خێڵی حه‌مه‌.. تاوانێكی له‌ بیر نه‌كراو

خێڵی حه‌مه‌.. تاوانێكی له‌ بیر نه‌كراو

15 ساڵ به‌سه‌ر كاره‌ساتی خێڵی حه‌مه‌دا تێپه‌ڕ ده‌بێت كه‌ تێیدا 42 پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌ لایه‌ن تیرۆرستانی دژبه‌ مرۆڤایه‌تی ئه‌نسار ئیسلامه‌وه‌ به‌ دڕندانه‌ترین شێوه‌ شه‌هید كران دواتر به‌شێوازێكی قێزه‌ون و دور له‌ پره‌نسیپه‌ ئاینی و مرۆڤایه‌تیه‌كان و مافه‌كانی مرۆڤ ته‌رمه‌كانیان شێوێنرا.

تاوانی خێڵی حه‌مه‌ یه‌كێك بوو له‌و تاوانه‌ قێزه‌ونه‌ مێژوویانه‌ی تیرۆرستانی دژبه‌ مرۆڤایه‌تی كه‌ ته‌نها 11 رۆژ دوای كاره‌ساتی 11 ی سێپته‌مبه‌ر روویدا كه‌ تێیدا تیرۆرستانی ئه‌نسار ئیسلام له‌ ئاوایی خێڵی حه‌مه‌ی شاره‌زوور ژماره‌یه‌ك پێشمه‌رگه‌ی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستانیان شه‌هیدكرد كه‌ ژماره‌یان 42 پێشمه‌رگه‌بوو، ئه‌مڕۆش 15 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و مێژووه‌دا تێپه‌ڕده‌بێت كه‌ له‌ بیره‌وه‌ری تاك به‌تاكی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان و ته‌واوی مرۆڤایه‌تییدا ماوه‌ته‌وه‌، تاوانی خێڵی حه‌مه‌ ئه‌وه‌ند تاوانێكی قێزه‌ون و وه‌حشی گه‌رانه‌بوو كه‌ دوربوو له‌ هه‌موو یاساو رێسا ئاینی و مرۆڤایه‌تییه‌كان، كه‌ هه‌ر زووبه‌زوو ئه‌م تاوانه‌ به‌شێویه‌كی به‌رفراوان له‌سه‌ر ئاستی میدیای جیهانی و ناوخۆیی ده‌نگدانه‌وه‌و كاردانه‌وه‌ی به‌دوای خۆیدا هێناو له‌ ناوخۆی وڵات و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تیشدا نیگه‌رانی زۆری لێكه‌وته‌وه‌ .

ئه‌توانین بڵێین یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستان له‌ گوندی خێڵی حه‌مه‌ یه‌كه‌مین پۆله‌ شه‌هیدی دژبه‌ تیرۆرستانی داعشی پێشكه‌ش به‌ خاك و نیشتمان كرد كه‌تاكو ئه‌مڕۆ به‌رده‌وامه‌ له‌ خه‌باتكردن و خوێن به‌خشین بۆ ریشه‌كێشكردنی بیری توندره‌وی و تیرۆرستان، ئاشكراشه‌ گروپی تیرۆرستی داعشیش كه‌ ئه‌مڕۆ له‌ناوچه‌كه‌دا بوونی هه‌یه‌و به‌رده‌وامه‌ له‌ كاره‌ قێزه‌ون و نامرۆڤایه‌تییه‌كانی، ئه‌توانین بڵێین خوێندكاری هه‌مان گروپی تیرۆرستی ئه‌نسار ئیسلامه‌و هه‌مان فیكرو بیرورایی توندڕه‌وی ئه‌و گروپه‌ تیرۆرستییه‌ له‌به‌رگی رێكخراوی تیرۆرستی داعشدا درێژه‌ پێده‌دات.

ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌مڕۆش كه‌ رێكخراوی تیرۆرستی داعش له‌ كاره‌ تیرۆرستیی و قزه‌ونه‌كانی به‌رده‌وامه‌و یه‌كێتیی نیشتمایی كوردستان-یش، وه‌ك چۆن پێشتر دژی فیكری توندڕه‌وی و بۆ پاراستنی مافی مرۆڤ و مرۆڤایه‌تی خوێنی به‌خشیوه‌، ئه‌مڕۆش به‌رده‌وامه‌ له‌ قوربانیدان و خه‌بات، دژی بیری توندڕه‌وی و نامرۆڤایه‌تی و له‌وپێناوه‌شدا چه‌ندین شه‌هیدی داوه‌.

پـــەیـــوەنــدیــدار