ماوتە هێشتا کاولی کەی ؟                       

                ماوتە هێشتا کاولی کەی ؟                       

هونەر و ئەدەب ناسنامەی نەتەوەیین و ئاوێنەی سەروەری و ناساندنی کۆمەڵگان بە جیهانی دەرەوە و پێناسەی گەلانن و ڕۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لەگەیاندنی پەیامەکان و نەهامەتی و کێشەکان بە شێوازێکی گونجاو ، جەمکێکن ڕەها و کلتور و مێژوو دەگوازنەوە و پەیامە ڕاستیەکان دەگەیەنن ، ئەو پەیامانەی قەتیسکراون و پەنگیان خواردووەتەوە و توانای دەربڕینیان زەوتکراوە .. ئەو پەیامانەی پێویست ئەکات ببێتە زمانێک وداواکارییەکان ڕابگەیەنێت و کاردانەوەی هەبێت و کێشەکان چارەسەربکات و بیگەیێنێتە دونیای دەرەوە و گڵۆپی هۆشداری هەڵبکات و دەور و بەر ڕووناک بکاتەوە و نووستووەکان بە ئاگا بێنێتەوە ، هۆشمەندی ڕاگەیەنێت و بوونی ڕۆشنبیری و پێگەی زانیاری میللەت و نەتەوە دیاری بکات و ئاستێکی پێببەخشێت، زۆر لە میللەتانی جیهان هەیە بە بۆنەی ئەدەب و هونەرەکانیان ناسراون و پێگەی تایبەتیان بۆ دابینکراوە ، نموونەی هونەرمەند و ئەدیبی کارا زۆرن کە بوونەتە جێگای شانازی ووڵات و کۆمەڵگاکانیان چ کاتێ باسی تابلۆی مۆنالیزای لیۆناردۆ دەکرێت سەروەری ئیتالیا لە بواری هونەر دێنێتەبیر ، هەر وەک ڤانکۆخی هۆڵەندی و بتهۆڤنی نەمساوی وگابریێل گارسیا مارکیزی باشوری ئەمەریکا و ویلیەم شکسپیری بەریتانی ومۆزارتی ئەڵمانی و زۆری تر .. بەڵام جێگای داخە زۆر لە هونەرمەندان و ئەدیبی نەتەوەکەمان کە ژیانی خۆیان لە پێناو خزمەتی هونەر و کلتوری کوردی تەرخانکرد تا لەژیاندا بوون زۆربەیان بە نەهامەتی ژیانیان بەسەربرد و بگرە ژیانێکی کولەمەرگیشیان بەسەربرد تا سەریان نایەوە و بۆ دواجار ماڵئاواییان لە نەتەوەکەیان وهونەرکرد بەڵام پاش کۆچکردنیان لە سوچێکی ڕۆژنامە و لە هەواڵێکی میدیایی بەکورتی باسکران، هونەرمەند حەسەن زیرەک و کاوێزئاغای حەیران بێژ و عوسمان چێوار و جیهاد دڵپاک و ئەیاز زاخۆلی و تەحسین تەها و تاهیر تۆفیق و ڕەسوڵ گەردی  وزۆری تر ..

