خاڵە لاوازەكانی یاسای بودجەی ساڵی 2016 بۆ هەرێمی كوردستان!!!

خاڵە لاوازەكانی یاسای بودجەی ساڵی 2016 بۆ هەرێمی كوردستان!!!

======================

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohamdis@yahoo.com
• ئاشكرایە لە ڕۆژی 4 شەممە بەرواری 16/12/2015دا یاسای بودجەی ساڵی 2016ی دەوڵەتی عێراقی لەلایەن پەڕلەمانی عێراقەوە بە زۆرینەی دەنگ پەسەندكرا كە لە 53 مادە پێكهاتوە، و بەم هەنگاوە حكومەت و پەڕلەمانی عێراق توانیان لەكاتی دیاریكراوی خۆیدا ئەم یاسا گرنگە پەسەند بكەن بۆئەوەی سەرەتای ساڵی نوێ‌ كاری پێبكرێت و بكەوێتە بواری جێبەجێكردنەوە كە ئەم خاڵە بۆ ڕاییكردنی كاری حكومەت و هەموو وڵاتێك زۆر گرنگە و كاریگەری گەورەی هەیە. و ناكرێت هیچ دەوڵەت و حكومەتێك بەبێ‌ یاسای بودجەی ساڵانە هیچ خەرجیەك بكات ، بەپێچەوانەوە هەمووی دەبێتە زیادەڕەوی و كاری نایاسایی.
یاسای بودجە بریتیە لە بەرنامە و كار و فەلسەفەی هەر حكومەتێك بۆ گەشەپێدانی ئابوری و كۆمەڵایەتی ، ئامانجی سەرەكی لە دابینكردن و دیاریكردنی بودجەی ساڵانەی هەر حكومەتێك بریتیە لەوەی كە سەرچاوەكانی داهات هەمەجۆر بكات و كۆشیان بكاتەوە و بەپێی پێویست و بە یاسا و ڕێسای ژمێریاری و پلانی زانستی وواقعیش خەرجیان بكاتەوە. هەر یاسایەكی بودجە توانی بە كەمترین داهات زۆرترین خزمەتگوزاری ئابوری و كۆمەڵایەتی پێشكەش بكات ئەوا بودجە و یاسایەكی سەركەوتوە و بەپێچەوانەشەوە گەر كورتهێنانی زۆر هەبوو ئەوا یاسا و بودجەیەكی سەركەوتوو نیە.دیاریكردنی بودجەی هەر وڵاتێك گرنگی دەداتە لایەنی ئاوەدانكردنەوەی وڵات و گەشەكردنی سەرجەم بوارەكانی كۆمەڵگا لە ئەمنیەت و ئاسایش وسەربازی وپیشەسازی و كشتوكاڵ و نیشتەجێبون و تەندروستی و پەروەردە و خوێندن و ڕێگاوبان و كارەبا و ژینگە و ..هتد.بەشێوەیەكی گشتی بودجە دەخرێتە خزمەتی خۆشگوزەرانی و بەرزكردنەوەی ئاستی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگا و ئاشتی و ئارامی و پاراستنی ئەمنیەتی وڵاتەوە.
سەرەڕای چەسپاندنی پشكی 17%هەرێمی كوردستان لە یاساكەدا بەهیمەت و خەمخۆری ئەندامانی كوردی پەڕلەمانتار كە كارێكی ئاسان نەبوە و ناشبێت لەبەرامبەر داخ لەدڵانی عەرەبی سونە و شیعەی توندڕەو ودەمارگیردا، بەڵام بەداخەوە خەرجكردنی ئەو بڕە پارەیە بەسراوەتەوە بەچەند كۆت و بەندێكەوە كە هەر لە سەرەتاوە دیارە جێبەجێ ناكرێت و نادرێت وەكو ساڵانی 2014 و 2015.. هەربۆیە نابێت خەونی ڕەنگاوڕەنگی لەسەر هەڵبچنرێت، چونكە پەسەندكرندن و جێگیركردنەكەی بەهێندەی جێبەجێكردن و ناردنەكەی گرنگی نیە.
• لەیاسی بودجەی ساڵی 2016دا كۆمەڵێك خاڵی لاوازی تیادایە بۆ هەرێمی كوردستان كە بریتین لە :
1. یاساكە نرخی 1 بەرمیل نەوتی دیاریكردوە بە 45 دۆلار ، كە لەڕۆژی پەسەندكردنی یاساكەدا لە 16/12/2015دا نرخی 1 بەرمیل نەوت بە 36 دۆلار بوە.واچاوەڕوانیش دەكرێت لەساڵی 2016دا نرخەكە دابەزێت بۆ 25-29 دۆلار دوای هەناردەكردنی نەوت لە لایەن ئەمریكاوە.. كەواتە ئەم نرخەی كە دانراوە خەیاڵیەو دەبێتە هۆی زیادكردنی بڕی كورتهێنان لە بودجەدا.
