گرنگی و كاریگەری ڕزگاركردنەوەی موصڵ بۆ كورد …

گرنگی و كاریگەری ڕزگاركردنەوەی موصڵ بۆ كورد …

======================

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com
• 2ساڵی تەواوە كەوا پارێزگای موصڵ بەشێوەیەكی گشتی و بەتایبەتیش ناو شاری موصڵ كەوتۆتە ژێر دەستی چەتەكانی داعشەوە و لەو ماوەیەشدا دەیان كارەساتی مرۆیی جەرگبڕ لەسەر دەستی داعشدا دژ بە دانیشتوانی سیڤڵی ئەو ناوچانە ئەنجامدراون هەر لە كوشتن و گرتن و ڕاوەدوونان و بەدیلگرتن و بێسەروشوێنكردن و هەڵگرتنی كچان و ژنان و فرۆشتنەوەیان وەك بەندە و سەبایا. كوشتوكبڕین و دڕندەیی مامەڵەی داعش لەگەڵ دانیشتوانی ئەو ناوچانەدا بێ‌ جیاوازی بوە لە نەتەوە و ئاین و مەزهەبدا و هەموان وەكو یەك ڕووبەڕووی مەرگ بونەتەوە و ماڵوحاڵیان كاولكراوە و بەزۆرەملێ‌ و لەترسی گیانی خۆیان گوند و شار و شارۆچكەكانیان چۆڵكردوە و ئاوارەی هەرێمی كوردستان و توركیا و وڵاتانی تری ناوچەكە بوون.
• موصڵ چ وەك شار و چ وەك پارێزگاش گرنگی و كاریگەری سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی و سەربازی خۆی هەیە لەسەر هەرێمی كوردستان و تەواوی عێراقیش، چونكە پارێزگای موصڵ سێیەم شاری گەورەی عێراقە لەدوای بەغداد و بەسرەوە لە ژمارەی دانیشتوان و گەورەیی جوگرافیاو دەوڵەمەندی لە سامانەسروشتیەكانی و كشتوكاڵ و مەڕوماڵتدا و كەوتوشەتە سەرسنوری هەرسَی وڵاتی عێراق و سوریا و توركیا و شارێكی دێرین و مێژوویە و لەڕووی كۆمەڵایەتیشەوە تێكەڵەیەكە لەنەتەوەی كورد و عەرەب وتوركمان و ئاینەكانی ئیسلام و مەسیحی و یەهودی و مەزهەبەكانی شیعە و سونە و ئێزیدی و كاكەیی و شەبەك و ئاشوری و كلدان و..هتد.
• بەهاتنی داعش و داگیركردنی موصڵ و شەنگار و خازەر و بەعشیقە و…هتد. تەواوی ئەو تێكەڵاوی و تانوپۆیە كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابوری و سەربازیانەی تێكداو لە شارێكی برایەتی و پێكەوەژیان و دەوڵەمەند و زیندوو كاریگەرەوە كردیە شارێكی خامۆش و وێرانە و دوژمن بەیەكتری، داعش بۆخۆی بەڵایەكی ترسێنەر و تۆقێنەرە لەهەر جێگەیەكدا بێت و هیچ كات بڕوای بە مافەكانی مرۆڤ و ژنان و ئازادی و دیموكراسی نیە و تە نها بیر لە جێبەجێكردنی پیلانی ئەو وڵات و دەزگا جاسوسیانە دەكاتەوە كە هانی دەدەن و هاوكاری و پشتیوانی مادی و مەعنەوی دەكەن، ئاشكراشە كە وڵاتانی ناوچەكە لە توركیا و ئێران و سعودیە و قەتەر و …هتد.هەریەكە بەشێوەیەك و لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆیاندا هانی داعشیان داوە و پیلان و مەرامەكانی خۆیان پێ‌ جێبەجێكردوە لەسەر حسابی گەلانی بەش مەینەتی عێراق و سوریا كە بونەتە دوو گۆڕەپانی یەكلاكردنەوەی ململانێ‌ ناوچەیی ونێودەوڵەتیەكانیش. بەهەمان شێوە دەزگا جاسوسیەكانی زلهێزەكانیش لە ئەمریكا و ڕوسیا و فەڕەنسا و بەریتانیاو …هتد.دەستیان هەبوە لەگەشەكردن و دروستبونی داعش و هاوشێوەكانی تری لە قاعیدە و جەبهەی نوسرە و ئەوانی تریشدا. خۆشبەختانە داعش چەندە دوژمنی گەلانی ناوچەكە بوە و بۆتە مۆتەكە و مڵۆزمیان بەهەمان شێوەش لە ئێستادا و دوای كۆچكردنی زیاد لە 3 ملیۆن كەس لە سوریا و عێراقەوە بۆ ئەوروپا و ئەمریكا و ئوستروڕالیاو ..هتد. شانە نوستوەكانی داعش گوزرانەوە بۆ ناوجەرگەی ئەو وڵاتانە و ئێستا بۆخۆیان كەوتونەتە بەر مەترسی داعشەوە و ئەو زنجیرە تەقینەوە خۆكوژیانەی كە ڕوویاندا لە هەریەكە لە بەلچیكا و فڕەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیا و ئەمریكادا نمونەی زیندووی بوون و كاریگەری داعشن لەولاتانەدا.
