ئاژانسی پاراستن و زانیاری- زانیاری  وردەکاری هێرشەکەی داعشی بۆ سەر کەرکوک ئاشکراکرد

ئاژانسی پاراستن و زانیاری- زانیاری وردەکاری هێرشەکەی داعشی بۆ سەر کەرکوک ئاشکراکرد

ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا وردەکاری هێرشەکەی کەرکوک و ناوی پیلاندانەری هێرشەکەی ئاشکراکرد.

لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاژانسەکە ڕایگەیاندووە “گروپی تیرۆریستیی داعش له‌ رۆژی ١٥ی ١٠ی ٢٠١٦، پیلانی هێرشكردنه‌ سه‌ر شاری كه‌ركوكیان داڕشت،به‌پێی زانیارییه‌ پشتڕاستكراوه‌كان، ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌ نه‌گریسه‌ی داعش، به‌ رێنمایی سه‌ركردایه‌تی باڵای گروپه‌كه‌، و له‌لایه‌ن (ئه‌بو ئه‌حمه‌د) كه‌ به‌رپرسی ئه‌م ئۆپه‌راسیۆنه‌یه‌، به‌رنامه‌ی بۆ داڕێژرابوو”.

ئەوەشی وتووە، لە مانگی ئابی ئەمساڵەوە داعش پیلانی ئەنجامدانی کردەوەی “تیرۆرستی” بۆ سەر دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم داڕشتووە، “بەڵام به‌هۆی چاوه‌كراوه‌یی ده‌زگا هه‌واڵگری و هێزه‌ تایبه‌ته‌كان و به‌هاوكاریی خه‌ڵكی دڵسۆز و هاوپه‌یمانان، به‌شێك له‌و پیلانانه‌ په‌كخراون و پوچه‌ڵكراونه‌ته‌وه‌”.

هەروەها ڕاشیگەیاندووە “نیوه‌شه‌وی٢١ی ١٠ ی ٢٠١٦، (١٠٠) چه‌كداری داعش، له‌ حه‌ویجه‌وه‌ نێردران بۆ سنوری داقوق و له‌وێشه‌وه‌ به‌ حه‌وت پاسی نه‌فه‌رهه‌ڵگری بچوك له‌ کاتژمێر ٣ی به‌ره‌به‌یان، گه‌یه‌ندرانه‌ ناو شاری كه‌ركوك. ئه‌م (١٠٠) چه‌كداره‌ هاوكاریی كرابون بۆ هاتنه‌ ناوه‌وه‌یان بۆ كه‌ركوك و ئاژانسی زانیاری به‌دواداچونی ورد ده‌كات بۆ دۆزینه‌وه‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ هاوكاریان بوون”.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە “له‌م په‌لاماره‌دا، چه‌كداره‌ تیرۆریسته‌كان، كه‌ هه‌ڵبژارده‌یه‌ك بوون له‌ كه‌تیبه‌ ئینغماسی و خۆكوژییه‌كانی داعش، به‌سه‌ر پێنج گروپی (٢٠) كه‌سی دا بۆ داگیركردنی بینای پارێزگاری كه‌ركوك، پۆلیسی فریاكه‌وتنی كه‌ركوك، شكاندنی زیندانه‌كان و به‌ردانی تیرۆریستانی داعش له‌ كه‌ركوك و ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی فه‌رمانگه‌ ئه‌منی و بینا به‌رزه‌كانی كه‌ركوك دابه‌شكرابوون”.

هاوکات ئاژانسەکەوە وتووشیەتی “له‌ ئه‌نجامی به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ی هێزه‌كانماندا، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌یان په‌كخرا، و (ئه‌بو ئیسلام) ئه‌میری سه‌ربازیی ویلایه‌تی كه‌ركوك و گرنگترین ئه‌ندامی گروپه‌كه‌ و چه‌ندین گه‌وره‌ تیرۆریستی تر، ده‌ستگیركران و ئێستا له‌به‌رده‌ستی هێزه‌كانی ده‌زگای دژه‌ تیرۆرن”.

ئاماژەی بەوەش کردووە، تەرمی ٤٨ چەکداری داعش لە پزیشکی داد تۆمارکراون و تەرمی ئەوانیش تریش بەهۆی ئەوەی تەقێندراونەتەوە نەماون.

پـــەیـــوەنــدیــدار