بارزانی داوا لەلایەنەکان دەکات چارەسەرێک بۆ پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم بدۆزنەوە

بارزانی داوا لەلایەنەکان دەکات چارەسەرێک بۆ پرسی سەرۆکایەتیی هەرێم بدۆزنەوە

مەسعود بارزانی رایگەیاند لەپێناو چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی لەپڕۆسەی سیاسی هەرێمدا هاتوونەتە پێش، لەدەستپێكی ساڵی تازەدا لەگەڵ حیزبەكانی بەشدار لەحكومەت‌و پەرلەمان‌و لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ ئەوەی گرفتەكان نەمێنن‌و كەموكوڕی‌و كێشەكان دووبارەنەبنەوە.

ئەو قسانەی مەسعود بارزانی لەمیانی پەیامێكدا بووە، كە بەبۆنەی ساڵی نوێ‌ بڵاویكردووەتەوە، كە تێدا رایگەیاندووە لەساڵی نوێ‌ “پەرلەمان‌و حكومەت لەسەر بنەمایەكی تازە دەستبەكاردەبنەوە”، سەبارەت بەبابەتی سەرۆكایەتی هەرێمیش جارێكی تر داوا لەهەموو حیزبە مۆڵەتپێدراوەكانی هەرێمی كوردستان دەكات، كە لەگەڵ یەكتردا كۆببنەوەو كۆتایی بەم بابەتە بهێنن، یان بڕیار لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی سەرۆك بدەن، یان لەسەر دەستنیشانكردنی بەڕێزێك ڕێكبكەون، كە هەتا هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2017 ئەركی سەرۆكایەتیكردنی هەرێم بگرێتە ئەستۆو منیش بەهەموو توانایەك پاڵپشتی دەكەم، یانیش بڕیار لەسەر ئەوە بدەن تاوەكو هەڵبژاردنەكانی 2017 بارودۆخەكە بەوشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوەیش لەبەر شەڕو ئەو دۆخە تایبەتەی كە كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت.

هەروەها داواش دەكات، كۆتایی بەئیستغلالكردنی بابەتی سەرۆكایەتی بهێنرێت‌و چیتر بۆ ماندووكردنی خەڵك‌و قووڵتركردنی كێشەكان بەكارنەهێندرێت، هەروەها رایگەیاندووە “ئەوەی بەلای منەوە گرنگو پیرۆزە پێشمەرگایەتییەو ئەگەر لەهەر پۆست‌و پلەو پایەیەكدا بم هەموو هەوڵێكم دەخەمە گەڕ بۆ پاراستنی كوردستان‌و لەشەڕی داعش‌و كاركردن بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەم بەردەوامدەبم“.

بارزانی باسی لەوەش كردووە، دۆخی ئێستا ئەوە لەهەموومان دەخوازرێت لەجیاتی ڕكابەری‌و دژایەتی سیاسی، هەوڵی باشكردنی ژیانی خەڵكی كوردستان بدەین‌و سوود لەدەرفەتەكانی ئێستا وەربگرین، بەتایبەتی ناوچەكە لەگۆڕانكاری بەردەوامدایەو گەلی كوردستان ئێستا لەهەموو كات زیاتر داوای یەكڕیزیمان لێدەكات.

دەقی پەیامەكە:

بەبۆنەی ساڵی نوێی زایینی پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و هەموو جیهانیان دەكەم. هیوادارم ساڵی 2016 ببێتە ساڵی نەمانی شەڕ و تیرۆر و بەدیهاتنی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە كوردستان و هەموو شوێنێكی جیهاندا.

لە ساڵی 2015ـدا پێشمەرگە بۆ پاراستنی گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئاینییەكانییەوە قوربانی و خوێنێكی زۆریدا و، لەپێناو پاراستنی بەها مرۆڤایەتییەكان و ژیانی مەدەنی لە جیهاندا لەبەرامبەر گەورەترین هەڕەشەی سەردەمەدا فیداكارییەكی كەموێنەی نواند.

هەروەها ساڵی شكستدان و وەستاندنی داعش و ساڵی سەركەوتنە مەزنەكانیش بوو، لە هەمانكاتدا ساڵێكی پڕ لە قوربانیدان و سەختیی گوزەران بوو بۆ گەلی كوردستان. بەهۆی بەردەوامبوونی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكومەتی عێراق و دابەزینی نرخی نەوت و زۆریی خەرجییەكانی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و میوانداریی ملیۆنێك و هەشت سەد هەزار ئاوارە و پەنابەر، ئەمانە هەموویان گوزەرانی خەڵكی كوردستانیان زۆر سەختكردووە.

بەڵام كوردستان خاوەن گەلێكی بەهێز و زیندووە و دەتوانێ بە باشترین شێوە سوود لە سامانەكانی وەربگرێ. بۆیە دڵنیام ئایندەیەكی زۆر گەش چاوەڕێی دەكات. لەگەڵ ئەوەیشدا تێپەڕاندنی ئەو بارودۆخەی ئێستا، تەحەمولێكی زیاتری دەوێت و لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێ پایانی گەلی كوردستان بكەم بۆ خۆڕاگری و هەڵوێستی بەرپرسانەیان. هەروەها كوردستان پێویستی بە یارمەتیی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمانە بۆ ئەوەی گەلی كوردستان و هەموو جیهان لەشەڕی تیرۆردا سەركەون، بۆیە داوا لە هەموو ئەو دەوڵەتانە دەكەم یارمەتی پێشمەرگە و گەلی كوردستان بدەن.

