لاهور تاڵه‌بانى: “ئه‌گه‌ر پیلانێك نه‌بێت بۆ قۆناغى دواى داعش، مێژوو له‌ عێراق و سوریا خۆى دووباره‌ ده‌كاتەوە

لاهور تاڵه‌بانى: “ئه‌گه‌ر پیلانێك نه‌بێت بۆ قۆناغى دواى داعش، مێژوو له‌ عێراق و سوریا خۆى دووباره‌ ده‌كاتەوە

چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ لاهور تاڵه‌بانى به‌رپرسى ده‌زگاى زانیارى

” ئه‌گه‌ر پیلانێك نه‌بێت بۆ قۆناغى دواى داعش، مێژوو له‌ عێراق و سوریا خۆى دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌”.


ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌ له‌گه‌ڵ لاهور تاڵه‌بانى له‌لایه‌ن تانیا گاودسۆزیانه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌


ڕۆیشتنى لاهور تاڵه‌بانى بۆ به‌ره‌كانى پێشه‌وه‌ى جه‌نگى جیهانى له‌دژى تیرۆر له‌ به‌هارى ساڵى 2002 ده‌ستى پێكرد. ساڵێك دواى هێرشه‌كانى 9/11 بوو كه‌وا ئه‌مریكیه‌كان شكستى هه‌واڵگرى خۆیان خسته‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌وه‌ له‌ ئه‌فغانستان و ناوچه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستى گه‌وره‌. تاڵه‌بانى، كه‌ له‌و كاته‌دا 26 ساڵ بوو، له‌ ئه‌نقه‌ره‌ نیشته‌جێبوو، نوێنه‌رایه‌تى یه‌كێك له‌و دووپارته‌ سه‌ره‌كیه‌ى كوردستانى عێراقى ده‌كرد، كه‌ ئه‌ویش یه‌كێتىی نیشیمانىی كوردستان بوو. 
له‌نێو ئه‌و ئه‌ركانه‌ى كه‌ به‌تاڵه‌بانى سپێردرابوو، یه‌كێك له‌ ئه‌ركه‌كانى بریتیبوو له‌ هاوكاریكردنى ئه‌مریكیه‌كان بۆ په‌ڕینه‌وه‌ له‌ سنورى توركیا بۆ باكورى هه‌رێم كوردستانى عێراق- به‌شێوه‌یه‌كى نهێنى-ئه‌مریكیه‌كان ئاماده‌كارییان ده‌كرد بۆ جه‌نگ. پێویست بوو كارى پشكنین و گه‌ڕان بكرێت.
تاڵه‌بانى ده‌ڵێت: ” له‌دواى 9/11، ئێمه‌ ئاماژه‌و نیشانه‌ى توندڕه‌وییمان به‌دیده‌كرد له‌ هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان (له‌باكورى عێراق)، توندڕه‌وه‌كان له‌وكاته‌دا په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ ئه‌فغانستان هه‌بوو. له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌مریكیه‌كان لایان گرنگبوو”.
هه‌موو ئه‌وانه‌ پێویست بوو زۆر به‌خێرایی ئه‌نجامبدرانایه‌. خه‌ڵكانێكى كه‌م ئاگادارى ئه‌وه‌ بوون، به‌ڵام ئه‌مریكیه‌كان پێویست بوو كه‌سانێك بدۆزنه‌وه‌ كه‌ شاره‌زایی زمان و تێگه‌یشتنى وردیان هه‌بێت له‌باره‌ى ئاڵۆزییه‌كانى ناوچه‌كه‌وه‌.
تاڵه‌بانى ئه‌و خاسیه‌تانه‌ى تێدابوو، بگره‌ زیاتریش. زمانى ئینگلیزى و كوردى و عه‌ره‌بی و فارسى و توركى به‌ ڕه‌وانى و پاراوى ده‌زانێت. ئه‌و به‌ شه‌خسى شاره‌زای چیاكانى كوردستانه‌، به‌هۆى ئه‌وه‌ى كه‌ منداڵ بووه‌ چه‌ندین ساڵ له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى ڕزگاریخوازه‌كانى كوردستان له‌و چیایانه‌ بووه‌ له‌ ساڵانى 1980كاندا.
له‌ساڵى 1982، له‌ ته‌مه‌نى حه‌وت ساڵیدا، لاهور تاڵه‌بانى له‌گه‌ڵ خێزانه‌كه‌یدا به‌ره‌و چیاكان هه‌ڵدێن بۆ دابینكردنى حه‌شارگه‌یه‌ك بۆخۆیان له‌ ده‌ستى ڕژێم. له‌و كۆچكردنه‌یاندا هه‌شت ساڵ به‌سه‌ر ده‌به‌ن، له‌به‌رئه‌وى باوكى و مامى سه‌ركردایه‌تى بزوتنه‌وه‌ى كوردییان ده‌كرد له‌دژى ڕژێمى سه‌دام حوسێن.


