بە فشاری یەکێتی بەغدا داواکاریەکانی پارێزگای کەرکوك جێبەجێ دەکات

بە فشاری یەکێتی بەغدا داواکاریەکانی پارێزگای کەرکوك جێبەجێ دەکات

دوای فشارەکەی یەکێتی بۆ ڕاگرتنی ھەناردەی نەوتی کۆمپانیای باکور، وەزیری نەوتی عیراق بەڵێن بەپارێزگاری کەرکوک دەدات سەرجەم داواکارییەکانیان جێبەجێبکات، بەرپرسێکی یەکێتیش ڕایدەگەیەنێت: جگە لە نۆژەنکردنەوەی پاڵاوتگە کۆنەکە، پاڵاوتگەیەکی دیکەش لە شارەکە دروستدەکرێت.

غەفور ساڵح، جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی کەرکوکی یەکێتیی نیشمانیی کوردستان، بە SNNی ڕاگەیاندوە: ھێزی ئێمە بەدرێژایی شەڕی داعش لەبەرەکانی جەنگ و لەسنوری کۆمپانیای نەوتی باکوردا بوون و پارێزگارییان لەناوچەکە کردووە، ئامانجیشمان داگیرکردنی ھیچ شوێنێک نەبووە.

وتیشی:” لەماوەی ڕابردوودا بەپشتیوانی جەماوەری کەرکوک، یەکێتی فشاری دروستکرد بۆئەوەی ڕێکەوتنەکەی نێوان د. نەجمەدین لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عیراق جێبەجێبکرێت، لەدوو ڕۆژی ڕابردووشدا وەزیری نەوت پەیوەندی بەپارێزگاری کەرکوکەوە کردووەو بەڵێنی جێبەجێکردنی سەرجەم بڕگەکانی ڕێکەوتنەکەی پێداوە”.

بەوتەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی، بەغدا بەڵێنیداوە پاڵاوتگە کۆنەکەی کەرکوک، کە بەرھەمەکانی بەشی پێداویستیی ھاوڵاتیانی شارەکە ناکات، نۆژەن بکرێتەوەو پاڵاوتگەیەکی دیکەش بەشێوەی وەبەرھێنەران دروسبکرێت و لەڕێگەی تەندەرەوە بدرێتە بەڵێندەران.

غەفور ساڵح جەختیشکردەوە، بەغدا بەڵێنی جێبەجێکردنی داواکارییەکانیانی داوە، ئەو فشارەی یەکێتیش دروستی کرد، داواکاری خەڵک بوو، ئاشکراشیکرد: بەڵێنی سەر کاغەزیان ناوێت ئەگەر ھەموو داواکارییەکانی خەڵکی کەرکوک جێبەجێنەکرێن، ھەڵوێستی دیکەیان دەوێت.

پـــەیـــوەنــدیــدار