• ئەو وڵاتەی كە زۆر هاوكاری و یارمەتی داعشی دەدا بە ئاشكرا و بەنهێنی بریتی بوو لە توركیای ئەردۆگان كە تائێستاش بەجدی كاردەكات بۆ گەشەكردن و بەردەوامبوونی داعش ،تەنهاو تەنهاش لە پێناو وەستانەوەیەتی دژ بە خواست و ویست و مافە ڕەواكانی كورد لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستاندا، توركیا ڕۆڵێكی زۆر خراپ دەگێڕێت لەو نێوەندا و گەرەكێتی بەهەر شێوەیەك بوە كورد نەگاتە سەركەوتن و خواست و ئاواتەكانی لە پێكەوەنانی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردیدا لەهیچ پارچەیەكی كوردستانی گەورەداو لەو پێناوەشدا بە ئاشكرا و بێ‌ سڵەمینەوە و ڕاستەوخۆ بە سوپا بەشداری ئەو دژایەتی و پیلانە دەكات لە ڕۆژئاوای كوردستان بە داگیركردنی جەڕابولس لە 24/8/2016 و لە باشووریشدا و زیاد لە 3 هەزار سوپا و چەك و تەقەمەنی و زریپۆشی هێناوەتە باشوری كوردستان هەر لەساڵی 1996 وە و تاكو ئێستاش لەناچەی بادینان لە بامەڕنێ‌ و بەعشیقە جێگیركردوون بۆئەوەی لەكاتی پێویسدا بوونی هەبێت و هەژموون و دەسەڵاتی خۆی و پیلانەكانی بسەپێنێت و بەشی خۆی هەبێت لەدەسكەوت و قازانجی دوای شەڕەكاندا و پارێزگاریش لە ئەمنی نەتەوەیی و سنورەكانی خۆی بكات.
• لە ئێستادا هەموو هەوڵەكان بۆ ڕزگاركردنی موصڵ خراونەتە گەڕ بەسەركردایەتی ئەمریكا و هێزە هاوپەیمانەكان و جموجۆڵ و كۆبونەوەی هەمئاهەنگی بەردەوام هەیە لە نێوان ئەمریكیەكان و سەرانی عێراق و هەرێمی كوردستانیشدا، چونكە گرتنەوە و ڕزگاركردنی شاری موصڵ هێندە ئاسان و سانانیە و ناشبێت چونكە داعش لەدوای شاری ڕەقەوە لە سوریا موصڵی وەكو پایتەختی دووەمی خۆی حسابكردوە و زۆرینەی هێز و دەسەڵاتەكانیشی تیادا كۆكردۆتەوە.
• هەربۆیە ڕزگاركردنی موصڵ هەمئاهەنگی گەرموگوڕ و ووردی لەنێوان هەمواندا گەرەكە،لە ئێستادا ئەو هێزانەی بونیان هەیە لەسەر زەوی موصڵ و پارێزگاكە بریتین لە سوپای عێراق و حەشدی سونی و حەشدی شەعبی شیعەی عێراق لەلایەك و هێزە هاوپەیمانەكان لەلایەكی ترەوە و لەلای سێهەمیشەوە هێزی پیشمەرگەی كوردستان و هێزی چەكدارانی ئێزیدی كە لەدوای داگیركردنی شەنگالەوە و جینۆسایدكردنی ئێزیدیانەوە دامەزراوە و مەسیحیەكان و هەروەها هێزی گەریلای پەكەكەش بونیان هەیە، بۆیە كارێكی ئاسان نیە كە هەموان پێكەوە ڕێكبكەون لەسەر پلانەكانی ڕزگاركردن و هەموانیش بەمافی خۆیان دەزانن كە بەشداربن چونكە هەموانیان ماوەی 2 ساڵە بەرگری و مقاوەمەتێكی گەورەیان نواندوە لە ڕزگاركردنی شەنگال و ناوچەكانی تردا و تەواوی بەرەكانی جەنگەكەدا و قوربانی بێوێنەیان پێشكەشكردوە، بۆیە ناكرێت هیچ لایەك بكرێتە دەرەوەی بازنەكە و حسابی بۆ نەكرێت، بە تایبەتیش هێزی پێشمەرگەی كوردستان كە ڕۆڵێكی گەورەو و بەرچاوی بینیوە لە ڕزگاركردنەوەی زۆر جێگەدا و بەدەستهێنانی سەركەوتنە بەردەوامەكان لەتەواوی بەرەكانی جەنگدا، هەر لەو پێناوەشدا ئەمریكا و هەرێم ڕێكەوتنێكی سەربازیان واژۆكرد بۆ هاوكاری و یارمەتیدانی مادی هێزی پێشمەرگە لە پێناو بەشداركردنیدا لە پڕۆسەی ڕزگاركردنەوەی موصڵدا.كەهەرچەندە ئەوەیان سەپاندوە كە نابێت بچنە ناو شاری موصڵەوە و لەدوای پڕۆسەی ڕزگاركردنەكەش دەبێت بكشێنەوە كە ئەمە بۆخۆی مانایەكی نابەجێ‌ دەگەینێت بۆ ڕۆڵ و قوربانیەكانی پێشمەرگە وكورد و لەم ڕێگەیەوە گەرەكیانە كە ڕٍێگە لە كورد بگرن لە گێڕانەوەی خاكی مێژوویی كوردستان بۆسەر هەرێمی كوردستان.