بێگومان، تاڵه‌بانى كه‌سێكى شیاو بوو بۆ ئه‌و كاره‌. 
” به‌پێكه‌نینه‌وه‌ تاڵه‌بانى وتى، هه‌ر گیرم خوارد له‌گه‌ڵیاندا”.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، كاتێك كه‌ شه‌ڕى یه‌كلایی كه‌ره‌وه‌ له‌نێوان داعش و هاوپه‌یمانى دژ به‌ داعش به‌سه‌رۆكایه‌تى عێراق ده‌ستی پێكرد، تاڵه‌بانى پێویست بوو دڵنیابێته‌وه‌ له‌وه‌ى كه‌وا هێرشه‌كانى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان ئامانجه‌كانیان ده‌پێكن. له‌هه‌مان كاتیشدا، ده‌بێت شه‌و و ڕۆژ بخاته‌ سه‌ریه‌ك بۆ ڕێگه‌ گرتن له‌ ته‌شه‌نه‌كردنى شه‌ڕ له‌ موسڵ و كه‌ركوكه‌وه‌ به‌ره‌و هه‌رێمى كوردستان.


دروستكردنى هێزێكى شه‌ڕكه‌ر
پانزه‌ ساڵ پێش ئێستا، تاڵه‌بانى و 15 كه‌سى تر له‌لایه‌ن ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌ له‌بوارى كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى هه‌واڵگری و ئۆپه‌راسیۆنى سه‌ربازى ته‌كتیكیه‌وه‌ ڕاهێنانیان پێكراوه‌ كه‌ پێوست بووه‌ بۆ له‌ڕه‌گ ده‌رهێنانى جوند ئه‌ل-ئیسلام- له‌گه‌ڵ ئه‌نسارولئیسلامى دواتر- ئه‌و چه‌كدارنه‌ى كه‌ له‌ناوچه‌كانى باكورى عێراقدا بوون.
یه‌كه‌مین ئۆپه‌راسیۆنێك كه‌ تاڵه‌بانى تێدا به‌شداربوو ئۆپه‌راسیۆنى ڤاكینگ هه‌مه‌ر بوو له‌ مانگى سێى ساڵى 2003دا. ئه‌وه‌ یه‌كه‌مین ئه‌زمونى تاڵه‌بانى بوو له‌ مامه‌ڵه‌كردنى له‌گه‌ڵ گروپێكى توندڕه‌ویی ئاینى كه‌ خاوه‌نى تواناى تاكتیكى بوون.
تاڵه‌بانى ده‌ڵێت: ” ئه‌مریكیه‌كان هه‌ستیان به‌وه‌ كرد كه‌ گرنگه‌  پێش داگیركردنى عێراق، قورسایی له‌سه‌ر پێشمه‌رگه‌ لابه‌رن، له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌وان یارمه‌تى ئێمه‌یان دا بۆ له‌ناوبردنى ئه‌و كه‌سانه‌، له‌ ڕیشه‌ ده‌رهێنانیان. ئێمه‌ هه‌ندێكیانمان ده‌ستگیركردـ، هه‌ندێكیان كوژران و هه‌ندێكى تریشیان هه‌ڵهاتن له‌ سه‌ر سنوره‌وه‌ بۆ ئێران”.

به‌ڵام ئه‌وه‌ى كه‌ وه‌ك هێزێكى شه‌ڕكه‌ر به‌ده‌ركه‌وت- تاڵه‌بانى له‌ كۆتایی ساڵى 2002 له‌گه‌ڵ ئامۆزاكه‌یدا بافڵ تاڵه‌بانى گروپى دژه‌ تیرۆریان دامه‌زراند.

