ و خوێنڕشتن و دوژمنایەتی، بەڵام كورد ئەمەی نەكردوە و ڕێگاكەی لەخۆی و بەغدادیش درێژكردۆتەوە بەوەی ڕوویكردۆتە پایتەختی وڵاتانی ناوچەكە و پشتی كردۆتە بەغداد و ئەو ڕاستیەی لە بیر كردوە كە كورتترین ڕێگا بۆ چارەسەركردنی سەرجەم كێشەكانی خاك و سەروەت و سامانی سروشتی وسنور و جوگرافیا و داهات و دەرامەت و دانیشتوان كە هەموویان مەسەلە گەلێكی ئاڵۆز و گرنگن بریتیە لە ڕێگای بەغداد نەك پایتەخت و وڵاتانی ناوچەكە و دونیا.
كورد (( لەگەڵ جیاوازی نێوانیان))دەبێت لە ئەزمونی باشووری سودانەوە كەڵك وەربگرێت و بە ئاشتیانە لەگەڵ ناوەندی وڵاتەكەی خۆیدا ئەو مەسەلەیە یەكلا بكاتەوە و بەغدادیش پێویستی بەسەركردەیەكی بوێری وەكو عومەر حەسن بەشیر هەیە كە سەرەڕای گرژی و ئاڵۆزی و دژایەتیكردنی زۆری گەلانی باكوری سوودان بۆ ئەو جیابونەوەیە بەڵام ئەو وەك سەركردەیەكی بوێر بڕیاری خۆی دا و باشووری سودانی جیاكردەوە و یەكەم سەرۆك وڵاتیش بوو كە دانی بەسەربەخۆیی باشوری سوداندا نا و كۆتا سەرۆكی وڵاتی سودانیش بوو كە سەردانی ماڵئاوایی لە باشووری سودان كردو بەم كارەشی شەڕ و جەنگێكی ماڵوێرانكەری زیاد لە 25 ساڵەی ئەو وڵاتەی كۆتایی پێهێنا. بۆیە لە بەغدادیش پێویستمان بە سەركردەیەكی بوێری شیعە مەزهەبی باڵادەست هەیە كە ئەو بڕیارە بدات.
ئەوەی ماوەتەوە وەستاوەتە سەر هەڵوێست و بڕیاری كۆتایی كورد كە تاچەند لەسەر ئاستی سەركردە و حیزبە سیاسیەكان و جەماوەری گەلەكەشمان ئامادەن بۆ بڕیاردانی كۆتایی لەو مەسەلەیەدا و تاچەند دەتوانن بەرەنگاری مەترسی و پێشهاتە چاوەڕواننەكراوەكان بكەن و تاچەند دەتوانن مقاوەمەت و بەرگری ڕەوا بكەن لەسەربەخۆیی و دەوڵەتی ڕاگەیانراوی كوردی.
ئەوەی لەئێستادا لەسەر زەمینەی واقع دەبینرێت هیچ دڵخۆشكەر نیە و هیچ ئامادەسازیەكیش نابینرێت، چونكە ڕاگەیاندنی دەوڵەتی كوردی پێویستی بەكار و ئامادەسازی سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی و پەیوەندیە ناوچەیی و نێودەوڵەتیەكان هەیە و كاری گەرموگوڕ و پێكەوەیی و تەبایی و یەك و یەكگرتوویی ڕیزەكان هەیە. نەك وەك ئێستا كە تەواوی ئۆرگانەكانی ئەم دەسەڵاتە كوردیە پەكخراون و ئاكتیڤ نین هەر لە پەڕلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و حكومەت و دەسەڵاتی دادوەریش.لەسەر ئاستی سەركردە و حیزبەكانیش هیچ كات هێندەی ئەم قۆناغە لێك دوورنین و ناحەز و ناتەبانین، لەسەر ئاستی جەماوەریش دابەشبونەتە سەر ڕاوبۆچوونی حیزب و سەركردە سیەیاكان و لە ئێستادا كۆدەنگیەكی نیشتیمانی و نەتەوەیش هەست پێنتاكرێت لەسەر ئەو بابەتە، ئیدی چۆن و بە چ ڕێگایەك دەوەڵەتی سەربەخۆ ڕادەگەیەنرێت؟ بۆیە بەداخەوە هێندەی بەرزكردنەوەی ئەو بابەتە وەك دروشمێك و دەسكەوتێكی حیزبی و بۆ تێپەڕاندنی كات و گێژداخكردنی جەماوەر دەبینرێت نیو هێندە وەك ئەركێكی مێژویی و نەتەوەیی و وەدیهێنانی خەونە مێژوویەكەمان نابینرێت.
بۆیە هەنگاوی دەسپێك و یەكلاكەرەوە لەناوخۆی ماڵی كورد دەبێت لەهەرێمدا و دواتریش لەگەڵ بەغداد ئەو مەسەلەیە یەكلا دەكرێتەوە، چونكە گەر بەغداد ڕازی نەبێت و پشتیوانی ئایندەی ئەو دەوڵەتە نەكات ئەوا كاریگەری گەورە و خراپی دەبێت لەسەر دۆستایەتی و دراوسێیەتی باشی نێوانمان، بۆیە ئەركی سەركردایەتی كوردە گەر ئەو مەسەلەیەی بە جدی وەرگرتوە و كاری بۆ دەكات تەنها ڕێگا كورت و چارەنوسساز و ڕاست و ڕاستەقینەكە هەڵببژێرێت و بیگرێتە بەر كە ئەویش ڕێگای بەغدادە چیدی ئەو مەسەلە نەتەوەییە نەكاتە قوربانی ململانێی ناوخۆیی و و حیزبی ولە پێناو دەسكەوت و پۆستی بچوكی حیزبی و كەسیدا نەیگۆڕێتەوە و سازشی لەسەر نەكات. خۆشبەختانە قۆناغەكەش تاڕادەیەكی زۆر لەبارە چونكە هەردوولا لە ڕووی هێز و هاوسەنگی هێزەكان و توانای مادی و مەعنەوی و مەترسی و هەڕەشەكان و ناجێگیری دۆخی ئەمنی و سەربازی و جوگرافیا و هەژمونەوە …هتد.وە لەیەكەوە نزیكن و هەریەكەیان توان و دەسەڵات و ئابوری و جوگرافیای خۆیان باش دەزانن و دەناسن و دەتوانن زووتر لەهەموو كات لەیەكتر تێبگەن، بۆیە هەق وایە كورد ئەم هەلەش وەك چانسەكانی تر لە كیس خۆی نەدات و خۆی نەداتەوە دەست قەدەرێكی نادیار و چاوەڕوانی هەلی لەمە باشتر نەكات كە بۆی بێتە پێشەوە.

پـــەیـــوەنــدیــدار