ئامادەکاریەکان بۆ هێرش کردنە سەر شەنگال دەستی پێکرد، پارتی گەمارۆ دەخاتە سەر ناوچەکە

ئامادەکاریەکان بۆ هێرش کردنە سەر شەنگال دەستی پێکرد، پارتی گەمارۆ دەخاتە سەر ناوچەکە

پارتی دیموکرات بەدروستکردنی گەمارۆی ئابوری لەسەر شنگال و ڕفاندنی ھاوڵاتیانی ئێزیدی تۆمەتباردەکرێت، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی شنگالیش ڕایدەگەیەنێت:” پیلانێک لەئارادایە بۆئەوەی قات و قڕی لەناو ئێزیدییەکان دروستببێت و ڕێگەش بەکارکردنیان نادەن”.
سەرحەد شنگالی، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی شنگال و فەرماندەی یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە)، بە SNNی ڕاگەیاندوە: دوای دروستبوونی ئاڵۆزییەکانی شنگال، چەکدارانی پێشمەرگەی ڕۆژ کە سەر بە پارتین، گەمارۆیەکی توندی ئابوریان خستۆتەسەر کۆمەڵگەی خانەسۆرو شنگال و تەواوی ناوچەکانی ئێزیدی، ھاوکات لەگەڵ بازگەی سحێلا، بازگەیەکی تایبەتیشیان لەخانەسۆر کردۆتەوە.
بەوتەی بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی شنگال، چەکدارانی پارتی ژمارەیەک بازگەیان داناوەو کەسایەتییە ئێزیدییەکان دەکەنە ئامانج و دەیانڕفێنن، دەشڵێت: ” ھەر ئێزیدییەک بیەوێت بچێتە ناو خانەسۆرەوە، لێکۆڵینەوەی وردی لەگەڵ دەکەن”.
ئاشکراشیکرد: ماوەی دوو رۆژە ھاوڵاتییەک بەناوی ساڵح ئیدی، لەبازگەی دووەمی سحێلا لە خانەسۆر، لەلایەن چەکدارانی پارتییەوە ڕفێندراوەو تائێستاش بێسەروشوێنە.
سەرحەد شنگالی، پارتی دیموکرات تۆمەتباردەکات بەھەوڵدان بۆ دروستکردنی قاتوقڕی و دەشڵێت: ” پارتی پیلانی دروستکردنی قات و قڕی لەناو ئێزیدییەکانی گرتۆتەبەرو ڕێگەش بەکارکردنیان نادەن و ئابڵوقەیەکی نوێی خستۆتە سەرمان”.
لای خۆیەوە وەزیری بەرگری تورکیا ئاشکرایکرد، ئەوان بڕیاریانداوە ھێز جوڵە پێبکەن بەمەبەستی ھێرشکردنەسەر گەریلاکانی پەکەکەو ئەو ھێزانەی تریش کە سەر بەپەکەکەن، ڕاشیگەیاند، “بەھەموو شێوەیەک ھاوکاریی پێشمەرگەی ڕۆژ دەکەن”.
فکرەت ئیشک وەزیری بەرگری تورکیا بەکەناڵی ھەواڵیی تورکیای ڕاگەیاندوە، “ھاوکاریی پێشمەرگەکانی ڕۆژ دەکەین لەدژی گەریلاکانی پەکەکە بۆ ئەوەی پەکەکە لەشنگال دەربکرێت”.

وەزیری بەرگری تورکیا ئەوەشی ڕونکردەوە، بەنیازن ئۆپەراسیۆنی سەربازی لەوشارە دەستپێبکەن، “بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکانی کوردستان دانوستانمان ئەنجامداوە”.

ئەوەشی ئاشکراکرد، “سەربازانی سوپای تورکیاو پێشمەرگەی ڕۆژ پێکەوە ئۆپەراسیۆنی دەرکردنی پەکەکە لەشنگال ئەنجامدەدەن”.

س: SNN

پـــەیـــوەنــدیــدار