له‌ساڵى 2014، كاتێك ئه‌بو به‌كر ئه‌لبه‌غدادى خیلافه‌تى له‌ موسڵ ڕاگه‌یاند هه‌ر ته‌نها 100 كیلۆمه‌تر له‌ باشورى هه‌رێمى كوردستانى نیمچه‌ سه‌ربه‌خۆوه‌، ئه‌مریكیه‌كان و هاوپه‌یمانه‌كانیان بۆیان ده‌ركه‌وت كه‌وا ئه‌وان چیتر شه‌ڕى گروپێكى چه‌كدار ناكه‌ن به‌ڵكو شه‌ڕى ئایدۆلۆژیایه‌ك ده‌كه‌ن.
وه‌ ئایدۆلۆژیایه‌ك كه‌ زۆر قورسه‌ كۆنتڕۆڵ بكرێت، تاڵه‌بانى ده‌ڵێت: ” ئێمه‌ ده‌توانین له‌ناوییان به‌رین له‌ موسڵ، وه‌ ده‌توانین له‌ ڕه‌قه‌ش تێكیان بشكێنین، به‌ڵام ئێمه‌ ناتوانین ئه‌و جه‌نگه‌ به‌رینه‌وه‌ ته‌نها به‌ ئامڕازى سه‌ربازى”.

ئامڕازی سه‌ربازى به‌ته‌نها به‌س نیه‌
تاڵه‌بانى پێى وایه‌ ڕووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى به‌رده‌وام له‌ موسڵ بۆ داعش ” پشت شكێن ده‌بێت”، وه‌ شه‌ڕى ڕه‌قه‌ش، كۆتاییان پێده‌هێنێت. بێگومان، داعش به‌رگرییه‌كى به‌هێز دورستده‌كات كه‌ له‌وانه‌یه‌ درێژه‌ بدات به‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ بۆ چه‌ندین مانگى تر.
داواكه‌ى به‌غدادى له‌ 3 نۆڤه‌مبه‌ردا- له‌ نامه‌یه‌كى تۆماركراودا كه‌وا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كى میدیایی پشتڕاستى نه‌كرده‌وه‌- له‌وانه‌یه‌ مه‌به‌ستى به‌رزكردنه‌وه‌ى وره‌ى چه‌كدارانى داعش بووبێت، ئه‌وه‌ى پێشاندا كه‌ ئه‌م جه‌نگانه‌ چه‌ند گرنگن بۆ خیلافه‌ته‌كه‌ى داعش له‌م ساته‌دا.
لاهور شێخ جه‌نگی ده‌ڵێت: “هه‌ردوو شاره‌كه‌ بۆ داعش زۆر گرنگن. موسڵ دووه‌م گه‌وره‌ترین شارى عێراقه‌، كۆتا مۆڵگه‌ى داعشه‌ له‌ عێراق. ئه‌وه‌ له‌بیر مه‌كه‌ن ڕاگه‌یاندنى خیلافه‌ته‌كه‌یان له‌ موسڵه‌وه‌ بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا داراییه‌كى زۆریان له‌ موسڵ كۆكرده‌وه‌- شارى موسڵ خاوه‌نى دانیشتوانێكى 2.5 ملیۆن كه‌سیه‌- له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر شاره‌كه‌ له‌ده‌ستبده‌ن، هه‌موو ئه‌وه‌ى تریش له‌ده‌ستده‌ده‌ن.
ئه‌گه‌رچى تاڵه‌بانى پێشبینى ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌وا داعش له‌كۆتاییدا له‌ناو ده‌برێت له‌ هه‌ردوو شاره‌كه‌، به‌ڵام ئه‌و هۆشیارى ئه‌وه‌ ده‌دات كه‌وا ئایدۆلۆژیاكه‌ى ده‌مێنێته‌وه‌.

