ئەركی دوای  پەسەندكردنی بودجەی گشتی ساڵی 2017 مان چیە ؟

ئەركی دوای پەسەندكردنی بودجەی گشتی ساڵی 2017 مان چیە ؟

نەوزادی موهەندیس
Nawzad_mohandis@yahoo.com
• ئاشكرایە یاسای بودجەی گشتی هەر وڵاتێك لە چوار چێوەی سیاسەتی ئابوری ئەو وڵاتەدا دادەڕێژرێت بەو ئامانجەی بتوانرێت كە زۆرترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان و وڵات بكرێت و هەنگاو بنرێت بەرەو بوژاندنەوەی سەرجەم كەرت و بوارەكانی ژیانی كۆمەڵگا و ڕووەو ئایندە و ساڵێكی نوێ‌ هەنگاو بنرێت، نەك ەك ئەوەی لە وڵاتانی دواكەوتوو یان گەشەكردوودا ڕوودەدات و زۆرینەی بودجەی وڵات بۆ لایەنی ئەمنی و سەربازی و جەنگ دادەنرێت سەرەڕای نەبونی پلانی زانستی و واقیعی و بوونی دیاردەی گەندەڵی كوشندە و بە سیاسیكردنی بوجەی وڵات لەلایەن حیزب و سەركردە سیاسیەكانەوە. بەداخیشەوە لە وڵاتی عێراقیش بە كوردستانیشەوە ساڵانە ئەم هەڵە سیاسی و ئابوری و زانستیانە دووبارە دەكرێنەوە، هەربۆیەش كە هیچ كات وڵات بەرەوە پێشەوە ناچێت بەڵكو ڕووبەڕووی چەندین مەترسی و قەیران و كارەساتی ئابوری دەبنەوە و هەمیشە بۆ دواوە دەگەڕێنەوە نەك بەرەو پێشەوە هەنگاو بنێن.
• ئەوەتا ڕۆژی 4 شەممە ڕێكەوتی 7/12/2016 یاسای بودجەی گشتی دەوڵەتی عێراقی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2017ی دارایی پەسەندكرا كە لە 59 مادە پێك هاتوە و لە 1/1/2017وە كاری پێدەكرێت…. ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی پێشووتر یاسای بودجەی عێراقی بوە مایەی جیابونەوە و لێكترازانی ڕیزەكانی فراكسیۆنە كوردیەكان لە بەغداد و بەتەنها پارتی دیموكراتی كوردستان ناڕەزایی بەرامبەر ئەم یاسایە دەربڕیوە و 4 فراكسیۆنەكەی تر لەگەڵیدا بون و كاریان بۆ پەسەندكردنی كرد. و ئەنجامیش هەوڵ و ماندووبونی ئو 4 فراكسیۆنە سەریگرت و پارتی بەتەنها مایەوە و خۆی كەنارگیر خست. و هەر ئەم هەڵوێستەی فراكسیۆنی پارتیش بوە مایەی ئەوەی كە حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە 6/12/2016دا ڕوونكردنەوەیەك بدات لەسەر پشكی هەرێمی كوردستان.
• سەرەتا دەبێت دانبنێین بە چەند ڕاستیەكدا كە لە دەوڵەتی فیدڕاڵی عێراقیدا كاری پێدەكرێت و بەداخەوە لە هەرێمی كوردستاندا پشتگوێخراون و هیچ حسابێكیان بۆ ناكرێت،سەرەڕای بوونی جەنگ و بوونی ئاوارە و پشێوی سیاسی و ئابوری و سەربازی و كۆمەڵایەتی ،كە بریتین لە:
1. بۆخۆی پەسەندكردنی یاساكە پێش تەواوبونی ساڵی دارایی 2016 و وەرزی یاسادانانی 2016، مانای بونی پەڕلەمانێكی كارا و ئاكتیڤ و بەدامودەزگایی دەوڵەت و حوكمڕانی عێراقی دەگەیەنێت لە دەوڵەتی عێراقدا.بەڵام لە هەرێمدا نە پەڕلەمان كارایە و نە حكومەت ئاكتیڤە تا یاسای بودجە ڕێكبخەن و دەریشیبكەن و ئەوە ماوەی 3 ساڵە هەرێم دوور لەیاسا هەموو داهات و خەرجیەكان كۆدەكاتەوە و خەرجیشیان دەكات دوور لە ووردبینی و بەدواداچوونی دامودوەزگا چاودێریە داراییەكان.
