هەموو سالێک لەسەرتاسەری ئەوروپاو بەتایبەتی ئەڵمانیا ڕۆژی ١٦/٣ ڕۆژی کیمیابارانی هەڵەبجەو شەهیدکردنی پێنج هەزار گوڵاڵە سورە..کوردستانیان بەماتەمی دەوەستن و بەچالاکی جۆراوجۆر پەیامی زامی هەلەبجە ئەدەن بەگوێی دنیاداو داوادەکەن هەڵەبجە بەتراژیدیای جینۆسایتی گەلێکی زوڵملێکراو بناسرێ..ئەمساڵیش وەک ساڵانی دی کوردستانیان ..
*لەشارەکانی(نۆرنبێرگ،دارمشتات.هانۆڤەر،بەرلین،بریمەن،مانهایم لودڤیکسهاڤن)و:
چەندین شارو شارۆچکەی تری ئەڵمانیا یادی هەڵەبجە بەرز ڕاگیرا،لەهەریەکێک لەو شارانە کوردستانیان،حزب و لایەنە کوردستانیەکان،ڕەوەندی کوردی بەگشتی بەچالاکی جۆراو جۆرو وتارونمایش وێنەو ئاڵای کوردستان ولاونەوە ئازارەکانی هەڵەبجەو ئەو زامەی کەبۆتە لەکەی شەرم بەناوچەوانی مێژووی عێراقی فاشیزمی سەدام حسێنەوە گەیاندە حکومەت وشەقامی ئەڵمانی..لەیادی ئەمساڵدا مۆم بۆ رۆحی هەزاران شەهیدی ئەم شارە ڕەشپۆشە داگیرسێندراو لەلایەن کوردستانیانەوە گوڵ دەکرا بەوێنەی ئەو ئەزیزانەی کەبوونە قوربانی..لەشاری نۆرنبێرگ هونەرمەند کامیل ئەحمەد بەنمایشێکی وێنەیی سەدام وعەلی کیمیاوی بەقوربانیانی هەلەبجەوە بەستبوەوە لەشێوەی شریتی تراژیدیای کیمیابارانی هەڵەبجەدا لەلایەن ئەو جەلادانەوە بەشێوەیەک کەمەودایەکی لەماناو تاوانەکانی ئەو زامەی بەوردەکاری چەند ئاماژەیەکەوە بۆ رەنگەکان بەرجەستەکردبوو..وەک ئەوەی پێمان بڵێ ئازاری هەڵەبجە چەتری کۆکردنەوەی هەمومانەو خەمی هاوبەشی نیشتمانەو کیمیاباران ڕەنگێکە هەموو ڕەنگەکانی لەخۆی داکۆکردۆتەوەو،ڕەنگی کوردبوونە..!!لەدیمەنەکەدا ئازاری هەموو ڕەنگەکان ببوە ئازاری کوردو نیشتمانێکی سوتماککراو،دەمامک و وێنەو ،ئاڵای کوردستان و گوڵی رێزو مۆمی داگیرساوی ئازارو وتاری خەماوی و لاوانەوەو شانۆگەری تابلۆی هەڵەبژاردەی شەهیدبوو..لەم یادەدا چەندین کەسی ئەلمان بەسۆزەوە سەیری وێنەکانی هەڵەبجەیان دەکردو هاوسۆزیان دەردەەبڕی ژنێکی ٨٠ ساڵە لەنۆرنبێرگ و لەبەەردەەم کەنیسەی”لۆرەنس کیرشەدا”وێنە بەوێنەی هەڵەبجەی دەخستە سەردەستی و لەگەڵیا دەگریاو بەبێدەنگی هەناسەی هەڵدەکێشا..!..لەپەیامی ساڵوەگەری هەڵەبجەدا بەزمانەکانی ئەڵمانی و کوردی داوا لەحکومەتی ئەڵمانیا کرا هەڵەبجە بەجینۆساید بنانسێنن و ئەو کۆمپانیا ئەڵمانیانە سزابدەن کەکیمیاویان بەعێراق فرۆشتووەو داواشیانکرد قەرەبوووی کەسوکاری قوربانیەکان بکەنەوەو بریندارانی هەڵەبجە چارەەسەرکەن و رێگەش نەدەن جارێکی تر ئەو مێژووە تاڵە خۆی دوبارە بکاتەوە.. داوایانکرد ڕێگە لەرژێمی تورکی بگرن کەدەیەوێت ناوچەکە بکات ناوچەیەکی نائارام و هەڵمەتی کورد کوشتن و سیاسەتی شەرخوازانەی بەرامبەر بەکورد پێ ڕابگرن..لەیادی ئەمساڵدا لەشارەکانی ئەڵمانیا پلاکات و دروشمی جۆراوجۆرو ڕاگەیاندن و پێناسەی ئەو ڕۆژە بەزمانی ئەڵمانی دەبەخشرایە میوانانی ڕێوڕەسمەکە.
شیهاب عوسمان- ئەڵمانیا:
فۆتۆی.. تایەرباراوی،کامیل ئەحمەد