تاڵه‌بانى به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ 15 ساڵى ڕابردوو به‌سه‌رنجدان له‌و وانه‌ سه‌ره‌كیانه‌، ده‌ڵێت ” ده‌توانین داعش له‌ناوبه‌رین، له‌ڕووى ستراكچه‌ر و شێوه‌ و فۆمى ئێستایه‌وه‌. به‌ڵام وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ جوندول ئیسلامه‌وه‌ بینیمان، كه‌ گۆڕا بۆ ئه‌نسارو ئیسلام، وه‌ك ئه‌وه‌ى له‌ كه‌یسى ئه‌لقاعیده‌دا بینیمان، ئێمه‌ ده‌توانین و هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ڕووى سه‌ربازییه‌وه‌ ڕووبه‌ڕووى ئه‌م چه‌كدارانه‌ ببینه‌وه‌، به‌ڵام  هه‌میشه‌ له‌ فۆرمێكى ترداو به‌شێوه‌یه‌كى به‌هێزترجارێكى تر ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌”.
بۆ تاڵه‌بانى، گرنگه‌ ئه‌وه‌مان له‌بیر بێت كه‌وا سه‌رهه‌ڵدانى داعش په‌یوه‌ندى هه‌یه‌ به‌كۆمه‌ڵێك هۆكاره‌وه‌، هیچ كام له‌و هۆكارانه‌ به‌شێوه‌یه‌كى ته‌واو تاوه‌كو ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراون.
” یه‌كه‌مینیان بریتیه‌له‌وه‌ى شكستى سیستمى حوكمڕانى هه‌بووه‌ له‌ عێراق. زۆرێك له‌ سوننه‌كان وا هه‌ستیان ده‌كرد كه‌ چیتر به‌شێك نین له‌ پرۆسه‌ى سیاسى له‌ عێراق”، لاهور ده‌ڵێت: دووه‌م هۆكار ئه‌وه‌یه‌، جه‌نگى سوریا- حكومه‌تى سورى له‌ قه‌یراندابوو له‌دواى به‌هارى عه‌ره‌بى، وه‌ هه‌وڵیاندا چاره‌سه‌رێك بدۆزنه‌وه‌. كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى فشارى زۆرى خسته‌ سه‌ر ڕژێمى سورى له‌به‌ره‌ئه‌وه‌ له‌ شوێنه‌كانى ترى جیهانه‌وه‌ توندڕه‌وه‌كانیان هاورده‌كرد و بۆ ئه‌وه‌ى وانیشان بده‌ن كه‌ ئه‌وان شه‌ڕى توندڕه‌و ده‌كه‌ن. له‌پڕێكدا (سیخوڕى باڵاى ئه‌لقاعیده‌) موحسن ئه‌ل فه‌زڵی له‌ سوریا ده‌ركه‌وت و ئه‌وه‌ هه‌واڵێكى گه‌وره‌ بوو….وه‌ هه‌مووان باوه‌ڕیان به‌ بانگه‌شه‌كانى به‌شار ئه‌سه‌د هێنا به‌وه‌ى كه‌ ئه‌و شه‌ڕى توندڕه‌وه‌كان ده‌كات. له‌به‌رئه‌وه‌ كۆمه‌ڵگاى نێوده‌وڵه‌تى تاڕاده‌یه‌ك كشایه‌وه‌”.
لاهور ئاماژه‌ش به‌وه‌ده‌كات: ” هه‌ندێك له‌ وڵاتانى هه‌رێمى سوربوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ ڕژێمى ئه‌سه‌د له‌سه‌ر ده‌سه‌ڵات لابه‌رن، ئه‌مه‌یان بینى و سودیان له‌م گروپه‌ توندڕه‌وانه‌ وه‌رگرت، نه‌یان زانى داعش ده‌بێت به‌ وه‌حش. وه‌ ئه‌م ئاژه‌ڵه‌ كه‌ پێى ده‌وترێت داعش له‌م چوارچێوه‌دا گه‌شه‌ى كرد و ئێستا كه‌س ناتوانێت كۆنتڕڵى بكات”.