2. دیاریكراوە كە لە ساڵی 2016دا ڕۆژانە عێراق 3600000 بەرمیل نەوت هەناردە بكات بە 550هەزار بەرمیلەكەی كوردستانیشەوە . كە ئەمەش بۆخۆی كارێكی نەكردەیە چونكە لە كۆتا مانگی 10/2015دا عێراق توانیویەتی تەنها بڕی 3200000 بەرمیل هەناردە بكات . كەواتە ئەم خاڵەش خەیاڵیە و جێبەجێناكرێت و بڕی كورتهێنان زیاتر دەكات.
3. لەیاساكەدا بەڕێژەی 95% و زیاتریش پشت بەسراوەتە سەر داهاتی نەوت . كە ئەمەش بۆخۆی خاڵێكی لاوازە و دەبوایە گرنگی بدرێت بە دۆزینەوە و هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی داهات لە ڕێگەی گەشەپێدانی بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵ و گەشتیاری و سەرچاوە مرۆییەكان و ..هتد.
4. بڕی داهات دانراوە بە 81700803138 تریلۆین دینار و كۆی خەرجیەكانیش دانراوە بە 105895722619 تریلیۆن دینار. كەواتە بڕی كورتهێنان بریتیە لە 24194919481 تریلیۆن دینار.كە بڕیارە بە قەرزی ناوخۆیی و دەرەكی و پارەی گەڕاوەی ساڵانی پێشوتر و بەرزبونەوەی نرخی نەوت و هەناردەكردنی زیار پڕ بكرێتەوە. كە لە بنچینەدا هەموو ڕێوشوێنەكان نایەنەدی و قەرزەكانیش هێندەی تر ئەستۆی حكومەت بارگرانتر دەكەن.
5. ڕێژەی تەنها 24% دانراوە بۆ پڕۆژە و خەرجیەكانی وەبەرهێنان و ڕێژەی 76% یش دانراوە بۆ خەرجیە تەشغلیەكان، كە ئەمەش وادەكات لەساڵی 2016دا كەمترین پڕۆژەی وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان جێبەجێبكرێت ، واتە ساڵی ئایندەش هەموو عێراق و كوردستانیش هەر بەرخۆردەبین نەك بەرهەمهێن.
6. ڕاستە بڕی 17% وەك پشكی هەرێم دیاریكراوە كە پێش بڕینی خەرجیە حاكیمی و سیادیەكان دەكاتە 18 تریلیۆن دینار و لەدوای دەركردنی ئەو خەرجیانەش دەبێتە 13 تریلیۆن و 67 ملیار دینار . كە مانگانە دەكاتە بڕی 1 تریلیۆن و 139 ملیار دینار. بەڵام ناردنی ئەم بڕە پارەیە پەیوەستكراوەتەوە بە:
1. بەپێی مادەی 9 و بڕگەی یەكەم ، دەسەڵاتی خەرجكردنی دراوەتەوە دەست سەرۆكی وەزیرانی عێراق.
2. بەپێی هەمان مادە و بڕگەی دووەم دوای دەركردنی خەرجیە حاكیمەكان دەنیرَدرێت.
3. بەپێی هەمان مادە و بڕگەی چوارەم ، لەدوای ووردبینیكردنی هەموو داهاتەكانی ساڵانی پێشووی هەرێم لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی عێراقەوە بڕەكە كەم و زیاد دەكات.
4. بەپێی مادە 10 و بڕگەی یەكەم / ا / هەموو مانگێك لەلایەن دیوانی چاودێری دارایی بەغداد و بەهاوكاری وەزارەتی دارایی هەرێم مانگانە داهاتە فیدڕاڵیەكان لەهەرێم وەردەگیرێت و دەنیردرێت بۆ بەغداد.
بەپێی هەمان مادە و بڕگەی دووەم/ هەركاتێ‌ هەرێم هەڵنەستا بە ناردنی داهاتە فیدڕاڵیەكان ئەوا وەزارەتی دارایی بەغداد بڕی ئەو داهاتانە لە پشكی 17% دەبڕێت.