هاونیشتیمانیانی خۆشەویست

لەپێناو چارەسەركردنی ئەو گرفتانەی لە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمدا هاتوونەتە پێش، لە دەستپێكی ساڵی تازەدا لەگەڵ حزبەكانی بەشدار لە حكوومەت و پارلەمان و لەپێناو بەرژەوەندیی گەلی كوردستان هەموو هەوڵێك دەدەم بۆ ئەوەی گرفتەكان نەمێنن و كەموكوڕی و كێشەكان دووبارە نەبنەوە و، پارلەمان و حكوومەت لەسەر بنەمایەكی تازە دەستبەكار ببنەوە. سەبارەت بە بابەتی سەرۆكایەتیی هەرێمیش جارێكی تر داوا لە هەموو حزبە مۆڵەتپێدراوەكانی هەرێمی كوردستان دەكەم كە لەگەڵ یەكتردا كۆببنەوە و كۆتایی بەم بابەتە بهێنن. یان بڕیار لەسەر سازدانی هەڵبژاردنی سەرۆك بدەن، یان لەسەر دەستنیشانكردنی بەڕێزێك ڕێكبكەون كە هەتا هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2017 ئەركی سەرۆكایەتیكردنی هەرێم بگرێتە ئەستۆ و منیش بەهەموو توانایەك پاڵپشتیی دەكەم، یانیش بڕیار لەسەر ئەوە بدەن تاوەكو هەڵبژاردنەكانی 2017 بارودۆخەكە بەوشێوەیەی ئێستا بمێنێتەوە، ئەوەیش لەبەر شەڕ و ئەو دۆخە تایبەتەی كە كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت. داوایش دەكەم كۆتایی بە ئیستغلالكردنی بابەتی سەرۆكایەتی بهێندرێت و چیتر بۆ ماندووكردنی خەڵك و قووڵتركردنی كێشەكان بەكار نەهێندرێت. ئەوەی بەلای منەوە گرنگ و پیرۆزە پێشمەرگایەتییە و ئەگەر لە هەر پۆست و پلە و پایەیەكدا بم هەموو هەوڵێكم دەخەمە گەڕ بۆ پاراستنی كوردستان و لە شەڕی داعش و كاركردن بۆ سەربەخۆیی وڵاتەكەم بەردەوام دەبم.

لە دۆخی ئێستادا ئەوە لە هەموومان دەخوازرێت لەجیاتی ڕكابەری و دژایەتی سیاسی، هەوڵی باشكردنی ژیانی خەڵكی كوردستان بدەین و سوود لە دەرفەتەكانی ئێستا وەربگرین، بەتایبەتی كە ناوچەكە لە گۆڕانكاری بەردەوامدایە و گەلی كوردستان ئێستا لە هەموو كات زیاتر داوای یەكڕیزیمان لێدەكات.

هەر بەم بۆنەیەوە داوا لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەم پلانی سەركەوتووانە دابنێت بۆ تێپەڕاندنی هەموو سەختییەكان و چاكسازییەكی بنەڕەتی ئەنجام بدات. دڵنیام گەلی كوردستان دەتوانێت بەسەر سەختییەكانی ئێستا و داهاتوو زاڵ ببێت و بەرەو ژیانێكی خۆشتر هەنگاو دەنێت. هاووڵاتیانی خۆشەویست لەوە دڵنیا دەكەمەوە كە ئاوەدانی و بووژانەوەی كوردستان دەستپێدەكاتەوە و كار بۆ ژێرخانێكی ئابووریی پتەو دەكرێت.

لێرەدا سەری ڕێز لەبەردەم یاد و ڕۆحی پاكی شەهیدانی پێشمەرگە دادەنەوێنم و ستاییشی تەحەممولی بریندارەكان دەكەم و هیوای چاكبوونەوەیان بۆ دەخوازم. سوپاسی ڕۆڵە خۆبەخشەكان دەكەم كە لە شەڕەكاندا قارەمانانە شانبەشانی هێزی پێشمەرگە لە سەنگەری بەرگری لە كوردستانن. سوپاسی گەلی كوردستان دەكەم كە لەم شەڕە دژوارەدا پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بوون و هەروەها بە پێویستیشی دەزانم سوپاسی وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان بكەم كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا پاڵپشتی پێشمەرگە بوون.

هیوادارم ساڵی 2016 ساڵی كۆتایهاتنی كێشە و قەیرانەكان و ساڵی سەركەوتنی گەلەكەمان بێت. ئومێد دەكەم لە ساڵی داهاتوودا ئاشتی و سەقامگیری باڵ بەسەر ناوچەكەماندا بكێشێت و كۆتایی بە هزری شەڕانگێزی تیرۆر و توندڕۆیی و ئینكار بێت و بەختەوەری و ئاسوودەیی

بۆ هەموو مرۆڤایەتی بێتەدی.

س:لڤین

پـــەیـــوەنــدیــدار

کـــۆمــێـنـت بــنــوســە