ئاسۆ مامه‌ند: ئه‌نفال به‌ جینۆساید بناسێنرێت

ئاسۆ مامه‌ند: ئه‌نفال به‌ جینۆساید بناسێنرێت

له‌ بروسكه‌یه‌كی ماته‌مینیدا بۆ یادی 29 ساڵه‌ی كاره‌ساتی به‌دناوی ئه‌نفال ئاسۆ مامه‌ند ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوك داوا ده‌كات كار بۆ ئه‌وه‌ بكرێت ئه‌نفالی كورد به‌ جینۆساید بناسێنریت،

ئه‌مه‌ش ده‌قی بروسكه‌كه‌یه‌:

29  ساڵ به‌ر له‌ ئێستا، نه‌ته‌وه‌ی كورد كه‌وته‌ به‌ر شاڵاوێكی مه‌ترسیدارو دڕندانه‌ی حزبی به‌عسی ره‌فتار فاشی و له‌ پڕۆسه‌یه‌كی به‌رنامه‌ بۆ داڕێژراودا (182) هه‌زار مرۆڤی كورد جینۆساید كراو، به‌ هه‌زاران گوندیش وێران كران و، كه‌رتی ئابوری و كشتوكاڵیش به‌ ته‌واوه‌تی خاپوركرا. بۆ ره‌واییدان به‌و كاره‌ی، به‌عس ناوی “ئه‌نفال”ی لێنا!

له‌ بیره‌وه‌ری مه‌رگه‌ساتی (29) ساڵه‌ی پڕۆسه‌ی جینۆسایدی گه‌لی كورد، داوا له‌ ئازادیخوازانی دونیاو دادگای تاوانی نێوده‌وڵه‌تی و رێكخراو و وڵاتانی دیمۆكراسیخواز ده‌كه‌ین؛ به‌ ره‌سمی ئه‌و تاوانه‌ به‌ جینۆساید بناسێنن و ته‌حریم و ته‌جریمی ئه‌و پڕۆسه‌یه‌ بكه‌ن، كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌رێك ده‌چێته‌ چوارچێوه‌ی پاكتاوی نه‌ژادی و، مه‌به‌ست لێی جینۆسایدی نه‌ته‌وه‌ی كورد بووه‌!

له‌ سه‌ده‌ی بیست و یه‌كیشدا، كوردانی ئێزدیی جینۆساید كران كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی تاقمی تیرۆرستی داعش ئه‌نجامدرا كه‌ درێژكراوه‌ی هه‌مان عه‌قڵ و ویستی شه‌ڕانگێزیی بوو كه‌ پێشتر حزبی به‌عسی له‌ناوچوو ده‌رهه‌ق به‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌مان ئه‌نجامیدا!
به‌ڵام گه‌لی كورد، قاره‌مانانه‌ به‌رامبه‌ر به‌م پاكتاوه‌ نه‌ژادییه‌ خۆی راگرت و به‌رپه‌رچی دانه‌وه‌.

ئاسۆ مامه‌ند
ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی و لێپرسراوی مه‌ڵبه‌ندی دووی كه‌ركوك

پـــەیـــوەنــدیــدار