ئەوەی پێویستە بکرێت…

ئەوەی پێویستە بکرێت…

ماوەیەکی زۆرە لێرە و لەوێ لە ژێر ناوی پەرۆشی بۆ بەرژەوەندی خەڵک ھەموو کەس و لایەنێک قسە گەلێکی زۆر دەکەن لە کەناڵە جیاجیاکان بە شێواز و ناوەڕۆکی جیاواز بە نیەتی باشتر کردنی ئەم دۆخە پڕ قەیرانەی کە سەرتاپای ھەرێمی کوردستانی گرتۆتەوە ، بۆیە ئەمە بەلای منەوە جێگای دەست خۆشیە. بەڵام ھەردەم دەپرسم ئایا تەنھا قسەکردن بەسە بۆ باشترکردنی ژیانی خەڵک؟ ئایا پێویستمان بە خوێندنەوە و ھەڵوەستە کردن و بیرکردنەوەی قوڵتر نیە؟ ئایا ھەنگاو بۆ باشتر کردنی ژیانی خەڵک قوربانی پێویست نیە؟ ئایا ماندووبون و خوێن و قوربانی دانی پێشمەرگە و ئەو سەرکەوتنە گەورانە شایەنی ئەم دۆخەی ھەرێمن؟ ئایا ئەوەی قوربانی دەدات کارەکتەرە سیاسیە گەورە و مەزنەکان نین؟ بەمانایەکی سادەتر بەپەرۆش خۆنمایش کردن لە ژێر چەتری بێزاری خەڵک لە کۆمەڵێک نوسین و قسە و و کردار ئەوەندەی دەبێت بە پاڵەوان بوونی کەسی ئەوەندە نابێتە ھۆکار بۆ کەمکردنەوەی ئازار و شەکەتی خەڵک و گەیشتن بە ڕێگای چارەسەر.

بۆیە ئیستا لە ھەر کات زیاتر پێویستمان بە خوێندنەوە و گەڕانەوە و جێبەجێ کردنی پرەنسیپەکانی مام ھەیە، ئەمەش لەپێناو خوێندنەوەیەکی واقعی و بابەتیانەی دۆخی ئێستا ، بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەر کە بەرپرسیاریەتی و پشوو درێژی و ئیرادە و خۆڕاگری زیاتری پێویستە و کاردانەوەی پێچەوانە نامانگەیەنێتە ئامانجە دوورمەوداکان بۆ باشتر کردنی گوزەرانی خەڵک و دۆخی سیاسی ھەرێم.

چونکە مام فێری کردوین حیزب و حیزبایەتی ئامرازێکە بۆ خزمەتی نەتەوە و نیشتیمان نەک حیزب ئامانج بێت بۆ بەرژوەندی و دەست کەوتی خودیمان.

کەواتە کاتێک ھەموومان کۆک دەبین لەسەر گەورەیی مەترسیەکانی سەر ھەرێم و خراپی ژیانی خەڵک و ھاوبەش بوونی بەرپرسیارێتی ھێزە سیاسیەکان. دەبێت بە شوێن خاڵی ھاوبەش و کۆکەرەوە بگەڕێین. نەک زەق کردنەوەی خاڵە جیاوازەکان، دەبێت بە دوای زمانی دیالۆگ بگەڕێین نەک زمانی زبر، دەبێت ئامادەیی قوربانی دان و بەخشین بین نەک بردنەوە و دەست کەوت. ئەمەش دەبێتە سەرەتای دروستکردنی زمانێکی ھاوبەش بۆ چارەسەرکردنی ھەنگاو بە ھەنگاوی قەیرانە ئابووری و سیاسی و یاساییەکانی ھەرێم و بەھێزکردنی دامەزراوەکانی.

بۆیە گرنگە ھەموومان بەم ڕۆحیەتی لێپرسراویەتیەوە لەکۆی کایەی سیاسی لە ناوەوەو دەرەوەی حیزب ھەنگاو بنێین بەرە و ئاسۆیەکی باشتر وە ئەرکی ھەموومانە ھەموو نووسین و قسە و ڕەفتارێک کە ڕێگر دەبێت لە بەردەم ئەم ھەنگاوە مەزنەمان دووریان بخەینەوە ئەمەش لە پێناو ئایندەیەکی باشتر بۆ ژیانی خەڵک و ھەرێمەکەمان.

بافڵ جلال تاڵەبانی

٢٦/١١/٢٠١٦

پـــەیـــوەنــدیــدار