ئیتر به‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌‌و ماڵی‌ یه‌كێتی‌ به‌رده‌ن, بۆ زوومه‌كان ته‌نها له‌سه‌ر یه‌كێتییه‌؟

ئیتر به‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌‌و ماڵی‌ یه‌كێتی‌ به‌رده‌ن, بۆ زوومه‌كان ته‌نها له‌سه‌ر یه‌كێتییه‌؟

رێبوار ستار
له‌ دوای راپه‌ڕینه‌كه‌ی ساڵی 1991 ه‌وه‌، جۆرێك له‌ ئازادی له‌ هه‌رێمی كوردستان فه‌راهه‌م كراوه‌، كه‌ هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌م ئازادییه‌ ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌ڤاڵ مام جه‌لال‌و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، كه‌ هه‌میشه‌ بڕوای ته‌واوی به‌ئازادی راده‌ربڕین‌و بیری ئازاد‌و ئازادیی تاك هه‌بووه‌‌و ته‌نانه‌ت له‌ سه‌رده‌می شاخ‌و خه‌باتی پێشمه‌رگانه‌ش له‌ شۆڕشی نوێ گه‌له‌كه‌ماندا به‌ڕابه‌رایه‌تی‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی‌ كوردستان، هه‌ر به‌و شێوه‌یه‌ بووه‌.
هه‌رئه‌وه‌ش بووه‌ هۆكاری‌ ئه‌وه‌ی‌ پانتایی‌ ئه‌و ئازادییه‌ فراواتر بكرێت‌و ره‌نگ بداته‌وه‌ له‌ هه‌موو بواره‌كانی‌ سیاسی‌‌و میدیایی بیرو بۆچوونی‌ جیاواز دروست بێت، كه‌ له‌ ناویاندا میدیای‌ ئازادو كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌‌و یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستان گرنگییه‌كی‌ ته‌واوی‌ به‌م بواره‌ داوه‌و كاری‌ زۆری بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كردووه‌و هه‌میشه‌ وایكردووه‌ كه‌ كادره‌كانی‌ ئازادانه‌و ئازایانه‌ له‌ ده‌زگاو ئۆرگانه‌ جیاجیاكاندا راشكاوانه‌ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌یانه‌وێت بیڵێن، به‌تایبه‌تی‌ ئه‌و كادرانه‌ی‌ له‌ بواری‌ راگه‌یاندن‌و میدیادا كار ده‌كه‌ن، ئازادبوون له‌ ده‌ربڕینی‌ ره‌خنه‌و سه‌رنج‌و تێبینییه‌كانیان، ته‌نانه‌ت نووسینی‌ وتاره‌كانیان له‌ رۆژنامه‌و میدیا بینراوو بیستراوه‌كانی‌ (ی‌.ن.ك) یشدا، به‌تایبه‌تی هه‌ڤاڵ مام جه‌لال هه‌میشه‌ پشتیوانی‌ له‌و كادرو میدیاكارانه‌ش كردووه‌ كه‌ توانیویانه‌ بوێرانه‌ كاره‌كانیان بكه‌ن، ئه‌مه‌ به‌جۆرێك كه‌ نه‌كه‌وێته‌ خانه‌ی ته‌شهیرو ناوزڕاندنی‌ یه‌كترو لایه‌نی‌ به‌رامبه‌رو هه‌روه‌ها دوور له‌ دروستكردنی‌ بوختان‌و ناشرینكردن، هه‌میشه‌ پشتیوانی‌ ره‌خنه‌ی‌ دروستكه‌رو تێبینی‌ به‌سوود بێت.
ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌ش ئاڕاسته‌ی‌ حكومه‌ت‌و كاربه‌ده‌سته‌ باڵاكانی‌ حكومه‌ت‌و سه‌ركرده‌كانی‌ یه‌كێتیش كراوه‌، ته‌نانه‌ت له‌ كاتی‌ حكومه‌تی‌ زۆنی‌ سه‌وزیشدا. ئه‌وه‌ی‌ جێی‌ ئاماژه‌یه‌و من ئه‌مه‌وێت باسی‌ بكه‌م، ئه‌و ئازادییه‌ فراوانه‌یه‌ كه‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی‌ له‌ سنووری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتیی‌ نیشتمانیی‌ كوردستاندا كه‌ ئازادییه‌كی‌ ته‌واو بۆ میدیاو كاری‌ رۆژنامه‌وانی‌ هه‌یه‌‌و ته‌نانه‌ت بۆ خۆپیشاندانیش یه‌كێتی‌ هه‌میشه‌ له‌گه‌ڵ ئازادی‌ راده‌ربڕیندا بووه‌، به‌ڵام له‌ سنوور ده‌رنه‌چێت‌و نه‌گاته‌ ئاستی‌ برینداركردن‌و چه‌واشه‌كاری‌‌و شێواندانی‌.