خۆپیشاندان فشاری ئاشتییانەی مافخوراوانە!

خۆپیشاندان فشاری ئاشتییانەی مافخوراوانە!

 

هیوا سەرهەنگ / هۆڵەندا

 

دیموکراتی لە هەر جێیەک پڕتر بووبێت دەنگی ئازادی و چالاکی و بوارەکانی رەخنە فراوانتر بووە، چون هەمووان دەتوانن گوزارشت لە راو بۆچوونی تایبەتی خۆیان بکەن. ئەمە دەقاودەق دەکرێت بکرێتە پێناسەیەک بۆ زۆنی سەوز لە هەرێمی کوردستان سەرباری بوونی کەم و کوڕی و بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارە خۆیی و بابەتیەکانی رەوشی هەرێمی کوردستان، لەوەتەی کورد خۆی خاوەنی دەسەڵاتی خۆیەتی و هەر جارە و بە جۆرێک تووشی قەیران دەکرێت و شەقامی کوردیش وەک تینوویەک بۆ دیموکراسی و  خۆشگوزەرانی و یەکسانی و ئازادی کەوتۆتە چالاکی و پێداگیری و فشاری ناڕەزایی لەسەر دەسەڵات بۆ بەرقەرار بوونی یاسا و بە دامەزراوەکردنی تەوای دام و دەزگا گشتییەکان و لێرەوە هەنگاوی دروست بۆ دەوڵەتی کوردی سەربەخۆیی دەنرێت، لە بەرامبەردا دەسەڵات بێمنەتی خۆی بە ئاشکرا راگەیاندووە لە بەرامبەر داخوازییەکانی جەماوەردا، هەربۆیە هەندێک جار جەماوەری تووڕە پەنا دەباتە بەر خۆپیشاندان و لەمەیشەوە دەرئەنجامی توندوتیژی لێدەکەوێتەوە و ئەم توندوتیژییەش پاساوێک بووە هەمیشە دەسەلاتی پایتەخت کردوویەتیە بەهانەی جێبەجێنەکردنی داخوازییەکان و پشتگوێخستن و سەرقاڵکردنی هەمووان بە دەرئەنجامە لاوەکییەکانەوە، تائێستاش دەسەڵات نەگەیشتۆتە ئەو بڕوایەی کە هەر ئاڵۆزییەک هۆکار و دەرئەنجامە و هەمیشە  خۆی لە هۆکارەکان بەدوور گرتووە و هەمووانی بە دەرئەنجامە نەرێنیەکانەوە خەریک کردووە، هەر بۆیە جەماوەری مافخواراو .. جەماوەری بێ منەتکراو .. جەماوەری بێ مووچە و ئابووری هەرێم داتەپاو، لەوپەڕی پەرۆشیان بۆ رەوشی کوردستان و لەوپەڕی دانبەخۆداگرتنیانەوە، رۆژی ٢٧/ی ئەیلول کاتێک خۆپیشاندانیان کرد، نامەیەکی روون و ئاشکرایان دایە دەست دەسەڵات و بەهانەکانی پێشووتری دەسەڵاتیان بێ بەها کردەوە و لەوپەڕی برسێتی و نەهامەتییاندا کە پاش ئەوەی مووچەیان بەناوی پاشەکەوتەوە کرا بە چارەک و ئەویشیان پێ رەوا نەبینرا، زۆر هێمنانە و دوور لە هەر هەڵچوون و توندوتیژییەک لە سەرتاسەری زۆنی سەوزدا کە هەمیشە مەڵبەندی بیری سەربەست و ئازادی رادەربرین بووە، خۆپیشاندانێکی جەماوەری دەیان هەزاریان سازدا و لە کات و شوێنی خۆیدا پاش گەیاندنی پەیامەکانیان کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا. ئەوەی جێی سەرنجە ئەم خۆپیشاندانە کە وا بڕیار بوو سەرتاسەری بێت لە هەرێمی کوردستان، واتە شار و شارۆچکەکانی هەولێر و دهۆکیش هەمان چالاکی بنوێنن، بەڵام مەخابن   وەک هەموو جارەکانیتر لەگەڵ ئەوەشدا کە تەواوی چین و توێژەکان لەو دەڤەرەشدا دەناڵێنن بەدەست بێ مووچەیی و داتەپیوی باری ئابوورییەوە، کە چی لە ژێر فشارە ترسناکەکانی دەسەڵاتدا بێدەنگ مانەوە و  بوونەوە بەو بەهانە نەزۆکەی دەسەڵات کە هەمیشە وەک نموونە دەیان هێنێتەوە و بێدەنگی ئەوانی کردۆتە بەهانەیەک تا شارەکانی سلێمانی، کەلار، هەڵەبجە،  کفری، رانیە و قەڵادزێ و هەموو شارو شارۆچکەکانیتری زۆنی سەوز بە ئاژاوەگێر و توندڕەو ناوبەرێت.

پرسیار لێرەدایە، دەشێت نهێنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چیدا بێت لەگەڵ ئەو خەڵکەدا کە دەسەڵات بە توندڕەو ناویان دەبات، دەتوانێ بگونجێت و هەڵبکات، ئاخر هەڤاڵی هێژا و مامی گەورەمان ( مام جەلال ) هەر لەخۆوە نەیوتووە ( سەفین لەبن دێت یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بن نایەت ) چون خاوەنی خەڵکانی رووناکبیر و دڵسۆز و نیشتمانپەروەرو بە هەڵوێستە، ئەم خەڵکانە بنکەی سەرەکی و فراوانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانن،یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هەموو ئەندامان و دۆست و لایەنگرانی وا راهێناوە کە هەرگیز بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان سڵ لە هیچ شتێک نەکەنەوە و سووربن لەسەر داخوازی و مافە رەواکانیان .. هەر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە ئەو بار و دۆخە بە جۆرێک ساز دەکات کە هەموو کەس سەربەستانە رەخنە بگرێت و بە ئازادی رای خۆی دەربرێت.

قوتابخانە پڕ ئەزموونەکەی ( مام ) وای کردووە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان خۆیان بە خاوەن ماف بزانن و رەخنە لە هەموو کەم و کوڕیەک و لە هەموو بەرپرسێکیش بگرن، هەر بۆیە ( مام )ی مەزنمان ئەو پێوەندانەی پچڕاند و ئەو سنوورانەشی بەزاند کە کەسێک هەبێت لە سەروو رەخنەوە بێت و هەمیشە لە کۆڕ و سیمینارەکانیدا ئاماژەی بەوە داوە بوێرانە رەخنە بگرن و مەترسن، بەر لەهەمووان رەخنە لە ( مام جەلال ) بگرن.

پـــەیـــوەنــدیــدار