بـــەپــەلــە
هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازی لە لێپرسراوی نوێی تیمی نوسینگەی کونسولخانەی گشتی بەریتانیا لە هەولێر کرد

هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە پێشوازی لە لێپرسراوی نوێی تیمی نوسینگەی کونسولخانەی گشتی بەریتانیا لە هەولێر کرد

پێش نیوەرۆی ڕۆژی دووشەممە ۲٠۱٦/۱۲/٥ هەڤاڵ سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە شاری هەولێر پێشوازیکرد لە بەرێزان خاتوو پەلیکا باسین لێپرسراوی تیمی نووسینگەی سیاسی لە قونسولخانەی گشتی بەریتانیا لە هەولێر و خاتوو لویس سمیث لێپرسراوی نوێی تیمەکە.

 

لە دیدارێکی نێوان هەردوولا سەرەتا خاتوو پەلیکا باسین بەبۆنەی کۆتایی هاتنی کارەکانی لە کوردستان سوپاسگوزاری خۆی و تیمەکەی و قونسولخانەی گشتی بەریتانیای لەهەولێر ئاراستەی هەڤال سەعدی ئەحمەد پیرە و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان کرد کە لە ماوەی رابردوودا پەیوەندیەکانی هەردوولا لە گەشەسەندندا بوون و هاوکار و هەماهەنگی یەکتربوون لە وارەجیاوازەکاندا، هاوکات ئاماژەی بە هەلوێست و هەنگاوەکانی ی ن ک کرد بۆ بەرەوپێشەوەبردنی پرۆسەی سیاسی و ئاشتی لە ناوچەکەدا.

ئاماژەشی بە دۆستایەتی دێرینی نێوان گەلی کورد و گەلی بەریتانیا کرد، بەتایبەتی لە رۆژە سەختەکاندا. دواتر خاتوو لویس سميث ی وەک لێپرسراوی نوێی تیمی نووسینگەی سیاسی ناساند.

پاشان هەڤال سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە گرنگی بایەخێکی زۆرەوە تیشکی خستە سەر رۆڵی خاتوو پەلیکا باسین کە لە ماوەی رابردوودا وەک کاراکتەرێکی بەهێز لە رێگەی کونسولخانەی گشتی بەریتانیاوە لە هەولێر لەگەل تیمەکەی هاوکارێکی باشی هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بوون بۆ گەشەپێدانی پەیوەندییەکان و پرۆسەی سیاسی، هیواشی خواست دوای جێهێشتنی کوردستان بەردوام بێت لە پەیوەندیەکانی بۆ خزمەتی هەرێمی کوردستان.

 

هەرلەو دیدارەدا باس لە دوایین رووداو و گۆرانکاریەکانی عیراق و کوردستان و ناوچەکە کرد، بەتایبەتی شەری دژ بە داعش و بەردەوام بوون لەسەر هەماهەنگی نێوان هێزەکانی هاوپەیمانان و هێزی پێشمەرگە لە بەرەکانی شەر بۆ شکست پێهێنانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیە، و رۆلی هێزەکانی پێشمەرگەی بەرزهەلسەنگاند و بە هێزێکی خاوەن ئەزموون و سەرکوتووی وەسفکرد.

بەردەوامی پرۆسەی رزگارکردنی موسڵ تەوەرێکی تری دیدارەکە بوو، هەڤال سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکانی ی ن ک، بە وەفدی میوانی راگەیاند کە پێویستە بە شێوەیەکی وورد مامەلە لەگەل پرۆسەکە بکرێت بەتایبەتی لە جۆر و پێکهاتەی ئەو هێزانەی کە بەشداری پرۆسەی ئازادکردنەکە دەکەن چونکە موسل و پێکهاتەی دانیشتوانەکەی تایبەتمەندی خۆی هەیە بۆیە.

هەرلەو دیدارەدا، هەڤال سەعدی ئەحمەد پیرە، تەئکیدی کردەوە کە هەولەکانی ئاسایی کردنەوەی نێوان هێز و لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستانیش بەردەوامە بۆ دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکان بە ئامانجی گەیشتن بە کەناری لەیەکترگەیشتن و چارەسەری کێشە سیاسی و یاساییەکان. ووتیشی: لەپاڵ ئەو هەوڵانە پێویستە پەیوەندیەکانمان لەگەل بەغدا باشتر بکەینەوە، چونکە باش بوونی پەیوەندی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەرکردنی کێشە هەلواسراوەکانی نێوان هەردوولا بەشێکی گرنگ دەبێت لە چارەسەرکردنی قەیرانەکانی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی قەیرانی دارایی.

وەفدی میوانیش کونسوخانەی گشتی بەریتانیا لە هەرێمی کوردستان، رایانگەیاند کە ئەوانیش لەلایەن خۆیانەوە خوازیاری تەبایی و یەکریزی نێوان هێز و لایەنەسیاسیەکانی کوردستانن و بو هیوایەشن کە حکومەتی ناوەند و هەرێمی کوردستان هیچ کێشە و گرفتێکیان نەمێنێت بۆ ئەوەی هەماهەنگیەکانی هەموو لایەک هەم لە شەری دژ بە تیرۆر و هەم لە چارەسەرکردنی کێشە سیاسی و ئابووریەکان سەرکەوتووانەتر بەڕێوەبچێت. بۆ ئەم مەبەستەش هاوکار دەبن بۆ هەر هەولێکی ئاشتیانە و لەیەکترگەیشتنێک کە ببێتە مایەی سەقامگیری ئاسایشی سیاسی و ئابووری لە ناوچەکە.

پـــەیـــوەنــدیــدار