عەبادی: بەم شێوەیە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەبێت

عەبادی: بەم شێوەیە کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر دەبێت

له‌ نوێترین لێدوانیدا له‌باره‌ى چاره‌سه‌ركردنى پرسى موچه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق ڕایده‌گه‌یه‌نێت “پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی 2017 ى عێراق به‌پێی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى كۆتایى ساڵى 2014 ى نێوان هه‌ولێر به‌غدا ده‌بێت”.

سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق “حه‌یده‌ر عه‌بادی” ڕایگه‌یاند “پشكی هه‌رێمی كوردستان له‌ پڕۆژه‌ یاسای بودجه‌ی ساڵی 2017 ى عێراق به‌پێی ڕێككه‌وتنێكی پێشووی هه‌ولێرو به‌غدا ده‌بێت، كه‌ پێشتر له‌نێوان هه‌ردوولا واژووكراوه‌”.

ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌كرد “پێویسته‌ هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تى عێراق پابه‌ندبن به‌و ڕێككه‌وتنه‌ی له‌نێوانماندا واژۆكراوه‌ له‌باره‌ى شێوازى هه‌نارده‌كردنى نه‌وت و دابینكردنی به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم”.

ئه‌م لێدوانه‌ فه‌ڕمییه‌ى سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق له‌ كاتێكدایه‌ كه‌ پێشتریش  په‌رله‌مانتارى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق ئاشكراى كرد “له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كى فه‌ڕمیدا عه‌بادى وتویه‌تى: ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ى ڕاده‌ستى به‌غدا بكات ئه‌وا موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان ده‌نێرن”.

په‌رله‌مانتارى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق “ڕێبوار ته‌ها” له‌ لێدوانێكدا ڕایگەیاندبوو “له‌كاتێكدا هه‌وڵه‌كانى حكومه‌تى هه‌رێم و ده‌سه‌ڵاتدارانى هه‌رێم به‌جدى ده‌بینم بۆ چاره‌سه‌ركردنى پرسه‌ بودجه‌ و موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان كه‌ ئاماده‌بن ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ جێبه‌جێ بكه‌ن كه‌ پێشتر له‌گه‌ڵ به‌غدا واژۆیان كردووه‌ و تائێستاش ڕێككه‌وتنه‌كه‌ بوونى ماوه‌ په‌یوه‌ست به‌وه‌ى ڕۆژانه‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ نه‌وتى كه‌ركوكیشه‌وه‌ 550 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت ڕاده‌ستى حكومه‌تى عێراق بكات، بۆیه‌ كه‌ى ئه‌م كاره‌یان كرد ماناى وایه‌ هه‌رێم جدیه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كه‌”.

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى یه‌كێتیى نیشتمانى كوردستان له‌ په‌رله‌مانى عێراق ڕاشیگه‌یاند “ئه‌گه‌ر حكومه‌تى هه‌رێم ناوه‌ڕۆكى ڕێككه‌وتنه‌كه‌ى كه‌ مانگى دوانزه‌ى ساڵى 2014 له‌گه‌ڵ حكومه‌تى عێراق واژۆى كرد، له‌ ئێستادا جێبه‌جێى بكات ئه‌وا به‌دڵنیاییه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ردا حكومه‌تى عێراق به‌شه‌ بودجه‌ ڕه‌وانه‌ى هه‌رێم ده‌كات، سه‌رۆك وه‌زیرانى عێراق حه‌یده‌ر عه‌بادییش وتویه‌تى (ئه‌گه‌ر هه‌رێم نه‌وته‌كه‌ى ڕاده‌ستى به‌غدا بكات ئه‌وا موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستان ده‌نێرین)”.

س:میللەت

پـــەیـــوەنــدیــدار