کەنەدا ، کوردانی ئۆتاوا پشتیوانی خۆیان بۆ پەرلەمانتارانی HDP دووپاتکردەوە

کەنەدا ، کوردانی ئۆتاوا پشتیوانی خۆیان بۆ پەرلەمانتارانی HDP دووپاتکردەوە

 

عوسمان عەلی ، تورونتو

بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی دژ بە سیاسەتەکانی ئەردوگان  و پشتیوانیکردنی هاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی گەلان  HDP، رۆژی 7/11/2016 بەبەشداری نوێنەری حزب و ڕێکخراوە کوردییەکان و ژماریەکی بەرچاوی ڕەوەندی کوردستانیانی ئۆتاوای پایتەختی کەنەدا گردبوونەوەیەکیان لە بەردەم پەرلەمانی فیدراڵی کەنەدا رێکخست ، لەو گردبوونەوەیەدا خۆپیشاندەران بە هەڵگری ئاڵای کوردستان و لۆگۆی هەدەپە و دروشمی تایبەت دژ بە سیاسەتی ڕەگەزپەرستی ئەردۆگان و حکومەتی تورکیا لە پرۆسەی دەستگیرکردنی هاوسەرۆك و پەرلەمانتارانی HDP   شەرمەزار و ڕسوا کرد .

لەو گردبوونەوەیەدا کۆمەلێك وتاری کەسایەتی و رێکخراوەکان پێشکەشکران ، لەوانەش وتاری رەوەندی کورد لەلایەن بزاف توڤی خوێندرایەوە ، کوردستانیان لە وتارەکەیاندا ئاماژەیان بە ڕۆڵی شۆڕشگێرانەی پەرلەمانتارانی هەدەپە و گەنجانی ڕاپەڕیوی کوردانی باکوور بۆ ڕووبەڕووبنەوەی هەوڵ و پەلاماری هێزەکانی پۆلیس و ئاسایشی تورکیا کرد .

ڕزگار مەلا عەلی کۆیی یەکێك لە بەشداربووانی خۆپیشانەکە و ئەندامی کەرتی رێکخستنی ئۆتاوای ( ی ن ك ) بە  pukmedia ی ڕاگەیاند ژمارەیەکی زۆری کوردستانیان لەبەردەم پەرلەمانی ئوتاوا گردبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و بە ئاڵای کوردستان و دروشمی ناڕەزایی دژی سیاسەتەکانی دەسەڵاتدارانی تورکیا توڕە و ناڕەزایی خۆیان سەبارەت بە هەڵمەتی دەستگیرکردنی دەمیرتاش و هاوڕێکانی نیشاندا و پشتیوانی خۆیان بۆ بەدیهاتنی داخوازییەکانی گەلی کورد لە باکووری کوردستان دووپاتکردەوە . رزگار کۆیی ڕاشیگەیاند پاشان کوردستانیان لە گۆڕەپانی پەرلەمانەوە لە میانەی سەنتەری شەقامی وورتم بۆرگ بەرەو باڵیوزخانەی تورکیا رێپێوانێکیان سازکرد . خۆپیشاندەران لەدرێژەی ڕێپێوانەکەدا بە دەنگی ناڕەزایی سیاسەتی نەژادپەرستی ئەردوگان و حکومەتی تورکیا ئیدانە و مەحکوم کرد . هاوکات داواشیان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد ڕۆڵی خۆیان بۆ ئازادکردنی پەرلەمانتارانی کورد لە گرتوخانەکانی تورکیا بخەنەگەڕ .

لە کۆتاییدا خۆپیشاندەران بۆ دەربڕینی پشتیوانی دەمیرتاش و هاوڕێکانی و لایەنگرانی پارتیدیموکراتی گەلان HDP بە هەڵپەرکێ و زەماوەندی کوردی کۆتاییان بە خۆپیشاندانەکە هێنا .

hdp3 hdp2

پـــەیـــوەنــدیــدار