\ ئه‌وه‌ی‌ ئێمه‌ ئه‌یبینین ئێستا میدیا فراوانییه‌كی‌ زۆری‌ به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌و ده‌یان كه‌ناڵی‌ ئاسمانی‌‌و ناوخۆیی‌‌و رادیۆو رۆژنامه‌و سایت‌و په‌یج هه‌یه‌، ته‌نانه‌ت جۆره‌ها په‌یج په‌یدابوون كه‌ به‌شێكی‌ زۆریان هیچ خزمه‌تێك به‌كاری‌ میدیایی‌‌و رۆژنامه‌وانی‌ ناكه‌ن‌و بگره‌ (ئیتیكی‌) رۆژنامه‌وانیش له‌كه‌دار ئه‌كه‌ن. ئێستا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا به‌هۆی‌ ئاڵۆزیی‌ دۆخه‌كه‌و ئه‌و قه‌یرانه‌ جیاجیایانه‌و شه‌ڕی‌ نه‌خوازراوی‌ داعشه‌وه‌ كه‌ به‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانی‌ گرتووه‌، لایه‌نه‌كان هه‌ریه‌كه‌و به‌جۆرێك له‌ ناوخۆی‌ خۆیدا تووشی‌ جۆره‌ گرفتێك بوون‌و جارجار ئاڵۆزییه‌كان ده‌گاته‌ ئه‌وه‌ی‌ لێكترازان دروست بێت له‌ ناو ئه‌و حزبه‌دا، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێگه‌ی‌ سه‌یرو تێڕامانه‌ ئه‌ڵێی‌ ته‌نها له‌م هه‌رێمی‌ كوردستانه‌دا یه‌كێتیی نیشتمانیی‌ كوردستان گرفتی‌ ناوخۆیی هه‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش خاڵێكی‌ زۆر ئاساییه‌، كه‌چی‌ هه‌میشه‌ لۆگۆی‌ (ی‌.ن.ك) شه‌وانه‌ له‌سه‌ر شاشه‌ی‌ كه‌ناڵه‌كان كردوویانه‌ (به‌بنێشته‌ خۆشه‌ی‌ ژێردانیان) (كێچێك ده‌كات به‌گا) بۆ یه‌كێتی‌، جاوه‌ره‌ ئه‌گه‌ر سه‌ركرده‌یه‌كی‌ یه‌كێتی‌ لێدوانێك یان شتێك بڵێ كه‌ ئه‌مه‌ هه‌مووی‌ له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتیدایه‌، له‌كاتێكدا یه‌كێتی‌ پشتیوانی‌ جۆراو جۆری‌ ئه‌م ده‌زگاو كه‌ناڵ‌و رۆژنامه‌و سایتانه‌شی كردووه‌و هه‌میشه‌ پاراستوونی‌، كه‌ ره‌نگه‌ له‌ سنووری‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ تردا نه‌توانن ته‌نها وشه‌یه‌ك له‌سه‌ر حزبێك یان سه‌ركرده‌یه‌كی‌ ئه‌و سنووره‌ بڵێن، وه‌ك نموونه‌ی‌ كه‌ پێشتر بینیمان كار گه‌یشته‌ داخستنی‌ كه‌ناڵ‌و لێدانی رۆژنامه‌نوس‌و كادری‌ میدیایی‌، ته‌نانه‌ت ناردنه‌وه‌یان بۆ سنووری‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ (ی‌.ن.ك).
ئه‌مه‌ چ جۆره‌ خزمه‌تێكه‌، ته‌نها بۆئه‌وه‌ی‌ بڵێی‌ من بینه‌رو خوێنه‌ری‌ زۆرم هه‌یه‌، ئیتر گوێی‌ پێ نه‌ده‌ی‌‌و به‌دڵی‌ خۆت شتی‌ دروستكراوو نه‌شیاو بكه‌یت (به‌ئێستا)و (به‌په‌له‌)و له‌و جۆره‌ شتانه‌، ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ سیاسه‌تی‌ كه‌ناڵه‌كه‌یه‌، ئه‌كرێت ئه‌مه‌ بۆ هه‌مووی‌ بێت، هه‌رچه‌نده‌ من بۆ خۆم هه‌رگیز له‌گه‌ڵ ئه‌م جۆره‌ كارانه‌ی‌ رۆژنامه‌وانیدا نیم، ئه‌گه‌ر واشبێت ده‌ئیتر به‌رۆكی‌ یه‌كێتی‌‌و ماڵی‌ یه‌كێتی‌ به‌رده‌ن، یه‌كێتی‌ خۆی‌ كه‌ناڵ‌و رۆژنامه‌و سایت‌و په‌یجی‌ خۆی هه‌یه‌‌و لێیگه‌ڕێن باچیتر خه‌ڵك چه‌واشه‌ نه‌كرێت‌و دۆخی‌ خه‌ڵك ئاڵۆزتر نه‌كرێت.
پێویسته‌ كه‌ناڵه‌كان ئه‌و رۆڵه‌ ببینن كه‌ هه‌واڵی‌ راست‌و دروست بده‌نه‌ بینه‌رو بیسه‌ر، باچیتر شه‌وان له‌ماڵه‌كانیاندا تووشی‌ دڵه‌راوكێ نه‌بن‌و كارێك بكه‌ن ئه‌و چه‌ند ساته‌ ئارامی‌ ببه‌خشنه‌ بینه‌ره‌كان، به‌كاری‌ جوان‌و شیاو هه‌واڵی‌ راست‌و دروست.
بۆیه‌ هه‌ق وایه‌ هه‌مووان ئه‌و ئازادییه‌ی‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ یه‌كێتی‌ رێزی‌ لێبگرین‌و بیپارێزین، تكایه‌ واز له‌ یه‌كێتی‌ بهێنن‌و ئیتر به‌سه‌.

پـــەیـــوەنــدیــدار