مەکتابی سیاسی یه‌كێتی وه‌ڵامی هه‌فته‌نامه‌ی ئاوێنه‌و هۆشیار سیوه‌یلی ده‌داته‌وه‌

مەکتابی سیاسی یه‌كێتی وه‌ڵامی هه‌فته‌نامه‌ی ئاوێنه‌و هۆشیار سیوه‌یلی ده‌داته‌وه‌

روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان-ه‌وه‌

هه‌فته‌نامه‌ی (ئاوێنه‌) له‌ژماره‌ی رۆژی (18/4/2017)دا، مانشێتی سه‌ره‌كی له‌ چوارچێوه‌ی قسه‌كانی به‌رێز هوشیار سیوه‌یلی به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان داڕشتووه‌ كه‌ “زۆربه‌ی ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دان په‌رله‌مان كارانه‌كرێته‌وه‌و ریفراندۆم ئه‌نجام بدرێ”.

بۆ ڕای گشتی كوردستان روونیده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ هێشتا گفتوگۆكان له‌باره‌ی چۆنێتی ئه‌نجامدانی ریفراندۆم كۆتایی نه‌هاتووه‌و له‌قۆناغی ڕاگۆڕینه‌وه‌و راوێژكردندایه‌، ئه‌و كۆمیته‌یه‌ی كه‌ وابڕیاره‌ له‌نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و پێكهاته‌كانی گه‌لی كوردستان پێكبهێنرێ بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ئه‌م پرسه‌ یه‌كلایی ده‌كه‌نه‌وه‌.

بۆچوونی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌مباره‌یه‌وه‌ روونه‌، كه‌ ناكرێ به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ سیاسیه‌كان و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان، به‌بێ كۆده‌نگیه‌كی نیشتمانی بتوانری پرۆسه‌ی ریفراندۆم ئه‌نجامبدرێ. هه‌روه‌ها هیچ پرسێك له‌سه‌ر پرسێكی تر په‌كنه‌خه‌ین، چونكه‌ له‌رووی بابه‌تیه‌وه‌ له‌دوای تێكشكاندنی یه‌كجاره‌كی داعش، دۆخێكی هه‌ستیار دێته‌ئاراوه‌، ده‌بێ هه‌وڵبدرێ هه‌موو پرسه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ چاره‌ بكرێن.

پێكهێنانی وه‌فدی هاوبه‌شی یه‌كێتی و پارتی له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه‌ نیه‌، كه‌ به‌بێ په‌رله‌مان ریفراندۆم ئه‌نجامبدرێ، به‌ڵكو له‌و پێناوه‌شدایه‌، كه‌ ده‌روازه‌یه‌كی نوێی چاره‌سه‌ری گشتی كێشه‌كان بدۆزرێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و پێكهێنانی كۆمیته‌یه‌كی كوردستانی بۆ به‌رنامه‌ڕێژی و سه‌رخستنی ریفراندۆم. سیاسه‌تی یه‌كێتی له‌باره‌ی مافی چاره‌نوس و ریفراندۆم و كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان روون و ئاشكرایه‌، له‌ دوایین كۆبونه‌وه‌شدا له‌گه‌ڵ پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ رۆشنی و به‌ڕاشكاوی هه‌ڵوێست و بۆچوونی له‌باره‌ی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌ خستۆته‌روو.

راگه‌یاندنی مه‌كته‌بی سیاسی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
18/4/2017

پـــەیـــوەنــدیــدار