• توركیاش بەهەمان شێوە گەرەكێتی بەشداربێت و بەشی هەبێت لە غەنیمەكانی دوای ڕزگاركردندا هەروەك چۆن ماوەی 2 ساڵە بە ئاشكرا و بەنهێنی لەگەڵ داعش و هێزێكی كوردی باشووردا بەشدارن لە بەتاڵانبردنی نەوت و غازی سروشتی كێڵگە نەوتیەكانی زومار و عەینزالەو ..هتد.
• ڕزگاركردنی موصڵ بۆ هەرێمی كوردستان و عێراقیش گەلێك گرنگ و كاریگەرە و دەبێتە هۆی دەركردنی داعش لە تەواوی عێراق و بچوكردنەوە و نەمانی بۆ هەتاهەتاییە و لاوازبوونی بەشێوەیەكی بەرچاو و بەرتەسككردنەوەی جوگرافیای چالاكی و دەسەڵاتەكانێتی و دۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی لە هەرێم و عێراقیشدا تاڕادەیەكی باش جێگیر و ئاسایی دەبێتەوە و ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكانیش دەگەڕێنەوە و خەرجی گەورە و گران لە ئەستۆی هەرێم و عێراق كەمدەبێتەوە و داهاتی نەوت و غازی سروشتی ئەو ناوچانەش دەگەڕێنەوە بۆ عێراق و كاریگەری ئابوری باشی دەبێت بۆ ئایندە و لەگەڵ بەشی ڕۆژئاوای كوردستانیشدا دەروازەی زیاتر دەكرێتەوە و دەتوانرێت هاوكاری مادی و مەعنەوی ئەو بەشەش بكرێت و لەلایەكی تریشەوە هیچ بیانویەك بۆ توركیا نامێنێتەوە كە ئەو هێزانەی هانیویەتیە ناو خاكی كوردستان و عێراقەوە بمێنێتەوە. بەڵام ئەو ڕاستیەش لەبیر نەكەین بە ڕزگاركردنەوەی موصڵ هێز و توانا و مەترسیەكانی سوپا و حەشدەكانی سونە و شیعە بۆ ناوچە كوردیەكانی هەرێم زیاتر دەبێت و مامەڵە و گوتار و كرداری بەغدادیش لەگەڵ هەرێمدا بەو نەرمیەی ئێستا نامێنێتەوە.
• هەربۆیە سیناریۆكانی دوای ڕزگاركردنەوەی موصڵیش بەهێندەی ئێستا ئاڵۆز و تێكچڕژاون و بەرژەوەندیەكانی زلهێزەكان و وڵاتانی ناوچەكە و ئاین و مەزهەبەكانیش زیاتر توند دەبنەوە و هەریەكەیان هەوڵی پاراستنی بون و بەرژەوەندیەكانی ئێستا و ئایندەی خۆی دەدات.بۆیە دەبێت سەركردایەتی كوردیش زۆر ووردبین و دووربین بێت و هاوهەڵوێست و یەك و یەكگرتوو بێت و دوور بكەوێتەوە لە خۆخۆری و ناتەبایی و دوژمنایەتی یەكتر كردن،چونكە ئیدی مەترسیەكان دێنە بەردەركی ماڵی كورد و بواری بیركردنەوە و نەخشەدانان نامێنێتەوە گەر لەئێستاوە نەكەونە خۆ بۆ پتەوكردنەوە و ڕێكخستنەوەی نێوماڵی كورد بە تایبەتی لە باشوور و دواتریش لەگەڵ ڕۆژئاوا و باكوردا لەم قۆناغەدا.

پـــەیـــوەنــدیــدار