ده‌زگاى زانیارى له‌لایه‌ن لاهور تاڵه‌بانیه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت، كه‌ برازاى جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆكى یه‌كێتى نیشتیمانى كوردستان و سه‌رۆك كۆمارى عێراق بوو له‌ نێوان ساڵانى (2005-2014)، به‌ڵام ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان له‌لایه‌ن مه‌سرور به‌رزانیه‌وه‌ سه‌رۆكایه‌تى ده‌كرێت كه‌ كوڕى مه‌سعود بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌.
تاڵه‌بانى، كه‌ هه‌موو دوو مانگ جارێك سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات بۆ بینینى هاوتاكانی له‌ به‌غدا، ده‌ڵێ ده‌زگاكه‌ى به‌هاوكارى نزیك له‌گه‌ڵ ده‌زگاى هه‌واڵگرى نیشتیمانى عێراق كارده‌كات. تاڵه‌بانى ده‌ڵێت ئه‌م هاوكارییه‌ نزیكه‌ به‌رده‌وامى هه‌بووه‌: ” ته‌نانه‌ت له‌و كاتانه‌شدا كه‌ ئاڵۆزى هه‌بووه‌ له‌ نێوان حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و به‌غدا”.
تاڵه‌بانى ده‌ڵێت: ” له‌ ئێستادا ، ئێمه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدادا له‌كاركردندا په‌یوه‌ندییه‌كى باشترمان هه‌یه‌ وه‌ك له‌گه‌ڵ هاوتاكانمان له‌هه‌ولێر”. ئه‌مه‌ له‌ 2014 ئاشكرابوو كاتێك كه‌ داعش گه‌مارۆى خسته‌ سه‌ر باكورى شارى كۆبانێ له‌ سوریا. له‌ناوخۆى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا ناكۆكى هه‌بوو له‌سه‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ بنێردرێن بۆ ئه‌وێ بۆ پشتگیریكردن له‌ هێزه‌ كوردییه‌كانى سوریا، یاخود یه‌په‌گه‌. له‌كۆییدا، تاڵه‌بانى داواى پشتیوانى ئاسمانى كرد بۆ كۆبانێ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌مه‌ئاهه‌نگى هه‌واڵگریكرد بۆ هێرشه‌ ئاسمانیه‌كان.
تاڵه‌بانى ده‌ڵێت:” له‌دواى ئه‌وه‌ى شه‌ڕ كۆتایی دێت له‌ موسڵ و ڕه‌قه‌، ئێمه‌ بۆ ماوه‌ى ساڵێك یان دوو ساڵ ڕووبه‌ڕووى هه‌ڕه‌شه‌ى ناڕێكخراو ده‌بینه‌وه‌ له‌ ناوچه‌كه‌دا. وه‌ك ئه‌وه‌ى بینیمان له‌ كوركوك، كاتێك ئه‌وان 100 خۆكوژیان ڕه‌وانه‌ى شاره‌كه‌ كرد. ” ئێمه‌ ئه‌م جۆره‌ هه‌ڕه‌شانه‌ ده‌بینین، نه‌ك ته‌نها له‌ عێراق  و هه‌رێمى كوردستان به‌ڵكو پێویسته‌ پێشبینى هێرشى هاوشێوه‌ش بكه‌ین له‌ ئه‌وروپا. ئه‌وان پێشتریش بیریان له‌م جۆره‌ هێرشانه‌ كردۆته‌وه‌- تۆ زیانى پێده‌گه‌یه‌نیت و له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌ویش هه‌وڵى ئه‌وه‌ ده‌دا زیان پێبگه‌یه‌نێت به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك كه‌ ده‌توانێت”.
بۆ تاڵه‌بانى، مه‌ترسى ڕاسته‌قینه‌ نه‌بوونى ستراتیجێكه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئایدیۆلۆژیاى داعش.

لاهور تاڵه‌بانى ده‌ڵێت: ” مێژوو خۆى دووباره‌ ده‌كاته‌وه‌ ئه‌گه‌ر دروستكه‌رانى بڕیار، ئایا دروستكه‌رانى بڕیارى هاوپه‌یمانی نێوده‌ڵه‌تى بێت یان دروستكه‌رانى بڕیارى عێراق و وڵاتانى هه‌رێمێبن، خاوه‌نى پیلانى دواى داعش نه‌بن. ئه‌م پیلانه‌ پێویسته‌ شان به‌شانى هێرشى سه‌ربازى جێبه‌جێبكرێت. گروپى داعش پێویسته‌ به‌هه‌مان شێوه‌ له‌ڕووى سیاسیه‌وه‌ له‌ناوببرێت. له‌ئێستادا، هه‌وڵێكى جدى نیه‌ بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئایدۆلۆژیاكه‌”.
لاهور ده‌ڵێت: ” ته‌ماشاى زۆرێك له‌و شارانه‌ بكه‌ كه‌ شه‌ڕه‌ سه‌ره‌كیه‌كان تێیاندا ڕوویانداوه‌، زۆرێك له‌م شارانه‌ وێران بوون-ڕوومادى, سه‌ڵاحه‌دین و چه‌ندین شارى تر. موسڵیش وێران ده‌بێت ئه‌و كاته‌ى كه‌ ئازاد ده‌كرێت- ئه‌مه‌ ماناى ئه‌وه‌ ده‌گه‌یه‌نێت كه‌ هیچ قوتابخانه‌و چاودێرییه‌كى پزیشكى نامێنێت، له‌گه‌ڵ بیكارییه‌كى زۆردا. هه‌موو ئه‌مانه‌ فاكته‌رى سه‌ره‌كین و زه‌مینه‌ى له‌بارن بۆ گروپه‌ توندڕه‌وه‌كان. حكومه‌ت پێویسته‌ پیلانێكى هه‌بێت بۆ گێڕانه‌وه‌ى پاره‌ بۆ ئه‌م ناوچانه‌ له‌پێناو دابینكردنى هه‌لى كاردا”.