2. دەوڵەتی عێراقی بەپێی یاسا داهات و خەرجیەكانی كۆدەكاتەوە و خەرجیشی دەكات.
3. داهات و خەرجیەكان شەفاف و ئاشكران.
• لەیاساكەی ئەمساڵدا بە پێی ئەو ژمارە داهات و خەرجیانە بێت كە دیاریكراون ئەم یاسای بودجەیە بریتیە لە كەمترین بوجە لە دەوڵەتی عێراقیدا لەدوای ساڵی 2003وە، ئەمەش بۆخۆی هۆكاری خۆیی و بابەتی هەیە ،لەوانەش نزمی نرخەكانی نەوت و كە بۆتە هۆی كەمی داهات و لەبەرامبەریشدا زۆری خەرجیەكان و بوونی جەنگی دژ بە تیرۆریستان و بوونی ئاواریەكی زۆر لەناوخۆدا و نەبوونی سەرچاوەی داهاتی تر جگە لە داهاتی نەوت، كە ئەمە بۆخۆی خاڵێكی لاوازی یاسی بودجەی دەوڵەتی عێراقی هەموو ساڵێكە كە نەتوانراوە سوود لە كەرتەكانی كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزار و مرۆییەكان و …هتد . وەربگیرێت. و هەربۆیە عێراق وەك وڵاتێكی تاك سەرچاوەی داهات حساب دەكرێت. نەك هەمەجۆر سەرچاوە كە لە وڵاتانی گەشەكردووی ئابوریدا هەمیشە گرنگی دەدەن بە گەڕان بەدوای سەرچاوەی داهاتی تردا.
• لە یاساكەی ئەمساڵدا هاتوە كە بڕی داهاتی گشتی بریتیە لە 79011421000 تریلیۆن دینار كە لەسەر بنچینەی نرخی فرۆشتنی 1 بەرمیل نەوت بە 42 دۆلار دانراوە كە ڕۆژانە دەبێت بڕی 3750000 بەرمیل نەوت بفرۆشرێت بە (( 550 هەزار بەرمیلەكەی هەرێمیشەوە بەهەرێم (( 250 هەزار بەرمیل )) و كەركوك بە (( 300 هەزار بەرمیل نەوت))ەوە)) و نرخی گۆڕینەوەی 1 دۆلاریش بریتیە لە 1182 دینار.
• داهاتی نەوتی بریتیە لە 67950225000 تریلیۆن دینار
• داهاتی جگە لەنەوت بریتیە لە 11061196000 تریلیۆن دینار
• لێرەدا دەردەكەوێت كە بەڕێژەی 86% داهاتی عێراق پشتدەبەستێتە سەر نەوت و تەنها ڕێژەی 14% گریمانەكراوە بۆ داهاتی تر.
• بڕی خەرجی گشتی بریتیە لە 100671160790 تریلیۆن دینار
• بڕی خەرجی بەكاربردن بریتیە لە 75217142790 تریلیۆن دینار كە دەكاتە ڕێژەی 71ر74%
• بڕی خەرجی وەبەرهێنانیش دەكاتە 28ر25%
• بڕی كورتهێنان بریتیە لە 21659739790 تریلیۆن دینار
• ئاشكرایە كە ئەم یاسایەی ئەمساڵی 2017 ش كۆمەڵێك خاڵی باش و خراپی تیادایە بەرامبەر هەرێمی كوردستان كە گرنگترینیان بریتین لە:
• لایەنە باشەكانی ئەم یاسایە :
1. لەمادەی 8/ یەكەم / پشكی 17% هەرێمی كوردستان چەسپێنراوە وەك ساڵەكانی پێشووتر.
2. لەمادەی 8 / پێنجەم/ ڕێژەیەك لە خەرجی هێزە وشكانیەكانی سوپای عێراقی بۆ هێزی پێشمەرگە دیاریكراوە.
3. مادە 9/ ا/ هەرێم و بەغداد هەموو داهاتەكانی دەوڵەتی ئیتیحادی لە هەرێمدا حساب دەكەن و دەبێت مانگانە بگێڕدرێتەوە بۆ بەغداد.
4. مادە 9/ ج / ڕێككردنەوەی و چارەسەركردنی شایستە داراییەكانی هەرێم و بەغداد لەساڵی 2004 وە بۆ 2016 دوای ووردبینی كردن و پەسەندكردنی.
5. مادە 9/ سێیەم/ ا/ حكومەتی هەرێم دەبێت ڕۆژانە بڕی ( 250 هەزار )) بەرمیل نەوتی هەرێم تەنها لەڕێگەی (( سۆمۆ)) وە بفرۆشێت و داهاتەكەی بۆ بەغداد بگەڕێتەوە.
6. مادە/9/ سێیەم /ب/ هەرێم ڕۆژانە بڕی (( 300 هەزار)) بەرمیل نەوتی كەركوك بفرۆشێت تەنها لەڕێگەی (( سۆمۆ)) وە و داهاتەكەی بگەڕێتەوە بۆ بەغداد.
7. مادە 9/ سێیەم/ج/ پێویستە حكومەتی هەرێم پێش هەر خەرجیەك مووچە ی مووچەخۆران بەهەموو جۆرەكانیەوە بدات لەو میزانیەی ساڵی 2017 بۆی دیاریكراوە لە میزانیەی بەكاربردن.
8. مادە 9/سێیەم/د/ ئەگەر حكومەتی هەرێم ئەو خاڵانەی مادەی 9ی سەرەوەی جێبەجێكرد ئەوكات حكومەتی فیدڕاڵی ڕێژەی 17% پشكی هەرێم دەنێرێت و بە پێچەوانەوە هیچ ئیلتیزامێكی ناكەوێتە ئەستۆ.
9. مادە 10/ هەر كەم وزیادێك ڕوویدا لە ئاماری دانیشتواندا لەهەرێم و پارێزگاكانی تریش ئەوكات ڕیژەی پشكەكانیش لە داهاتەكان كەم و زیاد دەكات.
10. هەرێمیش پێویستە ڕێژەی 8ر3% لە كۆی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان ببڕێت بۆ پێداویستی هەرێم و هێزی پێشمەرگە لە پشكی 17% كەی خۆی. بەڵام هەرێم لە ئێستادا تەنها چارەكە مووچە دەدات نەك مووچەی تەواو بۆیە ئەم خاڵە لەهەرێمدا ناتوانرێت جێبەجێبكرێت كە لە قازانجی هێزی پێشمەرگەی قارەماندا دەبوو.
11. وەزارەتی نەوتی عێراقی دەبێت نەوتی خاو بە ڕێژەی 30% لەنرخی بازاڕی نەوتی جیهانی كەمتر بفرۆشێت بە پاڵاوگە كان و نرخی بەرهەمە نەوتیەكانیش وەكو ئێستا بمێنێتەوە ، نەك وەك هەرێم بەهەمان نرخی دەرەوە دەداتە پاڵاوگەكان و كارگە پیشەسازیەكان.
12. لەمادەی 56// هاتوە كە نیوەی داهاتی خاڵە گومركیەكان دەدرێتەوە بەو پارێزگایانەی كە ئەو خاڵانەی تیادایە.
• لایەنە خراپەكانی ئەم یاسایە:

1. وەك دەردەكەوێت كە ڕێژەی 71ر74% لە بودجەی گشتی دانراوە بۆ بودجەی بەكاربردن و تەنها ڕێژەی 28ر25% دانراوە بۆ بودجەی وەبەرهێنان . كەئەمەش گەورەترین خاڵی خراپ و لاوازی ئەم یاساییە و پێویست دەكات كە هەمیشە بەشی گەورەی بودجە لەهەر وڵاتێكدا بۆ وەبەرهێنان بێت نەك بەكاربردن ، چونكە نابێت لە وڵاتانی پێشكەوتوودا خەرجیەكانی حكومەت گەورەتربن هەربۆیە پەنا دەبەنە بەر كەرتی تایبەت و وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەكی و ئەوەی بۆ بەكاربردن خەرجی دەكەن دەیگێڕنەوە و دەیخەنە خزمەت پێشكەوتنی وڵاتەوە.
2. مادە 8/ دووەم / پشكی 17% هەرێم دوای دەركردنی خەرجی فعلی دەوڵەتی فیدڕاڵی دەنێردرێت واتە هەموو خەرجیە سیادیەكانی لێ‌ دەردەكرێت كە ئەمەش بڕێكی زۆر لە پشكی هەرێم دەبات وەك ساڵانی پێشووتر.
3. ڕێژەی پشكی پێشمەرگە لە خەرجی هێزە وشكانیە عێراقیەكان دیارینەكراوە و ژمارەی پێشمەرگەش دیاینەكراوە. كە دەكرێت یاری پێ بكرێت و بە یئیجتیهادی كەسی خەرج بكرێت.
4. مادە/8/ یەكەم /دەسەڵاتی ناردنی بەشە پشكی هەرێم دراوەتە وەزیری دارایی بەڵام بە ڕەزامەندی سەرۆك وەزیرلان .
5. مادە 9/ب/ لەكاتی نەدانی داهاتە ئیتیحادیەكان لەلایەن هەرێمەوە . دیوانی چاودێری بەغداد ڕاستەخۆ لە ڕێگەی باجەكان و گومركەكانەوە داهاتی دەوڵەتی ئیتحادی لەپشكی 17% ی هەرێم دەبڕێت.
6. ئەم بەشە پشكەی هەرێم 17% لە ئێستادا كە ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم 1 ملیۆن و 400 هەزار كەسە بەش ناكات.. ئەی ئەو كات فەرمانبەرانی زیادە چۆن بودجەیان بۆ دابیندەكرێت و لەلایەن كێوە؟ كە دەبوایە بە ژمارەی تەواوی فەرمانبەرانی هەرێم یاساكە پەسەندبكرایە.یان ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمی ڕاستەقینە چەندە و چۆن مووچەیان دەدرێت ؟ یان ئەوەتا ئەو ژمارە زۆرەی هەرێم ڕاستەقینە نیە؟ كە ئەم خاڵە دەبوایە ڕۆشنتربوایە و گفتوگۆی زیاتری لەبارەوە بكرایە.كە لە ئێستادا بۆتە جێگەی جیاوازی لەنێوان بەغداد و هەرێمدا و هەریەكەیان ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێم بە جیاواز لە یەكتری دادەنێن.
7. بەپێی مادە 9/ سێیەم / خاڵی ا و ب// فرۆشتنی نەوتی هەرێم و عێراقیش تەنها لەدەسەڵاتی كۆمپانیای (( سۆمۆ))دایە و داهاتەكانیش هەمووی دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەتی فیدڕاڵی. بۆیە هەرێم هیچ دەسەڵاتێكی فرۆشتنی نەوتی نامێنێتەوە.
8. بڕینی ڕێژەی 8ر3% لە كۆی مووچەی هەموو فەرمانبەرانی عێراق بۆ حەشدی شەعبی.كە ئەمەش تەنها بۆ بەهێزكردنی ئەم گردبونەوە چەكداریە (( شیعیەیە)) لە پاڵ سوپای نیزامی عێراقیدا.
9. لە مادەی 19// هاتوە كە شایستە داراییەكانی كۆمپانیا نەوتیەكانی كوردستانیش لە پشكی 17%ی هەرێم دەدرێت.كە لێرەشدا لە بنچینەدا بەشە بودجەكە بەشی مووچەی فەرمانبەران ناكات ، ئیدی چۆن جێگەی ئەم خەرجیەش دەبێتەوە.
• لە كۆتاییدا ، بە ئاشكرا دیاربووكە پەسەندكردنی ئەم یاسایە ئاسان نیە و هەوڵ و ماندووبونی زۆری گەرەك بوە لەلایەن پەڕلەمانتارە كوردەكانەوە، بۆیە مایەی دەستخۆشیە ، لەگەڵ ئەو تێبێنی و خاڵە لاوازانەی كە لەیاساكەدا هەیە، بەڵام لە ئێستادا و دوای پەسەندكردنی یاساكە ئەركی هەمووانە لە هەرێمی كوردستان و بەغدادیش پابەندبن بە جێبەجێكردنیەوە نەك وەك ساڵانی پێشووتر تەنها وەك مەرەكەبی سەر كاغەز بمێنێتەوە.
بۆئەم هەنگاوەش هەم فشاری سیاسی و حیزبی و جەماوەری یەكگرتوی گەرەكە لەناوخۆی هەرێم و لەسەر بەغدادیش و تابكرێت هەموان پێكەوە بن نەك دوور لەیەكتر و جیاواز لە بیروبۆچوون و ، پێویستە هەموان بەرژەوەندی میلەت و قوتی خەڵكی هەژار و برسی لەبەرچاو بگرن نەك دەسكەوتی تەسكی بچوكی حیزبی و سیاسی.

پـــەیـــوەنــدیــدار