5. هەناردەكردنی بڕی 550 هەزار بەرمیل نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە و ڕادەستكردنی بە كۆمپانیای سۆمۆ و گەڕاندنەوەی داهاتەكەی بۆ خەزینەی دەوڵەتی عێراقی بە پێی ڕیًكەوتنامەی بەغداد و هەرێم لە 2/12/2014دا,
6. بەپێی مادەی 10 وبڕگەی سێیەم/ ناردنی پشكی 17% ی هەرێم جارێكی تریش بەسراوەتەوە بە پابەندبوونی هەردوولا بە ڕێكەوتنی 2/12/2014 و ناردنی داهاتە نەوتی و داراییەكان بۆ بەغداد.
7. بەپێی مادە 20 ی یاساكە،لە پشكی 17%ی هەرێم ، پێویستە هەرێم شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتیەكان بدات نەك لەسەر پشكی بەغداد. كە ئەمەش بڕێكی زۆر و قورسە لە ئێستای حكومەتی هەرێمدا.
8. بەپێی مادە 32 ی یاساكە، هەرێم پابەندكراوە بە ناردنی هەموو ئەو داهاتانەی كە لە فرۆشتنی زیادەی نەوتی هەرێمەوە دەستدەكەوێت كە زیاتر لە 550 هەزار بەرمیل نەوتە و بەمەش هەرێم ناتوانێت مامەڵە بە داهاتی فرۆشی نەوتی زیاتر لە 550 هەزار بەرمیلەوە بكات بۆ خۆی.
• بەم شێوەیە دەبینین كە ناردنی پشكی 17% هەرێم وەك دەرهێنانی پارویەك نانە لە قوڕگی شێردا و بە ئاسانی و سانایی نانێردرێت وەك ساڵانی پێشوو ، چونكە لای هەموان ئاشكرایە كە دەسەڵاتدارانی حكومەتی هەرێم بەو مەرجانە ڕازینابن و نین، و نایانەوێت كە جارێكی تر فرۆشتنی نەوتی هەرێم بخەنەوە ژێر دەستی بەغداد، هەربۆیەش پێشبینی دەكرێت كە ساڵی 2016 ش هیچ بڕە پارەیەك نەنێردرێت بۆ هەرێم و قەیرانی دارایی هەرێم قوڵتر ببێتەوە و كارەساتی ئابوری و سیاسی و كۆمەڵایەتی لێبكەوێتەوە، چونكە نزیكەی 3 ساڵە هەرێم نەیتوانیوە هیچ پڕۆژەیەكی گەشەكردن و ئاوەدانكردنەوە و خزمەتگوزاری پێشكەش بكات كە ئەمەش بۆتە هۆی زیاتر وێران بوونی ژێر خانی ئابوری و پێشكەوتن و خزمەتگوزاریەكان.
ئەوەی ماوەتەوە بیڵێین ئەوەیە كە گەر دەسەڵاتدارانی هەرێم گەرەكیانە لەم قۆناغە سەخت و دژوار و جەنگی داعش و مانەوەی نازحە عەرەبەكان و سەرجەم گۆڕانكاریەكانی ناوچەكە بەسەركەوتوی دەرباز ببێت و جەماوەری میلەتەكەشمان لەنەبونی و برسێتی ڕزگار بكات ، پێویستە نەرمونیانی بنوێنێت و لەگەڵ بەغداد پێكبێت و بیانوەكانی بەغداد نەهێڵێت و ئیلتیزاماتی نەوتی و داراییەكانی خۆی جێبەجێ بكات بۆئەوەی بەغدادیش ئەركی سەرشانی خۆی بهێنێتەدی.
ئاشكراشە حكومەت و دەسەڵاتی خۆماڵی و دڵسۆز و خەمخۆر ئەو دەسەڵاتەیە كە لەپێناو بەرژەوەندی میلەتدا هەموو كارێك بكات نەك بەرژەوەندی حیزب و سەركردە و بنەماڵەیەكی دیاریكراو.
ئەو ڕاستیەش ڕوونە كە میلەتەكەمان دڵسۆزترین و خەمخۆرترینە بۆ حكومەت و دەسەڵاتەكەی و ڕۆژانە ڕۆڵەكانی دەكاتە قوربانی لە پێناو پاراستنی سنور و كەرامەتی تاك بەتاكی میلەت و سەركردەكان، بۆیە دەبێت دەسەڵاتدارانیش پاداشتی ئەو قوربانی و خوێن و فرمێسكانە بدەنەوە بەخزمەتكردنیان نەك نانبڕین و برسیكردنیان.

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە