ناوی بێ ناوەڕۆک و سەرئێشەی زیادە

ناوی بێ ناوەڕۆک و سەرئێشەی زیادە

فەهمی بورهان

سەیروسەمەرە لەم نیشتیمانەی ئێمەدا نابڕێت، ئەگونجێت بۆ ماوەیەک کەم ببێتەوە، بەڵام بە شێوازێکی تر و بە فۆڕمێکی تر دەر ئەکەوێتەوە، قەدەر وای بۆ تۆمارکردووین پێدەچێت بێ سەرئێشە نەبین، بۆ نموونە هەمانە ناوی دانایە و تەنها دێڕێک لەسەر دانایی ناتوانێت بنوسێت، ناوی شاخەوانمان هەیە و لە ئەرزی تەختدا سمکۆڵان ئەدات و بە تەمەنیشی نەک شاخ، گردۆڵکەشی تەی نەکردوە، ناوی هێمنە و لەگەڵ خۆشیدا بەشەڕ دێت، هەمانە ناوی ئومێدە و لە لوتکەی بێ هیوایدا چادری ژیانی هەڵ داوە، ئاراممان هەیە و کەمترین ڕەخنە نائارامی ئەکات، بێشک ناوی تریش زۆرە و خۆم لە درێژبڕی ئەپارێزم.
هەرچۆن بێت ئەمە سروشتی ژیانە و هەموو ئەم دژانە کە لە یەک کاتدا کۆبوونەتەوە ئاساییە، ئەوی باری سەرنجی منی ڕاکێشاوە ناوت ئاشتی بێت و دوور و نزیک لە هیچ گۆشەیەکەوە خزمەتی ناوەکەت نەکەیت و پڕ بیت لە موزاد و لەوەش سەیرتر لە ناو ژینگەی پاکی هەوراماندا گۆش کرابیت، هەر ڕۆژەی ژمارەیەک ڕابگەیەنیت، نەتوانیت لە سەر پڕەنسیپێکی دیاریکراو کاری خۆت بینا بکەیت، جانتاکەت پڕ بێت لە مەبدەئی پێچەوانە، جارێک ئابووری سەربەخۆ فریادڕەس بێت و جارێکیش لێوانلێو بیت لە نائومێدی، جارێک دابەزینی نرخی نەوت کێشە بێت و بەرزبونەوەشی کێشەکانمان چارەسەر نەکات، وڵاتانی دونیا قەرزمان پێنەدەن و گەڕانەوە بۆ بەغداش بە چارەسەر نەبینیت، ئەوەی لە هەگبەی ئەم پیاوەدا نەبێت چارەسەرە، دوو ساڵە تەنها ئیعلانی شکست ئەکا و نائومێدی بڵاو ئەکاتەوە بێ ئەوەی ڕێگاکانی دەربازبوونمان پێ ئاشنا بکات، سەربار و بنبار بە ئەندازەیەک بەرامبەر برسێتی و هەژاری میللەتەکەت بێباک بیت، بە جورئەتێکی سەیرەوە سوپاسی خوا بکەیت نرخی نەوت بەم ئەندازەیە دابەزیوە!!!

پـــەیـــوەنــدیــدار