ناڕەزایی جەماوەر و بێ‌ باكی دەسەڵات تاكەی ؟

ناڕەزایی جەماوەر و بێ‌ باكی دەسەڵات تاكەی ؟

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com
• زیاد لە 2 ساڵە ئەم هەرێمە و جەماوەری میلەتەكەمان لە تەنگژەیەكی دارایی توند و ناجێگیریەكی سیاسی و سەربازی مەترسیداردا ژیان دەگوزەرێنن،هەربۆیەش جەماوەر دوای بەرگریكردن و خۆڕاگرتن و پێنان بەسەر خۆشی و خۆشگوزەرانیەكانیاندا و لە خەمخۆری و دڵسۆزیانەوە بۆ كورد و كوردستان پشووی شۆڕشگێڕیان نواندوە و ئەم بێباكی و خەمساردیەی دەسەڵاتیان بەهەند وەرنەگەرتوە ،چونكە لەلایەك مەترسی داعش و داگیركردنی كوردستانیان لەبەرچاوگرتوە و لەلایەكی تریشەوە ئەو ڕاستییەیان سسلەبیر نەكردوە كە ئەم قەیرانە سیاسی و دارایی و سەربازیانە بەتەنها بەرۆكی هەرێمەكەمانی نەگرتوە و بەڵكو ناوچەی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست بەگشتی و عێراق و سوریا بەكوردستانیشەوەی گرتۆتەوە. هەربۆیە دانیان بەخۆدا گرتوە و بێدەنگیەكی توڕەیان لەناخیادا حەشارداوە، بەڵام وەك دەڵێن سەبر و پشووگرتنیش سنوری خۆی هەیە، بۆیە لە ئێستادا جەماوەری گەلەكەمان كە زۆرێك لەڕاستەیەكانیان بۆ دەركەوتوە و مەترسی داعشیش بەو گەورەییەی لە پێشدا نەماوە، بۆیە ئیدی لەم دەسەڵاتەی قبوڵ ناكەن كە بە ئارەزووی سەركردەیەك یان حیزبێك یان بنەماڵەیەك یاری بە چارەنوسی خۆیان و نەوەكانی داهاتوشیان بكرێت و هەموان پێكەوە لەسەر كۆمەڵە خاڵێك ڕێكەوتوون كە ئەم قەیران و ناجێگریەی هەرێم لە ئەنجامی كار و كردەوە و گوتاری نا بەرپرسیارانە و گەمژانەی ئەم دەسەڵاتە هاتونەتە ئاراوە و ، هیچ ئیڕادەیەكی ڕاستەقینە و ڕاستگۆیانەشیان نیە بۆ چارەسەر: لەو هۆكارانەی كە بونەتە توڕەبون و زویربوونی جەماوەر و دەستیان داوەتە خۆپیشاندان و ناڕەزایدەربڕین بریتین لە:
• سیاسەتە هەڵەكانی دەسەڵات لەمەڕ كێشە سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتیەكانی هەرێم.
• قۆرخكردن و پاوانكردنی دەسەڵات لەیەن حیزب و سەركردە و بنەماڵەیەكەوە و دەستگرتنیان بەسەر تەواوی جومگەكانی حوكمڕانی هەرێمدا.
• ناشەفافیەت لە داهات و خەرجی و بەتایبەتیش داهاتی نەوت و فرۆشتنی و بەتاڵانبردنی بۆ خزمەتی دەستەبژێرێكی دەسەڵات و داگیركارانی كوردستان نەك جەماوەر.
• بوونی گەندەڵی و بەردەوامی بەدرێژایی 25 ساڵی ڕابوودوو و پێشێلكردنی مافەكانی تاك و كۆمەڵی گەلەكەمان و نەبوونی عەدالەت و دیموكراسیەت و پێشێلكردنی ئازادیەكان.
• هەڵگەڕانەوە و كودەتا كردن بەسەر شەرعیەتی پەڕلەمان و سەرۆكایەتی هەرێم و شەلەل خستنە ناو حكومەت و بێكاركردنی دەزگای دادوەریش.
• بەبەرنامە دروستكردن و خوڵقاندنی كێشە و قەیرانەكان بۆ ئەوەی جەماوەر سەرقاڵی حاڵ و بژێوی خۆیان بن و نەپەرژێنە سەر كەمكوڕی و گەندەڵیەكانی دەسەڵات.
• بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر مەزاج و سۆزی كەسەكان و بە عەقڵیەتی شاخ و عەشرەت و بنەماڵە نەك بە عەقڵیەتی ئیدارەیەكی ڕەشید و سەركەوتووی بەپلان و ڕاوێژ و كاركردن بە یاسا و هەوڵدان بۆ بە دامەزراوەیكردنی حوكمڕانی ئەم هەرێمە.
• پەنابردنی دەسەڵات بۆ سیاسەتی ترس و تۆقاندن و ڕاوەدوونان و گرتن و كوشتنی تاكەكانی كۆمەڵگا و هەوڵی نانبڕین و برسیكردنیان كە ئەم دووكارە دوژمنانیش هەمیشە پەنایان بۆ بردوون.
هەربۆیە جەماوەری گەلەكەمان لە پای ئەم هەموو بێڕێزی و گەندەڵی و ناعەدالەتیەدا هاتونەتە دەنگ وەك مافێكی زۆر سروشتی خۆیان و داوای مووچە و خۆشگوزەرانی و لانی كەمی ژیان دەكەن و دەیانەوێت وڵات ئاوەدان و پێشكەوتوو بێت نەك گەڕانەوە بۆ دواوە و كاولكاری لە ئەنجامی نەمانی پڕۆژە و خزمەتگوزاریەكاندا.ئەم قەیرانە داراییە و ئەم ناجێگیرە سیاسیە بونەتە هۆی ئەوەی كە كۆمەڵگای كوردەواری ببێتە كۆمەڵگایەكی برسی و نەخۆش و دواكەوتوو و هەژار كە ڕێژەكەی لەهەرێمدا گەیشتۆتە 14% و زیادبوونی تاوانەكانی كوشتن و دزیكردن و لەشفرۆشی و ..هتد. و بڵاوبونەوەی نەخۆشیە كوشندەكان و دەرونیەكان . كە گەر بەم شێوەیە دۆخەكان بەردەوام بێت ئەوا ئەم خۆپیشاندانە هێمن و ئاشتی و شارستانیانەی كە لە 27/9/2016دا سازكرا دوورنیە بگۆڕدرێن بۆ كار و كردەوەی توندوتیژی و سەقفی داواكاریەكانیش بەرزببنەوە بۆ هەڵوەشاندەوەی حكومەت و تەنانەت گۆڕینیشیان بە هێز و بازوی جەماوەر.
بەداخەوە لە ئێستادا بەهۆی زاڵبون و تۆخبونەوەی هەیمەنە و هەژموونی سەركردە و حیزب و باڵادەستیان لەناوچە جیاوازەكاندا و پەنا بردن و دەستگرتن بە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی دوور لە شەرعیەتی دەنگدان و هەڵبژاردن و جەماوەر، ئیڕادەی جەماوەریش كەرت و پەرت كراوە و یەك و یەكگرتوویی لەكار و گوتار و هەڵسوكەوتیاندا نەماوە و بە كردارەكی هەرێمیان دابەشكردۆتە نەك بۆ دوو كەرت بەڵكو بۆ چەندین كەرت و ناوچەی نفوزی حیزب و سەركردەكان، هەموو ئەم هەوڵانەشیان بۆ دەستبەسەراگرتنی زیاتری قوت و نان و نەوت و داهاتی ئەم هەرێمەیە بۆ خۆیان نەك بۆ جەماوەر.
ئەم دەسەڵاتە جیاواز لەهەموو دەسەڵاتەكانی دونیا و لەكارێكی بێوینە و زۆر دەگمەندا و بەبەرنامە و بەبێ‌ هۆكارێكی دیار دەستی داوەتە توڕەكردنی جەماوەری گەلەكەمان و زۆر بێباكانەش مامەڵە لەگەڵ داواكاریە ڕەواكانیاندا دەكات، وەك ئەوەی لە بیری چووبێتەوە یان حساب بۆ ئیڕادەی گەل نەكات و نەزانێت كە تەنها جەماوەر سەرچاوەی ڕەوایی و شەرعیەتی دەسەڵاتەكانیانەو هەركات توڕەبوونی جەماوەر گەیشتە تروپك و لوتكەی ئەوا زۆر بێ‌ بەزەییانە تۆڵەی هەموو تاوان و پێشلكردنەكان و بێڕێزیەكانیان لێوەردەگرێتەوە و دەیانكاتە پەندی زەمانە و توڕیان هەڵدەدات بەرەو زبڵدانی مێژوو.
بۆیە هەق وایە ئەم دەسەڵاتە زۆر بەجدی و گەرموگوڕیەوە هەر لە ئێستاوە هەوڵ بدات بۆ چارەسەر و گەڕان بەدوای دەرچە و دۆزینەوەی ڕێگای دەربازبوون لەم هەموو كێشە و قەیرانەكان و هەوڵی هێوركردنەوە و ڕازیكردنی جەماوەر بدات، ئاشكراشە ڕێگای چارەسەر هەمیشە كراوە و ڕوون و ئاشكرایە گەر نیەتێكی ڕاستەقینە و ڕاساتگۆیانە هەبێت و بویسترێت كار و كردەوەكان بە ڕاستەقینە مەیسەر بكرێن، بۆ چارەسەری ئەم قەیرانانەی هەرێم دەكرێت ئەم هەنگاوانە بنرێن:
• دەستكردن بە پڕۆسەیەكی ئاشتەوایی سەرتاسەری لە كوردستان و عێراق و ناوچەكە،چونكە كێشە و گرفتەكانمان تەنها لەناوخۆ نەوەستاوە و بەڵكو پەیوەندیە عێراقی و ناوچەییەكانیشمانی گرتۆتەوە.