” ئێمه‌ به‌ هه‌مووانمان وتووه‌ به‌رده‌وام، ئێمه‌ به‌ هاوپه‌یمانیه‌كه‌و دۆسته‌كانى ترمان وتووه‌ كه‌وا ئه‌مه‌ پێویسته‌ ئه‌نجامبدرێت ئه‌گه‌ر نا هه‌ڵه‌یه‌”.
ئه‌وه‌ى كه‌ من نیگه‌رانم لێى ئه‌وه‌یه‌ كه‌وا حكومه‌تى عێراقى كیشه‌ى ناوخۆیی هه‌یه‌. تاڵه‌بانى ده‌پرسێت: ئایا ئه‌وان پاره‌یان هه‌یه‌ بینێرن بۆ ئه‌و پێكهاتانه‌؟ ئایا كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى ئیراده‌ى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ یارمه‌تى و كۆمه‌كى ئه‌م پێكهاتانه‌ بكات؟
له‌ته‌واوى ئه‌و ئه‌زمونه‌ى كه‌ ئێمه‌ هه‌مانه‌ له‌ ماوه‌ى 13 بۆ 14 ساڵى ڕابردودا… كاتێك كه‌ تۆ ڕووبه‌ڕووى جیهادیی و توندڕه‌وه‌كان ده‌بیته‌وه‌، ئه‌وان به‌ فۆرمێكى تر و به‌شێوه‌یه‌كى هجومى و شه‌ڕه‌نگێزانه‌تر جارێكى تر سه‌رهه‌ڵده‌ده‌نه‌وه‌. خه‌ڵكى ئێستا باشتر له‌مه‌ تێگه‌یشتوون”.