لەم ڕۆژانەدا ئەستێرەیەکی تری دونیای هونەر و شانۆی کورد ماڵئاوایی لێکردین کە بەدرێژایی تەمەنی خزمەتی هونەری نواندن و شانۆی کوردی کرد و هەر لەو ڕێیەشداجگەرگۆشە تاقانەکەی خۆی وەک لە هەمان چیرۆکێکی نواندندا کەبە کارەساتی ئۆتۆمبێل گیان لەدەست دەدات ڕووبەڕووی  ڕاستیەکی تاڵی ژیان بوو قەدەر بەهەمان شێوەی چیرۆکەکە جگەرگۆشە تاقانەکەی بە هەمان کارەساتی ئۆتۆمبێل لێ سەندەوە ، ئەو ئەستێرەیەی بواری تەمسیلی و چیرۆک و نواندنی شانۆی کوردی مەکی عەبدوڵای ناسراو بە عەلی ئەفەنی بوو کە ژیانی خۆی لە پێناو هونەری کوردی بەسەربرد و خزمەتی زۆری گەیاندە نەتەوەکەی لەسەر تەختەکانی شانۆ و شاشەی تەلەفیزیۆنی کوردی ، حاجی مەکی عەبدوڵا خاوەنی چەندین بەرهەمی خزمەتگوزاری نەتەوەکەی بوو ، چەندین پەیامی  هۆشداری و هۆشمەندی گەیاندە میللەتەکەی لە بواری کێشەی کۆمەڵایەتی و بوارەجیا جیاکانی تر چ بە ڕێگەی هونەری کۆمیدیا یا دراما ، عەلی ئەفەنی فێرگەیەک بوو لە ڕێی شانۆکانیەوە ڕاستیەکانی دەرئەخست و خورافاتەکانی کۆمەڵگای ئاشکرا ئەکرد بە جۆرێک ببوە وێردی سەرزمانی نەتەوەی کورد بۆ ماوەی چەندین دەیە ساڵ ، ئەم جۆرە هونەرمەند و ئەدیبانە زۆرگرنگن بۆ نەتەوە و میللەتەکانیان هەردەم لە ئارشیفی هونەردا بە زیندوویی دەمێننەوە و جێگای ڕێز و حورمەتی نەتەوەکەیانن و بە نەمری لە دڵی تاکی کورد دا دەژین ، وەک شیعر و هۆنراوە بەرز و مانا بەخشەکانی شاعیری بەرزی کورد شێرکۆ بێکەس هەر کاتێ شیعری لەش فڕۆشێک بخوێنیتەوە و شاکارە بەرزەکانی عەبدوڵا پەشێوی شاعیری خاوەن هەڵوێست خوا تەمەن درێژی کات قون و کورسی و کەری تۆبم یا هی جەردە و دوبەی ، بۆت دەردەکەوێت بەڕاستی میللەتێک خاوەن ‌ئەو هەموو هونەرمەند و ئەدیب و شاعیر و ڕۆشنبیرانە بێت نەخەوتووە و بێئاگا نیە کە چی دەگوزەرێت بەڵام بێدەنگی هەڵبژاردووە تا کاتی گەیاندنی قسەکان دێت بە جێگای مەبەست ، زۆریش هەن لەو شاعیر و هونەرمەندانەی کە تا ئێستاش لە ژیاندان و سەروەری و بەهای خۆیان لەدەست دا و لە دڵی میللەت و نەتەوەکانیان مردوون و هونەر و شیعرو بەهای خۆیان لەپێناو بەرژەوەندی خۆیان لەدەست دا، ماوەتەوە بڵێین لەم کاتەی دونیای ئەمڕۆی هەرێمی کوردستانی ئازاد دا کە قەیرانەکان زۆر زۆر بوونە و ڕۆژ بە دوای ڕۆژ زیاتر کەڵەکە دەبن بگرە لە قەیرانی داعش و گرتنی شەنگار و تەراتێنی سوپای تورکیا بە بێ لێپرسینەوە و کڕینی زۆربەی مۆڵەکانی هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لە لایەن حەنان فەتلاوی و قەیرانی دارایی و مووچە و داهاتی نەوت و چەندین کۆبوونەوەی بێ ئەنجامی پێنج قۆڵی و ڕێگری کردن لە سەرۆکی پارلەمان و قەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم و دەرکردنی چەندین وەزیر وڕاسپاردنی دوو وەزارەت بە تاکە وەزیرێک و کوشتن و ڕفاندنی ڕۆژنامەوان لەسەر خەوبنین یا دزینی گۆڤار و قەدەغەکردنی ، کاتی ئەوە هاتووە بڵێین هەزار ڕەحمەت لە گۆڕت عەلی ئەفەنی حاجی مەکی عەبدوڵا کە لە شاکاری مامەخەمەدا دەتووت.. نە عیمە نە عیمە ماوتە هێشتا کاولی کەی ؟

سیروان بەرزنجی

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە