عوسمان عەلی ، تورونتۆ
بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە ئێوارەی رۆژی 17 /9 / 2016 بە ئامادەبوونی کەسوکار و هاوڕێ و ژمارەیەکی بەرچاوی کوردستانیانی هەرێمی ئۆنتاریو لە ڕێورەسمێکی شایستەدا بۆ دواجار لە گۆڕستانی گوێلف ماڵئاوایی لە گەنجێکی کورد بە ناوی شەماڵ محەمەد تەمەن 27 ساڵ کرد .
لە ڕێوڕەسمی بە خاکسپاردنی تەرمی شەماڵ کە ژمارەیەکی بەرچاوی هاوڵاتیانی کورد و بیانی هەرێمی ئونتاریۆ ئامادەی بوون جەلال سەعید بەناوی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو سوپاسی ئامادەبووانی کرد کە لە شارەکانی تورونتۆ و ئۆتاوا و هامڵتون و ناوچەکانی تری هەرێمی ئۆنتاریو خەم و پەژارەی خۆیان بەو بۆنەوە دەربڕیوە و بەشداری پرسە ومەراسیمی ناشتنی تەرمی شەماڵیان کردووە .
جەلال سەعید خاڵی شەماڵ محەمەد عبدوڵا بۆ pukmedia وتی شەماڵ لە دایکبووی ساڵی1984 خەڵکی رانیەی – سلێمانی یە و خێزاندارە و دوو مناڵی بەجێ هێشتووە ، لە ساڵی 2004 وە نیشتەجێی وڵاتی کەنەدایە ، جەلال وتیشی شەماڵ لە ژیانیدا کەسێکی ڕەنجبەر و ماندوونەناس بووە پیش هاتنشی بۆ کەنەدا نزیکەی دە ساڵ لە شاری زاخۆ بە کرێکاری ژیانی بردۆتەسەر .
هەر لە میانەی رێورەسمەکەدا هاوڕێکانی شەماڵ بە خەم و پەژارەیەکی زۆرەوە ڕایانگەیاند کاکە شەماڵ گەنجێکی بە ئەمەك و خۆشەویستی نیو دۆست و هاوڕێکانی بوو ، لەهەر بۆنە و ڕووداێکی کوردان هەڵوێستی جوامێرانەی خۆی نیشانداوە ، بەشداری زۆربەی خۆپیشاندانی پشتیوانی و هاوکاری کوردانی رۆژ ئاوا و شەنگال و ئاوارەکانی کوردستان بووە . بەداخەوە لە مەرگێکی ناوازەدا لە ڕووداوێکی هاتوچۆدا رۆژی 1 ی سەپتەمبەر بەسەختی بریندار دەبێت و دوای چەند رۆژێك لە 5/ 9 بۆ یەکجارەکی ماڵئاوایی لە هەموو لایەك کرد ، دواتر رۆژی 17 / 9 /2016 لە گۆڕستانی شاری گویلف تەرمەکەی بە خاکسپێردرا .
بەم بۆنەوە کۆمیتەی رێکخستنی کەنەدای یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان پرسەو سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی کاک جەلال و کەسوکار و هاوڕێیانی خوالێخۆشبوو دەکات ، لە خوای پەروەردگاریش داواکارن گیانی کاکە شەماڵ بەرەحمەتی خۆی شاد بکات و سەبووری دڵنەواییش بە کەسوکاری ببەخشێت .