قوباد تاڵه‌بانی: كه‌س له‌م دۆخه‌ رازی نییه‌

قوباد تاڵه‌بانی: كه‌س له‌م دۆخه‌ رازی نییه‌

جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایگه‌یاند حكومه‌تی هه‌رێم به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ چاكسازیه‌كان بۆ به‌دیهێنانی شه‌فافیه‌تی زیاتر،  داواشی له‌مامۆستاو به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌كان كرد ده‌رگای خوێندنگاكان به‌رووی خوێندكاران بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مناڵه‌كانمان نه‌بنه‌ قوربانی ململانێیه‌كان.

ئه‌مڕۆ 27/11/2016 قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران به‌ یاوه‌ری سه‌ردار قادر پارێزگاری سلێمانی به‌ وه‌كاله‌ت، سه‌ردانی مه‌رزی باشماخی كردو سیستمی به‌ ئه‌لكترۆنیكردنی مه‌رزی باشماخی كرده‌وه‌ و سه‌رجه‌م به‌شه‌كانیشی به‌سه‌ركرده‌وه‌.

دواتر له‌كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌وانیدا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران پشتیوانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانی بۆ كه‌مپینی به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی توندوتیژی دژی ژنان ده‌ربڕی و ده‌ستخۆشی له‌هه‌موو ئه‌و رێكخراو لایه‌نانه‌ كرد كه‌ كار له‌سه‌ر داكۆكی كردن له‌ژنان و یه‌كسانیان ده‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ سیستمی به‌ ئه‌لكترۆنی كردنی مه‌رزه‌كان رایگه‌یاند: ئه‌و هه‌نگاوه‌ یه‌كێكه‌ له‌هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ چاكسازیی و شه‌فافییه‌تی زیاتر له‌ داهاته‌كانی گومرگ. وتیشی ” سیستمی داتابه‌یس گرنگی ده‌بێت بۆ زیادكردنی داهات و سیستمی سه‌رجه‌م گومرگه‌كانی هه‌رێم یه‌كده‌خه‌ین”.

ئاماژه‌ی بۆئه‌وه‌شكرد كه‌ هاوشێوه‌ی فڕۆكه‌خانه‌كانی هه‌رێم ده‌بێت سنووره‌كانیش بكرێن به‌ سیستمی ئه‌لكترۆنی و ده‌بێت هه‌رێم هه‌نگاو بنێت بۆ ئه‌وه‌ی جگه‌ له‌نه‌وت پشت به‌ داهاتی تریش ببه‌ستێت و به‌ ئه‌لكترۆنیكردنی سنووره‌كان رۆتینات له‌خاڵه‌ سنوورییه‌كان كه‌مده‌كاته‌وه‌و جموجوڵی بازرگانیش زیندوتر ده‌كات.

سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران  رایگه‌یاند: له‌ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا ئاساییه‌ و لیژنه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا له‌ گفتوگۆدان و پێش ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رلایه‌ك رێكبكه‌وین ده‌بێت له‌گه‌ڵ به‌غدا رێكبكه‌وین و په‌یوه‌ندیه‌كانمان ئاسایی بكه‌ینه‌وه‌ چونكه‌ هه‌میشه‌ وتومانه‌ و ئێستاش دووباره‌ی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ به‌شێكی گرنگین له‌عیراق.

ئه‌وه‌شی دووپاتكرده‌وه‌ كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌رێم و به‌غدا له‌ڕووی سه‌ربازییه‌وه‌ باشن و ده‌بێت په‌یوه‌ندییه‌ سیاسیی و دپلۆماسیه‌كانیش باش بن.

سه‌باره‌ت به‌ كردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان و ده‌وامی مامۆستایان رایگه‌یاند: په‌یامی مامۆستایان گه‌یشتۆته‌ حكومه‌ت و له‌هه‌وڵی جدی داین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی مامۆستایان ، وتیشی” له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا نیم كه‌ مامۆستایان به‌ دوو به‌شی رازی و ناڕازی پۆلێن بكرێن چونكه‌ له‌ئێستادا هیچ كه‌س له‌م دۆخه‌ی كوردستان رازی نییه‌”.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ وتی ” داوا له‌ به‌ڕێوه‌به‌ران و مامۆستایانی به‌ڕێز ده‌كه‌م كه‌ ده‌رگای  خوێندنگاكان به‌ڕووی خوێندكاراندا بكه‌نه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی مناڵانی كورد نه‌بنه‌ قوربانی ململانێیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.” ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه‌ نزیك بوینه‌ته‌وه‌ له‌ به‌روارێكی زۆر مه‌ترسیدار كه‌ له‌ ئه‌گه‌ری نه‌كردنه‌وه‌ی ده‌رگای قوتابخاناكان زیانی زۆر گه‌وره‌ به‌ زیاتر له‌ 700 هه‌زار مناڵی پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ و گه‌رمیان و به‌هیچ جۆرێكیش قه‌ره‌بوو ناكرێته‌وه‌، بۆیه‌ داواكارم هه‌موومان له‌و مه‌ترسییه‌ به‌ئاگا بین و هه‌مووشمان به‌رپرسیاریه‌تیمان ده‌كه‌وێته‌ سه‌رشان بۆ ئاسیی كردنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌ و رێگریكردن له‌ زیاننه‌گه‌یاندن به‌ مناڵه‌كانمان.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ درك به‌ ڕه‌وشی ناله‌باری مامۆستا و موچه‌خۆران ده‌كه‌ن و هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵداین بۆ باشتر كردنی ره‌وشی ئابوری و گوزه‌رانی مووچه‌خۆران و چه‌ندین هه‌نگاو و كۆبونه‌وه‌مان ئه‌نجام داوه‌ بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌.

سه‌باره‌ت به‌ رووداوی سووتاندنی ئۆتۆمبێله‌كانی دوو مامۆستاكه‌ی سلێمانی وتی” به‌توندی ئیدانه‌ی هه‌ر روداوێك ده‌كه‌م كه‌ ناخۆشی لێده‌كه‌وێته‌وه‌، و داوام له‌ئاسایش و لایه‌نه‌ ئه‌منیه‌كان كردووه‌ تاوانبارانی ئه‌و كرده‌وه‌یه‌ ده‌ستگیر بكه‌ن، و ئێمه‌ ئیدانه‌ی هه‌ر كرده‌وه‌یه‌ك ده‌كه‌ین كه‌ ره‌وشی هه‌رێم سه‌ختر و دژوارتر بكات.”

بۆ هه‌مان مه‌به‌ستیش پارێزگاری سلێمانی به‌ وه‌كاله‌ت رایگه‌یاند كه‌ ئه‌وان وه‌ك پارێزگای سلێمانی ده‌ستیان كردووه‌ به‌لێكۆڵینه‌وه‌ و به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ به‌ڕێز جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌په‌یوه‌ندیدان بۆ دۆزینه‌وه‌ی تاوانباران و دادگایی كردنیان.

پـــەیـــوەنــدیــدار