بـــەپــەلــە
ساڵی داهاتوو بۆ یه‌كه‌مین جار (دیداری جیهانی شكسپر) له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت

ساڵی داهاتوو بۆ یه‌كه‌مین جار (دیداری جیهانی شكسپر) له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌چێت

 

وه‌زیری خوێندنی باڵا به‌شداری له‌ (دیداری جیهانی خوێندن و په‌روه‌رده‌) له‌ به‌ریتانیا ده‌كات

 

ڕاگه‌یاندنی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی

 

وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕه‌خنه‌ی له‌ دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا و ڕێكخراوه‌كانی ئه‌و بواره‌و زانكۆكانی به‌ریتانیا ده‌گه‌رێت و، ڕایگه‌یاند: له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و وه‌به‌رهێنانه‌ی كه‌ كوردستان له‌ بواری خوێندنی باڵا له‌ به‌ریتانیا ئه‌نجامیداوه‌ ئاستی به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی دامه‌زراوه‌كانی ئه‌و وڵاته‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ ئاست چاوه‌ڕوانیه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا نیه‌.

 

ئه‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی د.یوسف گۆران وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ میانه‌ی دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ (ئه‌نگه‌س مه‌كی) كۆنسڵی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان هات، كه‌ ئه‌مڕۆ سێ شه‌ممه‌، ڕێكه‌وتی (22/12/2015) هاورێی له‌گه‌ڵ (ده‌یڤید بارلۆی) به‌ڕێوه‌به‌ری (British Council) له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستییان كردبوو.

 

له‌و دیداره‌دا كه‌ به‌ئاماده‌بونی د.ئامانج سه‌عید ڕاوێژكاری وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی و، د.خه‌تاب شێخانی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی كارگێڕی و دارایی و، د.جوان جه‌لال شه‌ریف به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی فه‌رمانگه‌ی نێردراوان و په‌یوه‌ندییه‌ ڕۆشنبیرییه‌كان به‌ڕێوه‌چو، تێیدا گفتوگۆ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندییه‌ ئه‌كادیمی و زانستیه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و به‌ریتانیا كرا.

 

له‌سه‌ره‌تایی دیداره‌كه‌دا د.یوسف گۆران به‌گرنگیه‌وه‌ باسی له‌ (دیداری جیهانی خوێندن و په‌روه‌رده‌) كرد، كه‌ ساڵانه‌ له‌ شانشینی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆ ئه‌وه‌ش ڕاگه‌یاند: ئه‌مساڵ جیاواز له‌ ساڵانی دیكه‌ به‌شێوازێكی فراوان به‌شداری له‌و دیداره‌ جیهانیه‌دا ده‌كه‌ین و، دیدو بۆچونه‌كانی خوێندنی باڵا له‌ هه‌رێمی كوردستان له‌و دیداره‌دا ده‌خه‌ینه‌ڕوو، هه‌روه‌ك له‌ په‌راوێزی دیداره‌كه‌دا له‌گه‌ڵ لێپرسراوانی باڵای به‌شداربوو به‌تایبه‌ت وه‌زیره‌ په‌یوه‌نداره‌كان و سه‌رۆكی زانكۆكان و ڕێكخراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان دانیشتین و چاوپێكه‌وتنی جیا ئه‌نجام ده‌ده‌ین بۆ ئاڵوگۆڕكردنی بیروڕاكان و دروستكردنی پردی زانستی به‌هێز.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی ڕه‌خنه‌ی له‌ دامه‌زراوه‌كانی خوێندنی باڵا  له‌ شانشینی به‌ریتانیا گرت و وتی: ژماره‌یه‌كی زۆری خوێندكاری كوردستان له‌ زانكۆكانی به‌ریتانیا ده‌خوێنن، وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌به‌های (200) ملیۆن دۆلار وه‌به‌رهێنانی له‌ زانكۆكانی به‌ریتانیا كردوه‌، د.یوسف گۆران وتی: ئێمه‌ پێمان وایه‌ بناغه‌یه‌كی به‌هێزمان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا به‌تایبه‌ت له‌ بواری خوێندنی باڵا داناوه‌، به‌ڵام له‌ ئێستادا جگه‌ له‌ ڕێكخراوی (British Council) هه‌ست به‌وه‌ ده‌كه‌ین ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌ زانستیه‌كان و زانكۆكانی ئه‌و وڵاته‌ به‌ره‌و لاوازی ده‌چێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ ئێمه‌ش له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان سارد بینه‌وه‌و ڕوو له‌ شوێنی دیكه‌ بكه‌ین.

 

بۆ به‌هێزكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانیش وه‌زیری خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی وتی: پێمان خۆشه‌ له‌سه‌ر ئاستی ڕه‌سمی حكومه‌ت و له‌سه‌ر ئاستی زانكۆكان و ڕێكخراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ئه‌و نیگه‌رانی و بیركردنه‌وه‌یه‌ی ئێمه‌ بڕه‌وێننه‌وه‌ و، هه‌وڵ بۆ داڕشتنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانمان بده‌نه‌وه‌، وتیشی ئاره‌زوو ده‌كه‌ین ڕێكخراوه‌كانی به‌ریتانیا كه‌ له‌ بواری خوێندنی باڵا كارده‌كه‌ن بێننه‌ كوردستان و، له‌ بواره‌كانی خوێندن و فێربون، یان بواری ڕاوێژكاری، یاخود وه‌ك وڵاتانی هه‌نگاریا، ڕوسیا، كۆماری میللی چین، توركیا..زه‌ماله‌ بۆ خوێندكارانمان دابین بكه‌ن.

 

له‌ به‌رامبه‌ردا كونسڵی گشتی به‌ریتانیا له‌ هه‌رێمی كوردستان ڕایگه‌یاند: نیگه‌رانی و ڕه‌خنه‌كانتان ده‌گه‌ێنینه لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان، هه‌روه‌ك جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ (دیداری جیهانی خوێندن و په‌روه‌رده‌) ده‌رفه‌تێكی باش ده‌بێت بۆ گه‌یاندنی ڕه‌خنه‌و نیگه‌رانیه‌كانی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی هه‌رێمی كوردستان به‌لێپرسراوانی باڵای شانشینی به‌ریتانیا و، زانكۆ و ڕێكخراوه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانیش.

 

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری (British Council)  له‌ هه‌ولێر ووتی: له‌ یادی (400) ساڵه‌ی شكسپیردا، هاوكات له‌گه‌ڵ وڵاتانی دنیا بۆ یه‌كه‌مین جار (دیداری جیهانی شكسپر) و شانۆی هامڵێت له‌ شاری هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ده‌به‌ن، بۆ ئه‌وه‌ش د.یوسف گۆران ئاماده‌یی وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی بۆ ئه‌و چالاكیه‌ دوپات كرده‌وه‌و، به‌چالاكیه‌كی گرنگ بۆ ئاڵوگۆڕكردنی كه‌لتوری نێوان هه‌ردوو گه‌ل وه‌سفی كرد.

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە