چەندین کەسایەتی ناسراوی ناو پارتی لە ڕووداوی ته‌مومژاویدا گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن

چەندین کەسایەتی ناسراوی ناو پارتی لە ڕووداوی ته‌مومژاویدا گیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن

له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا سێ كه‌سایه‌تی ناسراوی ناو پارتی دیموكراتی كوردستان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌، كه‌ هه‌ریه‌ك له‌وانه‌ له‌ڕووداوێكی ته‌مومژاویدا بووه‌و به‌ئاشكرا هۆكاری گیان له‌ده‌ستدانه‌كانیان تائێستا دیارنییه‌، ته‌نها ئه‌وه‌ نه‌بێت له‌لایه‌ن پارتییه‌وه‌ یان پۆلیسی هه‌ولێره‌وه‌ راگه‌یه‌ندراوێك بڵاوكراوه‌ته‌وه‌و دواتر بێده‌نگی له‌ڕووداوه‌كه‌ كراوه‌و ورده‌كاری و ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كانیان بڵاونه‌كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ ئه‌وانیش هه‌ریه‌ك له‌ (فه‌ره‌یدون جوانڕۆیی و غازی ئه‌تروشی و نه‌جیم تۆفیق)ن.

* له‌مانگی 4ی ئه‌مساڵدا نه‌جیم تۆفیق ناسراو به‌پڵنگه‌كه‌ی زێره‌ڤانی له‌ڕووداوێكی ته‌مومژاویدا خۆی كوشت. دوای رووداوه‌كه‌ش به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر چۆنیه‌تی خۆكوشتنی عه‌مید (نه‌جیم تۆفیق) ناسراو به‌پڵنگه‌كه‌ی زێره‌ڤانی له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاوكرده‌وه‌.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتبوو: رۆژی 21-4-2015 كاتژمێر 8:30ی به‌یانی پۆلیس ئاگاداركرانه‌وه‌ به‌بوونی رووداوێكی خۆخنكاندن له‌چاكسازی گه‌وران، دوای گه‌یشتنی تیمه‌كانی پۆلیس و به‌ڵگه‌ی تاوان بۆ شوێنی رووداوه‌كه‌ ده‌ركه‌وت كه‌سێك به‌ناوی (ن.ت.م) ناسراو به‌ (پڵنگ) له‌گه‌رماوی زیندان به‌هۆی جلوبه‌رگه‌كه‌یه‌وه‌ كۆتایی به‌ژیانی خۆی هێناوه‌.

له‌كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتبوو: دوای هه‌ڵگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی پزیشكی دادی رزگاری كراوه‌، هه‌روه‌ها دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ بۆ رووداوه‌كه‌ كرایه‌وه‌ له‌لایه‌ن پۆلیس.

* له‌مانگی 8ی ئه‌مساڵیشدا (فه‌ره‌یدون جوانڕۆیی) گیانیله‌ده‌ستدا، كه‌ سه‌ره‌تا وا بڵاوكرایه‌وه‌ گوایه‌ به‌كاره‌ساتی ئۆتۆمبێل گیانی له‌ده‌ستداوه‌، به‌ڵام به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا ئه‌و هه‌واڵه‌ی به‌درۆخسته‌وه‌.

له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پۆلیسی هه‌ولێردا هاتبوو: (فه‌ره‌یدون جوانڕۆیی) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و فه‌رمانده‌ی میحوه‌ری خازری هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان به‌كاره‌ساتی ئۆتۆمبێل گیانی له‌ده‌ستنه‌داوه‌، به‌ڵكو ده‌ستڕێژی گولـله‌ی لێكراوه‌.

هه‌ر له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتبوو: دوای ئه‌وه‌ی له‌شه‌وی 24/25-8-2015 كاتژمێر 12:39 به‌هۆی رووداوێكی هاتوچۆه‌وه‌ له‌سه‌ر رێگای هه‌ولێر – خه‌بات، فه‌رمانده‌ فه‌ره‌یدون جوانڕۆیی و یه‌كێك له‌پاسه‌وانه‌كانی شه‌هیدبوون و دوو پاسه‌وانی تریش برینداربوون كه‌ ئۆتۆمبێلێكی سه‌ربازی درع خۆی پێدا كێشابوون.

له‌به‌شێكی تری راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتبوو: دوای كردنه‌وه‌ی دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌و وه‌رگرتنی وته‌ی شاهیدانی رووداوه‌كه‌و پشتبه‌ستن به‌كامێرای چاودێری نزیك له‌شوێنی رووداوه‌كه‌، ده‌ركه‌وت كه‌وا له‌سه‌ره‌تای رووداوه‌كه‌ ئۆتۆمبێلكی جۆری لاندگرۆز سپی به‌دوای ئۆتۆمبێلی شه‌هید (فه‌ره‌یدون جوانڕۆیی) ده‌بێت له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ میحوه‌ری خازر كه‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌ دوای هه‌وڵدانێكی زۆر پێشیان لێده‌گرێته‌وه‌و دوای ئه‌وه‌ی ده‌كه‌وێته‌ نزیك ئۆتۆمبێلی شه‌هید (فه‌ره‌یدون) تاوانباران ته‌قه‌ی لێده‌كه‌ن، ئینجا شۆفێری ئۆتۆمبێله‌كه‌ی شه‌هید فه‌ره‌یدون هه‌وڵده‌دات به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت خۆی ده‌رباز بكات، بۆیه‌ رێڕه‌وی ئۆتۆمبێله‌كه‌ی ده‌گۆڕێت. له‌هه‌مانكاتدا ئۆتۆمبێلێكی جۆری درعی سه‌ربازی كه‌ ئه‌ویش هی تاوانباره‌كانه‌ روبه‌ڕوو خۆی پێدا ده‌كێشێت و له‌ئاكامدا ئۆتۆمبێلی شه‌هید (فه‌ره‌یدون) گڕده‌گرێت و ده‌بێته‌ هۆی شه‌هیدبوونی.

له‌كۆتایی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌شدا هاتبوو: دواتر توانرا تاوانباره‌كان ده‌ستنیشانبكرێن و ده‌ستگیربكرێن كه‌ پێكهاتوون له‌ 5 كه‌س به‌ناوه‌كانی (ب. ع. م)، (ح. ع. م)، (م. ع. ا)، (یـ. ع. ا) و (ن. ێ. ب)، كه‌ هه‌رپێنجیان سه‌ر به‌خانه‌واده‌ی (ێ. ێ. ع)ن و دوژمندارن له‌گه‌ڵ خانه‌واده‌یه‌ك به‌ناوی (ن.ع)، به‌پێی وته‌ی خۆیان‌ وایانزانیوه‌ دوژمنه‌كه‌یانه‌ به‌گوللـه‌ هێرشیان كردووه‌ته‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی شه‌هید (فه‌ره‌یدون جوانڕۆیی) و دواتر به‌ئۆتۆمبێل خۆیان پێدا كێشاوه‌. دوای وه‌رگرتنی وته‌یان هه‌رپێنجیان دانیان نا به‌تاوانه‌كه‌یان. به‌ڕێز دادوه‌ری لێكۆڵینه‌وه‌ش بڕیاریدا به‌ به‌ندكردنیان به‌پێی مادده‌ (406) له‌یاسای سزادانی عیراقی. ئێستاش تاوانباره‌كان به‌ندن و لێكۆڵینه‌وه‌ش به‌رده‌وامه‌ بۆ گه‌یشتن به‌سزای خۆیان.

جێی باسه‌، وه‌ك له‌سه‌رچاوه‌ ره‌سمییه‌كان بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ باپیری فه‌ره‌یدون جوانڕۆیی-ش پێش 103 ساڵ تیرۆركراوه‌.

* له‌لایه‌كی تریشه‌وه‌و دوای مانگێك و له‌مانگی 9ی ئه‌مساڵدا غازی ئه‌تروشی به‌رپرسی پێشووی دادگای سه‌ربازی كوردستان له‌كاتی ده‌وام له‌فه‌رمانگه‌كه‌ی خۆی كوشت.

سه‌باره‌ت به‌و رووداوه‌ش، سه‌رچاوه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ ئاسایشی هه‌ولێر له‌وكاته‌دا به‌ PUKmedia ی راگه‌یاندوە: رۆژی 8/9/2015 غازی ئه‌تروشی به‌رپرسی دادگای سه‌ربازی كوردستان له‌كاتی ده‌وام له‌فه‌رمانگه‌كه‌ی خۆی له‌شاری هه‌ولێر خۆی كوشت.

له‌باره‌ی ئه‌و هه‌واڵه‌ی بڵاوكرابووه‌وه‌ گوایه‌ له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا كوژراوه‌، ئه‌و سه‌رچاوه‌یه‌ وتی: هه‌واڵی كوشتنی غازی ئه‌تروشی له‌به‌رده‌م ماڵه‌كه‌ی خۆیدا دووره‌ له‌ڕاستییه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و به‌رپرسه‌ له‌فه‌رمانگه‌كه‌ی خۆی، خۆی كۆتایی به‌ژیانی هێناوه‌.

هه‌ر له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌یه‌كیش له‌وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ به‌ PUKmedia ی راگه‌یاندوە: به‌پێی زانیارییه‌كانی ئاسایشی هه‌ولێر غازی ئه‌تروشی له‌فه‌رمانگه‌كه‌ی خۆی كوشتووه‌و هه‌واڵه‌كه‌ی پشتڕاست كرده‌وه‌.

جێی باسه‌، ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدا بوو كه‌ غازی ئه‌تروشی نزیكه‌ی ماوه‌ی دوو ساڵ بوو خانه‌نشین كرابوو و له‌پۆستی به‌رپرسی دادگای سه‌ربازی نه‌مابوو.

له‌كۆتاییدا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكرێت كه‌ بۆچی تائێستا ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌لایه‌ن پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه‌ یان ئاسایشی هه‌ولێره‌وه‌ بڵاونه‌كراونه‌ته‌وه‌؟ بۆچی هه‌ریه‌كه‌یان به‌شێوه‌یه‌كی ته‌مومژاوی و وا گیانیان له‌ده‌ستداوه‌ كه‌ جێی باوه‌ڕكردن نیه‌؟ به‌ڵكو ته‌نها به‌ڕاگه‌یه‌ندراوێك كۆتایی به‌ڕووداوه‌كه‌ هێنراوه‌، كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌بێته‌ هۆی ترس و دڵه‌ڕاوكێ لای هاووڵاتیانی كوردستان به‌گشتی و لایه‌نگرانی پارتی به‌تایبه‌تی كه‌ ترسێك له‌دڵیاندا دروستببێت رۆژێك ئه‌وانیش له‌ڕووداوێكی نادیاردا گیانله‌ده‌ست بده‌ن.

س:pukmedia

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە