ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر کۆچی دوایی حەمە جەزادا تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ شەش ساڵ بەسەر کۆچی دوایی حەمە جەزادا تێدەپەڕێت

شەشەمین ساڵیادی هونەرمەند و پێشمەرگە حەمە جەزا ڕۆمانسیەت وهاواری نیشتیمان لای حەمەجەزا ئەمڕۆ ساڵیادیەتی، بەڵام ئەو هەر ئەمڕۆ نا، هەموو دەمێ لە گەڵمانا، لە ناخمانا، لە هەستمانا،هەمیشە لە یادمانا، ئەو هونەرمەند وپێشمەرگەیەی ناوی حەمەجەزایە، ئەو دەنگەی لە هەموو وەرزەکان چریکەی ئەو پڕ بە دنیایە، وشەکانی هەست بزوێن وئاوازی هاودەمی ڕێبواری دورە ڕێگایە، سروودی هەوێنی خۆڕاگری پێشمەرگەی پێدەشت و چیایە، مەقامی خەم ڕەوێن وهەتوانی دەردی بێ دەوایە، ڵاواندنەوەی سوکناییە بۆ منداڵی بێ بابە ودایە، وەک شێرکۆی هەتیوو کە کەس لە هانای نایە، مەگەر سەبوری بێ تەنیا بەو لایلایە، بۆ ڕێزووەفا، بۆ حەمەجەزا، هەرچی بکەین، تەواونابێ و بێ کۆتا….، تەنیا ئەگەر (هۆکاکی پێسمەرگە) و (مەڕۆ مەڕۆبابە مەڕۆ) پێناسەی ئەوبن، دووسروودی نەمرن،لە گەڵمان دان بۆژیانی تاڵ وتفتی پڕ لە سۆ،هی دوێنێنە، بەڵام زیندوون ئەمڕۆ سبەینێش هەر لە سەر زارن، هەستی ناخی دێ و شارن، تا کورد دەگا بە ئاوات،حەمەجەزا پێشەنگە لە هونەری شۆڕش و خەبات. ڕۆمانسیەت وخەمی نیشتیمان لای حەمەجەزا ئەم هونەرمەندە شۆڕشگێڕە لە زۆربەرهەمەکانی ئەم هەستەی ئاوێزانی یەکتر کردووە، کە دوو دنیای ڵێک جیاوازن، بەڵام ئامانجی ئەو ئەوەبووە لە سێبەری گۆرانی و مەقامێکی ڕۆمانسی وەک مەقامی (فەلەک زەبوونم)کە شاعیرەکەی(بێدار)ی نەمر بۆ ئامۆزاو خۆشەویستەکەی وتووە کاتێک هەواڵی بە شوودانی بیستووە و دەڵێ: فەڵەک زەبوونم فەلە زەبوونم پەی دیتن(لەیل) خەیلێ زەبوونم شەیدا و  پەشێو حاڵ وێنەی مەجنونم موحەیر نە دەور چەرخ گەردوونم هونەرمەند ئەم کۆپلە شیعرەی خوارەوەی خستۆتە ناو مەقامەکە تا لەگەڵ سۆزی خەمی ڵێک دابڕانی دوو دڵدار، خەمی نیشتمان و هاوار بۆ خوا بردن کورد ڕزگاری بێ لە شەقی ڕۆژگار بگەیێنێتە گوێگر: کەرەم کە خوایە غەم ئاوارەکە دەوای دەردی کوردی بێچارەکە بدە یارمەتی پەروەرد گار خەلاس بن لە جەور، شەقی ڕۆزگار ئەم کۆپلە مەقامە کە شیعرێکی نیشتیمانییە وحەمەجەزا هاتووە تێکهەڵکێشی شیعرێکی ڕۆمانسی کردووە لە ناوەڕاستی مەقامەکە دەیڵێ بەڵام بە داخەوە سانسۆری ڕژێم ئەم کۆپلە مەقامە لە مەقامەکە دەبڕن و ڕێگا نادەن بڵاو بێتەوە، هونەرمەند بەردەوام بە دوای شیعرێک دا دەگەڕا کە پەیامێکی کوردانە بگەیێنێ، بۆ ئەم کورتە نوسینە هەر ئەو نمونە بچوکەم بە باش زانی کە کەم کەس گوێی ڵێبووە، دەنا هەموو مەقام و سروودەکانی جێی هەڵوێستەن، سڵاو لە دەنگ و هەڵوێستی حەمەجەزای نەمر.

PUKmedia د.عەبدولواحد ئیدریس شەریف

پـــەیـــوەنــدیــدار