پڕِۆگرامه‌كانى ڕیشه‌كێشكردن یان دژه‌ توندڕه‌وه‌یی
ئه‌وه‌ى كه‌ داعش واى پێشانده‌دا كه‌ هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تى به‌سه‌رۆكایه‌تى ئه‌مریكا به‌زاندوه‌ ته‌نها جه‌نگێكى پڕوپاگه‌نده‌یی بوو. به‌ گۆڤارى ئۆنلاینى دابق و، ئه‌و ڤیدیۆیانه‌ى كه‌ هاوشێوه‌ى فیلمه‌ ئه‌كشنه‌كانى هۆڵیهود بوون، هه‌ندێك له‌ توێژه‌ران باسیان له‌وه‌ ده‌كرد شاره‌زاییانى په‌یوه‌ندى داعش وایانكردوه‌ له‌ داعش كه‌ زۆر به‌هێزتر ده‌ركه‌وێت وه‌ك له‌وه‌ى كه‌ هه‌یه‌.
تاڵه‌بانى ده‌ڵێت: ” پڕوپاگه‌نده‌كانی داعش یارمه‌تى داعشیان دا بۆ ئه‌وه‌ى ئه‌و ڕۆڵه‌ سه‌ره‌كییه‌ بگێڕێت كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌یه‌تى. به‌م ڕێگایه‌، ئه‌وان تواناى زیاتریان هه‌بوو وه‌ك له‌وانه‌ى كه‌ له‌دژى ئه‌وان ده‌جه‌نگین: ئێمه‌ هه‌وڵماندا ڕووبه‌ڕووى هه‌ڵمه‌ته‌كه‌یان ببینه‌وه‌ به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو نه‌بووین. من له‌و باوه‌ڕه‌دام ئه‌مه‌ كارى وڵاتان بێت نه‌ك گروپێكى بچوك. ئه‌وان زۆر زیره‌كن له‌ به‌كارهێنانى میدیاى نوێدا بۆ به‌رژه‌وندى خۆیان. ئێمه‌ له‌ ئێستادا له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌داین ڕووبه‌ڕووى ئه‌وه‌ ببینه‌وه‌”.
له‌ ئێستادا گفتوگۆیه‌كى زیاتر جدى ده‌كرێت له‌سه‌ر ده‌ستپێكردنى هه‌ڵمه‌تێكى ڕیشه‌كێشكردنى توندڕه‌وه‌ى. ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كان له‌ڕۆژئاواو ناوچه‌كه‌دا له‌ئێستادا به‌دواى ئه‌و میتۆدانه‌دا ده‌گه‌ڕێن بۆ گه‌یشتن به‌و گه‌نجه‌ موعه‌ره‌زانه‌ى كه‌ ئه‌گه‌ریی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ به‌ تاكتیكه‌ سه‌ره‌نجڕاكێشه‌كانى داعش هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێن. ئه‌مه‌ زانستێكى نوێیه‌، به‌ڵام تاڵه‌بانى كردویه‌تى به‌ ئه‌وله‌ویاتى هه‌رێمى كوردستان، هیواش ده‌خوازێت ئه‌وانى تریش هه‌مان گرنگى پێبده‌ن.
تاڵه‌بانى ده‌ڵێت: “ئه‌و بارودۆخانه‌ى كه‌وا له‌ گه‌نجێكى ئه‌وروپى ده‌كات كه‌ موعه‌ره‌ز بێت به‌ تاكتیكه‌ سه‌ره‌نجڕاكێشه‌كانى داعش جیاوازن له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخانه‌ى كه‌وا بوونیان هه‌یه‌ له‌ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاستدا، له‌به‌رئه‌مه‌ش ده‌بێت ستراتیجیه‌كان جیاوازبن”.
تاڵه‌بانى ده‌ڵێت: ” له‌دواى ڕووخانى ڕژێمى به‌عس، به‌سه‌ربردنى ژیان له‌و زیندانیانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن هاوپه‌یمانى نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ سه‌رپه‌رشتى ده‌كران له‌وانه‌ش زیندانه‌كانى بۆكاو ئه‌بووغرێب وه‌ك ته‌خه‌ڕووجكردن وابوو له‌ كۆلێجی تیرۆریزم”.
تاڵه‌بانى باس له‌ به‌غدادى ده‌كات وه‌ك نمونه‌یه‌ك ” به‌غدادى چه‌ندین جار ده‌ستگیركراوه‌و ئازادكراوه‌ له‌ كاتى سه‌دام حوسێن و له‌دواى ئه‌وه‌ى كه‌ ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان عێراقى داگیركرد. ئه‌و باكگراوندێكى هه‌بوو، ئه‌و پێش هه‌موو شێتك عێراقى بوو، دكتۆراى له‌  به‌شیكی شه‌ریعه‌دا هه‌بوو، وتار خوێنى مزگه‌وتى سامه‌ڕابووه‌. له‌سه‌رده‌مى سه‌دام حوسَندا، مه‌له‌فى هه‌بووه‌ لاى ڕژێم، چه‌ند جارێكى كه‌م ده‌ستگیركراوه‌. له‌دواى جه‌نگى عێراق، دووباره‌ دوو جار زیندانى كرایه‌وه‌. له‌و ڕۆژگاره‌دا، زۆرێك له‌ زیندانه‌كانى هاوپه‌یمانان زه‌مینه‌یه‌كى له‌بار بوون بۆ تیرۆریستان. به‌م شێوه‌یه‌ش به‌غدادى تۆڕه‌كانى له‌وێ دروستكرد”.
به‌پێی بۆچونى ئیبراهیم ئه‌لمه‌رشاوى بێت كه‌ پرۆفیسۆرى یاریده‌ده‌ره‌ له‌ مێژووى عێراق له‌ زانكۆى سان ماركۆس له‌ ویلایه‌تى كالیفۆرنیا، له‌ كامپى بۆكا بوو كه‌ به‌غدادى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ حاجى به‌كردا دروستكرد، كه‌ ئه‌فسه‌رى پێشوو بووه‌ له‌سه‌رده‌مى سه‌دام حوسێندا”. وه‌ ئه‌وه‌ حاجى به‌كر بوو كه‌ به‌غدادى هێنا بۆ ناو داعش له‌كاتى به‌ربونیاندا.


