دوایین زانیاری لەبارەی شەڕەکەی کەرکوک ..

دوایین زانیاری لەبارەی شەڕەکەی کەرکوک ..

دوای گەیشتنی ھێزە ئەمنیەکان بارودۆخی ئەمنی کەرکوک کۆنترۆڵکرایەوەو تەنھا لەدوو ناوچەی ئەو شارە دەنگی تەقە دەبیسترێت و دیوانی وەقفی سوننی شارەکەش بڕیاریدا نوێژی ئەم ھەینی لەمزگەوتەکان ئەنجام نەدرێت

 یوسف مام تەیب کارگێڕی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە SNNی ڕاگەیاندوە: بەرەبەیانی ئەمرۆ ٢١ی تشرینی یەکەم، چوار چەکداری داعش پەلاماری وێستگەی کارەبای قەزای دووبزیاندا، ١٢ فەرمانبەرو کرێکاریان شەھیدکرد کە سێ لەو کرێکارانە ئێرانین و ھەشتیان عەرەبن و خەڵکی دووبزن، یەکێکیشیان خەڵکی پردێیەو تورکمانە.

وتیشی:”ئەو پەلامارە لەلایەن چوار چەکداری داعشەوە ئەنجامدرا کە یەکێکیان خۆی تەقاندەوەو سێ تیرۆرستەکەی تریش لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە کوژران و لەئێستاشدا دۆخی ئەمنی قەزاکە بەتەواوی کۆنترۆڵکراوە بەھاوکاری پێشمەرگەو ئاسایش و ھیچ ھێزێکی تریش بۆ قەزاکە نەھاتووە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەلایەکی تریشەوەو ھەر سەرلەبەیانی ئەمڕۆ تیرۆرستانی داعش ھەڵیانکوتایە سەر گوندی (قوتانی عومەر بەگ)و ھاوڵاتیانی ئەو گوندەیان لەناو مزگەوت کۆکردەوەو قسەیان بۆ کردن، ئۆتۆمبێلێکی خۆکوژیشیان بەئاراستەی ھێزەکانی پێشمەرگە نارد، بەڵام شکست بەو پەلامارە ھێندراو ئۆتۆمبێلەکەش تەقێندرایەوەو دوو پێشمەرگەش بەوھۆیەوە برینداربوون و ١١ تیرۆرستیش کوژران و گوندەکە بەتەواوی لەتیرۆرستانی داعش پاککرایەوە.

سەبارەت بەئاڵۆزیەکانی ناو کەرکوکیش، یوسف مام تەیب ئاشکرایکرد: ھێزێکی دژە تیرۆر گەیشتوونەتە ناو کەرکوک و بەھەماھەنگی لەگەڵ ھێزە ڕەشەکەی مەڵبەندی یەکێتی و ئاسایش و پۆلیس سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنەوەی تەواوی ناوچەکانن.

وتی: “لەئێستادا ژمارەیەک تیرۆرست لەناو مزگەوتێکی نێوان کۆمپانیای تاڕق و گەڕەکی دۆمیزدان، تەقە لەھاوڵاتیان دەکەن و لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانیشەوە گەمارۆ دراون، جگە لەوەش تیرۆرستێک لەناو بینای کۆنی پۆلیس ماوە، سەرجەم ناوچەکانی تریش لەژێر کۆنترۆڵی ھێزە ئەمنیەکاندان”.

سەبارەت بەژمارەی تیرۆرستانی داعش، ئەو بەرپرسەی یەکێتی وتی: “٣٥ تا ٤٠ تیرۆرست دەبوو، ئامانجی سەرەکیشیان لەو پەلامارە بەرزکردنەوەی ورەی چەکدارەکانیان بوون، ئەگەرنا ئەو تیرۆرستانە سەرجەمیان خۆکوژ بوون و تەنھا ویستیان پشێوی بنێنەوە”.

سەبارەت بەدۆخی شارەکەش، یوسف مام تەیب باسی لەوەکرد: ئیدارەی کەرکوک بڕیاری قەدەغەی ھاتوچۆی دەرکردووەو لەو چوارچێوەیەدا بەڕێوەبەرایەتی دیوانی  وەقفی سوننی بریاریداوە، ئەم ھەینیە لەھیچ مزگەوتێکی شارەکە نوێژی ھەینی ئەنجام نەدرێت.

س:snn

پـــەیـــوەنــدیــدار