• توندوتۆڵكردنەوەی پەیوەندیەكان لەنێوان سەركردە و پارتە سیاسیەكانی هەرێم و تەنانەت كوردستانی گەورەش لە ڕۆژئاوا و باكور و ڕۆژهەڵاتیش. و چێكردنی كۆدەنگیەكی نیشتیمانی و نەتەوەیی.
• گەڕانەوەی دامودەزگا شەرعیەكانی هەرێم بۆ باری ئاسایی خۆیان و هەوڵدان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لەڕێگای یاسا و ڕێزگرتن لەئیڕادەی گەلەكەمان.
• هەوڵدانی جدی و پێكەوەیی بۆ دۆزینەوەی خێراترین چارەسەر و كورتترین ڕێگا بۆ كێشە و قەیرانی دارایی و دابینكردنی مووچەی فەرمانبەران، كە ئەمەش تەنها بە گەڕانەوە بۆ بەغداد و ئاسایكردنەوەی پەیوەندیەكان و دروستكردنەوەی متمانەی نێوان هەردوولا و ڕێزگرتنی ڕێكەوتنەكان دەبێت.
• دووركەوتنەوە لە گیانی خۆبەزلزانین و غرور و كبریائی ناپێویست ،چونكە حوكمڕانی میلەتێك مەسەلەیەكی كەسی و حیزبی و بنەماڵەیی نیە، و ئەو ڕاستیەش دەبێت لە بیر نەكرێت كە ئیدارە و دەسەڵاتی ئەم هەرێمە بەتەنها بە سەركردە و حیزبێكی سیاسی نابرێت بەڕێوە و ئیدارە نادرێت و ئەزموونی چەند ساڵی ڕابوودرووش ئەو ڕاستییەیان سەلماندوە، ودەبێت هەموان شەریكێكی ڕاستەقینە بن نەك كارتۆنی بەبچوك و گەورەوە و هەموانیش پەرۆشی و خەمۆخۆریان تەنها بۆ گەل و نیشتیمان بێت و هەوڵی تۆخكردنەوەی متمانەی نێوان سەركردە و پارتەسیاسیەكان و جەماوەر و ئینتیما بۆ گەل و نیشتیمان بدەن.
بەبێ‌ ئەم هەنگاو و كار و كردەوانە مەحاڵە بتوانرێت كێشە و قەیرانەكانی هەرێم چارەسەر بكرێن و نابێت چیدی دەسەڵات بێ‌ باكانە بڕوانێتە كێشەكان و داواكاریەكانی جەماوەر ، و هەركاتیش دەسەڵات گەیشتە ئەو باوەڕەی كە ناتوانێت هەرێم بەڕێوە ببات بەم پێكهاتەو سیاستەوە پێویستە بیر لە دەستلەكاركێشانەوە بكاتەوەو ڕێگا خۆش بكات بۆ پێكەوەنانی حكومەتێكی (( ڕزگاری نیشتیمانی )) لە جیاتی (( حكومەتی بنكە فراوانی نیشتیمانی)) كە لە ئێستادا فەشەلی هێناوە و نەیتوانی تەنها 2 ساڵ پێكەوە كار بكەن، بەم كارەش هەنگاوێكی خەمخۆرانە دەنێت و لانی كەم تاوانەكانی سەر ئەستۆی كەمتر دەبێتەوە و وەك داننان وایە بەهەڵەدا كە بۆ خۆی (( داننان بەهەڵەدا گەورەییە)).
چونكە گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە و دونیا زۆر خێران و هیچیشیان لەبەرژەوەندی كورددا نین گەر كورد نێوماڵی خۆی پتەو نەكات و یەكڕیزی خۆی گرنگی پێنەدات . بۆیە مەترسیەكان لەدوای ڕزگاركردنەوەی موصڵ و چارەسەری كێشەكانی سوریا هەموانیان ڕوودەكەنەوە كورد، بۆیە ئەم دەسەڵاتەی هەرێم ئەركێكی مێژووی و گەورەی لە ئەستۆدایە لە پێش بەشەكانی ترەوە، بۆیە دەبێت هەردوو جەمسەرەكەی دەسەڵات و حوكمڕانی لە ((جەماوەر و دەسەڵات )) پێكەوە كاربكەن و تەبا و متمانەپێكەری یەكتر بن و نابێت هیچ كامیان ئەویتر پشتگوێ‌ بخات ،بەپێچەوانەوە ئەوەی كەهەشمانە لەدەستمان دەچێت و ئەوكاتیش مێژوو و نەوەكانی داهاتوومان بەزەیی بەكەسدا نایەتەوە.

پـــەیـــوەنــدیــدار