سه‌ره‌نجڕاكێشىی داعش
له‌ میدیا باوه‌كاندا، ڕاپۆتى  زۆر ده‌كرێت له‌باره‌ى 150.000 پێشمه‌رگه‌وه‌ كه‌ شه‌ڕى زه‌مینى ده‌كه‌ن بۆ هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان به‌سه‌رۆكایه‌تى ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كان، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا باس له‌وه‌ ده‌كرێت كه‌وا 400-500 گه‌نجى كورد چونه‌ته‌ پاڵ داعش، كه‌ له‌لایه‌ن مه‌لاى ساخته‌وه‌ یان ئیسلامیه‌ لۆكاڵیه‌كانه‌وه‌ هاندراون.
تاڵه‌بانى ده‌ڵێت: ” بۆ ئه‌وه‌ى ڕاستگۆبم، ئێمه‌ كێشه‌مان له‌گه‌ڵ توندڕه‌وه‌كان هه‌بووه‌ له‌ ڕابردودا، له‌به‌رئه‌وه‌ پێشبینى من وابوو كه‌ ڕێژه‌كه‌ له‌وه‌ زیاتر ده‌بێت ، ” چه‌ند سه‌د كه‌سێكى كه‌م له‌ كورد كه‌ چونه‌ته‌ پاڵ داعش هیچ نیه‌ ئه‌گه‌ر به‌راورد بكرێت به‌ ژماره‌ى ئه‌و كه‌سانه‌ى كه‌ له‌ ئه‌وروپاوه‌ هاتووون و لێره‌ چونه‌ته‌ پاڵ داعش. من پێم وایه‌ دڕنده‌یی داعش كاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر تێڕوانینى كورد بۆ ئه‌و گروپه‌. ئێمه‌ وا بیرمان ده‌كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌لقاعیده‌ خراپه‌، به‌ڵام داعش ئه‌لقاعیده‌ى تێپه‌ڕاند له‌به‌رئه‌وه‌ى داعش زۆر دڕنده‌ تره‌”.
ئامۆژگارى تاڵه‌بانى بۆ وڵاتانى ئه‌وروپى ئه‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌ڵبسن به‌ ئه‌نجامدانى توێژینه‌وه‌ى ورد له‌سه‌ر ئه‌و ژینگه‌یه‌ى كه‌وا له‌ كوڕو كچى گه‌نج ده‌كات كه‌ هه‌ست به‌ خۆشى بكه‌ن كه‌ ده‌چنه‌ پاڵ داعش.
تاڵه‌بانى ده‌ڵێت له‌ هه‌رێمى كوردستان، له‌ڕێگه‌ى وه‌زاره‌تى ئه‌و قاف و كاروبارى ئاینیه‌وه‌ كۆنتڕۆڵى بیری توندڕه‌وی ده‌كه‌ین.
ئه‌مه‌ بابه‌تێكى هه‌سیتاره‌، به‌ڵام تاڵه‌بانى كێشه‌ى نیه‌ له‌ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌وه‌دا به‌هۆى نه‌سه‌به‌كه‌یه‌وه‌- تاڵه‌بانى هه‌ڵگرى نازناوى شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ى  “شێخه‌”،  كه‌ ئاماژه‌یه‌ بۆ به‌زرى پێگه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تى و په‌یوه‌ندیی هه‌یه‌ به‌ ته‌ریقه‌تى قادریى ئیسلامه‌وه‌.


به‌پێى زۆرێك له‌ سه‌رچاوه‌كان بێت، تاڵه‌بانى له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاوه‌نى خه‌سڵه‌ت و تایبه‌تمه‌ندى كاریزمایی مامیه‌تى كه‌ (مام جه‌لاله‌). 


ئه‌م چاوپێكه‌وتنه‌، به‌شێك بوو له‌ چاوپێكه‌وتنێكی گرنگی گۆڤاری به‌ناوبانگی نیوزویك له‌گه‌ڵ لاهور شێخ جه‌نگی به‌ڕێوه‌به‌ری ئاژانسی پاراستن و زانیاری – زانیاری هه‌رێمی كوردستان.
ده‌توانیت ته‌واوى چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ به‌زمانى ئینگلیزى له‌م لینكه‌ى خواره‌وه‌ بخوێنیته‌وه‌: کلیک لێرە بکە

پـــەیـــوەنــدیــدار